لافاوه قورسه‌كه به‌ڕێوه‌یه!
خه‌ڵك لێره هه‌ر به‌وه تووڕه نابێت كه نرخی كاڵا و شتومه‌كه‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه، ئه‌وان ته‌نانه‌ت به‌وه‌ش تووڕه ده‌بن كه نرخه‌كان داده‌به‌زن. ئێستا جووتیاره‌كان قه‌بووڵ ناكه‌ن نرخی ته‌ماته و په‌تاته دابه‌زێنرێت. كڕیاره‌كانیش ڕازی نابن نرخه‌كه‌یان به‌رز بكرێته‌وه. جوتیاره‌كان گله‌ییان هه‌یه له‌وه‌ی نرخی گه‌نم زۆر نزمه و قازانجی باش ناكه‌ن، نانه‌واكانیش تووڕه‌ن كه نرخی نان زۆر نزمه و ده‌خوازن به‌رزی بكه‌نه‌وه چونكه قازانج ناكه‌ن!
ئه‌و نانه‌وایه‌ی كه ده‌یه‌وێت نرخی نان به‌رز بكرێته‌وه، به‌وه تووڕه ده‌بێت كه نرخی كرێ تاكسی به‌رز بكرێته‌وه. ئه‌و شۆفێری تاكسییانه‌ی كه ده‌خوازن نه‌فه‌رێك به ده‌هه‌زار بگه‌یه‌ننه جێیه‌ك و هێشتاش پێیان كه‌مه، به‌وه تووڕه ده‌بن كه نرخی به‌نزین به‌رز بێته‌وه. خۆی كۆمه‌ڵگه ئه‌گه‌ر لێی گه‌ڕێیت و نه‌یخه‌یته ژێر گوشاره‌وه، به فیتڕه‌ت دادگه‌ر نییه. ئێستا واز له ده‌ستگێڕه‌كان بهێنه و گوشاریان له‌سه‌ر لابه، ده‌به‌یه‌ك شه‌ربه‌ت ده‌ده‌نه ده هه‌زار. نرخی شقارته و چه‌رخ ده‌فڕێنن، هه‌رچی كاڵای كه‌م نرخه، نرخی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه...
هه‌موویان پێیان ناخۆشه لافاو هه‌ستێت و ماڵه‌كانیان ته‌ڕ بێت، ناڕه‌حه‌ت ده‌بن كه مایه و ماڵیان ئاو بیبات، كه‌چی كه لافاو هه‌ڵده‌ستێ و كاره‌سات ده‌قه‌ومێ، نرخی مه‌سینه و ماسیحه، حه‌بل و جزمه و هه‌رچی كه‌ره‌سته‌ی تری خاوێنكه‌ره‌وه‌یه گرانی ده‌كه‌ن. ئه‌م لافاوانه‌ی پێشوو، هه‌ر به‌تانی و فه‌رش و سه‌لاجه و ئۆتۆمبێلی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برد، به‌ڵام لافاوه قورسه‌كه به‌رێوه‌یه، ئه‌مجاره كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌ف و ویژدانیشمان ئاو ده‌یبات!
په‌رله‌مانتاره ناڕازییه‌كان، گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر حكومه‌ت كه خه‌ڵك دابمه‌زرێنێت. دواتریش له سه‌ر شاشه‌كان ڕه‌خنه‌ی تووند له هه‌مان حكومه‌ت ده‌گرن و به قه‌ولی خۆیان "له هیچ وڵاتێكی دونیادا نییه سه‌ددی ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵك مووچه خۆر بێت". حكومه‌تی هه‌رێم وه‌كو پاسێكی 21 نه‌فه‌رییه، كه ناچار ده‌كرێت 65 كه‌س سوار بكات. گه‌ر سواریان نه‌كات، پاسه‌كه ده‌سووتێنن، كه سوواریشی كردن و نه‌یتوانی به باشی بڕوات، جنێو به شۆفێره‌كه‌ی ده‌ده‌ن كه بێتوانایه و پاسه‌كه‌ی خراپه!
بڕۆ بۆ لای فیته‌ره‌كان، هه‌ر كه بزانن فیولپه‌مپی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی تۆ له دوكانه‌كانی تری دراوسێی ده‌ست ناكه‌وێت، سه‌د دانه‌یان لابێت، به به‌های خوێنی باوكیان پێت ده‌فرۆشن. لاویاتریشه‌وه هه‌موویان ده‌خوازن ئه‌و شتانه‌ی خۆیان پێویستیان پێیه‌تی، حكومه‌ت یان به هه‌رزان بۆیان دابین بكات، یان گوشار له‌وانی تر بكات كه به هه‌رزان به‌می بفرۆشن!
كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موسوڵمان، كه به تێكڕا ئه‌گه‌ر ئاماری وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌كه‌ی وه‌ربگریت، له هه‌ر چه‌ند ڕۆژێكدا مزگه‌وتێكی دروست كردووه، كه‌چی له وه‌رز و هه‌یڤه پیرۆزه‌كانیدا، فرسه‌ت دێنێت و نرخی كاڵاكان به‌رز ده‌كاته‌وه. هه‌موو ساڵێك له یه‌كه‌م ڕۆژی ڕه‌مه‌زانه‌وه نرخی خورما به‌رز ده‌كاته‌وه. خه‌ڵك هه‌را و فه‌رته‌نه‌یه‌تی له سه‌ره‌ی شه‌ربه‌ت و چه‌ره‌ز و پاقله و خۆراكه ناپێویستییه‌كانی تر.