له‌و وڵاته چی ده‌گوزه‌رێ؟
هه‌ندێ له په‌رله‌مانتاره به‌رێزه‌كان، له فه‌یسبووك و شاشه‌كانه‌وه، هانی گه‌نجیان ده‌دا كه وڵاته‌كه‌یان به جێبهێڵن، دواتر له په‌رله‌مانه‌وه كۆبوونه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌كردن و بڕیاریان دا بچنه بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا، تا به قه‌ولی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، بزانن "له‌و وڵاته چی ده‌گوزه‌رێ؟" هه‌ر ئه‌وان وایان له گه‌نجان ده‌كرد، به زوویی كۆچ بكه‌ن، دواتریش گوشاریان له حكومه‌ت ده‌كرد كه بۆچی له بێلاڕووسه‌وه نایان هێنێته‌وه؟!
گه‌نجه به‌ڕێزه‌كانیش كه زۆرینه‌یان پێیان وایه له وڵاتی خۆیان (وێڕای كار و نان!) ئازادیشان نییه و عه‌وداڵی دیموكراسی و سه‌ربه‌ستین، كه‌چی له‌م هه‌موو عه‌رزی خوایه‌دا، چوونه‌ته بێلاڕووس وعه‌رزوحاڵ و شه‌كوای خۆیان بۆ (ئه‌لێكسانده‌ر لۆكاشینكۆ)بردووه، كه هه‌موو دنیا به دیكتاتۆری ده‌زانێت!
زانسته ده‌روونییه‌كان رێنمایی مرۆڤ ده‌كه‌ن كه به تووڕه‌یی بڕیار نه‌دات، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی زانستیشه‌وه، ئێمه هه‌ر كاتێك كه تووڕه ده‌بین، بڕیار ده‌ده‌ین حكومه‌ت بڕووخێنین، كۆچ بكه‌ین، گۆڕانكاریی بكه‌ین كه پێی ده‌ڵێین شۆڕش؟!
هه‌ندێ له مامۆستا به‌ڕێزه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه، له هاویندا هیچ خۆپیشاندانێك ناكه‌ن، چونكه ده‌وامیان نییه و پشوون. ده‌وه‌ستن تا ده‌وامی خوێندن ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه، دوای ئه‌وه ده‌ست ده‌كه‌ن به خۆپیشاندان و كه‌مپه‌ین و هه‌ڕه‌شه‌ی دواخستنی خوێندن. ئه‌وان ئاوا داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. وتوومه (هه‌ندێكیان!)
هه‌ندێ له پزیشكه به‌ڕێزه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه، هیچ كاتێك بایكۆتی كاری نۆڕینگه‌كانی خۆیانیان نه‌كردووه، به‌ڵكو ده‌وه‌ستن تا ده‌چنه‌وه نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان، له‌وێ ده‌ستیان ده‌كرد به خۆپیشاندان و بایكۆتی ده‌وام. به‌ڵام ئێوارانیش ده‌چوونه‌وه نۆڕینگه‌كانی خۆیان و كاریان ده‌كرد. ئه‌وان ئاوا داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. وتوومه (هه‌ندێكیان)
كه حه‌شدی شه‌عبی ویستی هه‌موو كوردستان داگیر بكات، خۆ هه‌موو كوردستان به‌رگریی نه‌كرد، هه‌ندێك له كورده به‌ڕێزه‌كان پێشوازییان لێ ده‌كردن و رێگه‌یان پیشان ده‌دان چۆن شوێنه‌كانی تریش داگیر بكه‌ن. ده‌سخۆشییان له عه‌باددی ده‌كرد و په‌سنی سوپا به‌زیوه‌كه‌یان ده‌دا، كه‌چی ئه‌مڕۆ له شاشه‌كانه‌وه ده‌ڵێن (سه‌ددی په‌نجاویه‌كی خاكمان له ده‌ستدا). ئه‌وان ده‌یانویست هه‌موو كوردستان بده‌نه‌وه به حه‌شدی شه‌عبی، كه‌چی كه بیانه‌وێت لۆمه‌ی حكومه‌تی كوردیی بكه‌ن، ده‌ڵێن خاكمان له ده‌ستدا!
لێره كه‌س قه‌بووڵی نییه وه‌ك موقه‌سیر و كه‌مته‌رخه‌م له هیچ روویه‌كه‌وه شرۆڤه بكرێت. هه‌موو كه‌س (جا له هه‌ر پله و پێگه‌یه‌كدا بێت!) پێی وایه خه‌تای ئه‌وی تره كه ئه‌م خۆش و باش و چاك ناژی. ڕه‌نگه ئێمه تاكه میلله‌تی سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی بین، كه زۆر به نادیموكراسییانه داوای دیموكراسی ده‌كه‌ین. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه پێی وایه له شوێنكه‌وه مافه‌كانی خوراوه، ده‌چن شه‌قامێك له‌و ئۆتۆمبێل و خه‌ڵك و رێبوارانه ده‌گرن و ناهێڵن تێپه‌ڕن، كه ئه‌وانیش له شوێنێكی تره‌وه پێیان وایه مافیان خوراوه.
هه‌تا شه‌قامه‌كانی ئه‌م وڵاته تێكنه‌چێت، فیته‌ره‌كان كاریان نابێت. هه‌تا خۆپیشاندان و خوێن روونه‌دات، رۆژنامه‌نووسه‌كان كاریان نییه، هه‌ر كاتێكیش شته‌كان به ته‌واوه‌تی تێك ده‌چن، هیچیان چاك ناكرێنه‌وه، به‌ڵكو موژده‌ی راگه‌یاندنی حیزبێكی تر ده‌درێت به گوێی خه‌ڵكیدا...