ژنێكی کرماشان لەلایەن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كوژرا

پیاوه‌كه‌ بە چەقۆ و تەور هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی كوشتووه‌
فاتیمه‌ سامتی، له‌ كرماشان له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كوژرا
فاتیمه‌ سامتی، له‌ كرماشان له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كوژرا

K24 - هه‌ولێر:

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگه‌یاند، پیاوێك له‌ كرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی بە چەقۆ و تەور کوشت.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو، شەوی هەینی (18ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) ژنێکی گەنجی خەڵکی کرماشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بە ناوی "فاتمە سامتی"، لەلایەن هاوسه‌ره‌کەیەوە بە چەقۆ و تەور کوژراوە.

رێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ژنە گەنجە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌ی كوژراوه‌.

ئاماژە به‌وه‌ش كراوه‌، له‌ هەمان رۆژ، ژنێکی گه‌نجی خەڵکی گوندی "زەردەڵان"ی سەر بە شاری هەلیلان، بە ناوی "تاهیرە شەفیعی"، (تەمەن 22 ساڵ)، لەلایەن خەزوورییەوە کوژراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2022، لانی کەم 6 ژن لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای کرماشان کوژراون.