كاك به‌رهه‌م كاندیدی خۆیشی نییه‌!

Kurd24

زۆربه‌ی یه‌كێتیه‌كان كه‌ لێی ناڕازی ده‌بن یان لێی تووڕه‌ ده‌بن، ده‌ڵێن: ئه‌م پیاوه‌، بۆ یه‌ك ڕۆژیش خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیی نه‌بووه‌‌ و له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕ و شۆڕشی كوردیدا، به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یه‌ندراوه‌ته ئه‌وروپا. هه‌ندێكی تر پێیان وایه‌ ئه‌و ته‌نیا به‌ هۆی ته‌كه‌تولات و ده‌سته‌گه‌ریی نێو یه‌كێتییه‌وه‌، بازه‌كه‌ی كۆشكی سه‌لامی به‌سه‌ره‌وه‌ نیشتووه‌ته‌وه‌. یه‌كێك له‌وانه‌ مامۆستا جه‌عفه‌ر ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتییه‌ كه‌ ده‌ڵێت: جاڵجاڵۆكه‌ى ته‌كه‌تولات نه‌بووايه،‌ كێ جه‌نابتى ده‌ناسى! 

ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ی خواره‌وه‌. شرۆڤه‌ی پێشتری مامۆستا جه‌عفه‌ره‌ بۆ به‌رهه‌م ساڵح:

"هه‌زار جار ڕووی زه‌مانه‌ ڕه‌ش بێت و هه‌زار نه‌فره‌ت له‌ مێژووی ته‌كه‌تولات و ده‌سته‌گه‌ری و فراكسیۆنسازیی ناو یه‌كێتی، پیاوی ئه‌وتۆی هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، له‌ هه‌موو شت ده‌چن به‌س له‌ (كاره‌كته‌ری سیاسی) نه‌بێت. ئارام شه‌هید ده‌بێت و شه‌هاب و جه‌عفه‌ر ئیعدام ده‌كرێن و عه‌لی عه‌سكه‌ری و دكتۆر خالد و عه‌لی هه‌ژار و كاردۆ گه‌ڵاڵی شه‌هید ده‌بن و هه‌ڵه‌بجه‌ كیمیایی باران ده‌كرێت و به‌رهه‌می ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ بۆ كورسی سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌ و ئه‌وه‌ش پێشكه‌شی به‌رێزتان ده‌كرێت. تا ساڵی 1991 ئه‌گه‌ر جاڵجاڵۆكه‌ی ته‌كه‌تولات نه‌بووایه‌، كێ جه‌نابتی ده‌ناسی! ئێستاش كارامه‌یی و ئازایی به‌ڕێزتان نه‌بوو كه‌ بوونه‌ سه‌رۆككۆمار، جارێكی تر ته‌كه‌تولات و ده‌رهاویشته‌كانی ڕیفراندۆم و گوشاری دژانی ڕیفراندۆم بۆسه‌ر ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، ئێوه‌یان بۆ سه‌ر شانۆ هێنایه‌وه‌!"

به‌رهه‌م ساڵح، كوڕی ڕۆژگارێكه‌ جگه‌ له‌ خۆی، هیچ كه‌س له‌ هاورێكانی، له‌و زیندانه‌ به‌ زیندوویی نه‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌وی لێ هاته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌و ئه‌مڕۆ ته‌مه‌نی 62 ساڵه‌ و هه‌شته‌مین سه‌رۆككۆماری عێراقه‌ و هه‌موو ڕێگه‌یه‌كی گرتووه‌ته‌به‌ر، تا ببێته‌وه‌ به‌ نۆیه‌مین سه‌رۆكی ئه‌و عێراقه‌ی كه‌ له‌ 19 ساڵی ڕابردوویدا، ته‌نیا له‌ خۆڵی بیابانه‌كانی، ڕێژه‌ی له‌ سه‌ددی حه‌ڤده‌ زیاتری به‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌. هه‌ر ئه‌مڕۆ كه‌ ئه‌م وتاره‌ی تیا ده‌نووسم، زیاتر له‌ سه‌ددی حه‌ڤده‌ی خۆڵی بیابانه‌كانی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی، به‌سه‌ر ئاسمانی هه‌ولێره‌وه‌یه‌...

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی جارێك وتبووی: به‌خوا ئه‌م كاك به‌رهه‌مه‌ هیچی نه‌ بۆ یه‌كێتی و نه‌ بۆ خۆیشی نه‌كردووه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیش پێی وتبوو: تۆ له‌وه‌ته‌ی سه‌رۆككۆماریت، ته‌نیا جارێكیش نه‌هاتوویته‌ته‌‌ كه‌ركووك.

به‌رپرسانی پارتییش پێیان وتبوو‌: كاك به‌رهه‌م، تۆ چوار ساڵ سه‌رۆككۆمار بوویت، یه‌ك ده‌ستكه‌وتی خۆتمان پێ بڵێ بۆ كوردستان تا ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ دانانه‌وه‌ی تۆ بین؟ ئه‌و‌ هه‌م لای پارتی و هه‌م لای یه‌كێتییه‌كانیش، هیچ ده‌ستكه‌وتێكی خۆیی پێ ناژمێردرێت چ بۆ حیزبه‌كه‌ی و چ بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یشی!

ئه‌و جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند گرفت و ململانێی سیاسیدا بووه‌، هاوكات گرفته‌ خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی، زۆرجار كاردانه‌وه‌ی (له‌ ڕق)دای پێ دروست كردووه‌.

كچێكی ماڵی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، (نازانم كامیان بوو!) ژنی براكه‌ی سه‌رباخی هاوسه‌ری به‌رهه‌م ساڵح بوو، ناكۆكی كه‌وته‌ نێوانیان و گه‌یشت به‌ ته‌ڵاق. به‌رهه‌م ساڵح لایه‌نی ماڵه‌ خه‌زورانی گرت و به‌ پاڵپشتیی مام جه‌لالیش كێشه‌كه‌ی بۆ‌ كۆتایی پێهێنرا. ئیدی له‌مه‌وه‌ ناكۆكی قووڵ و دابڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌وته‌ نێوان به‌رهه‌م ساڵح و هێڕۆخان له‌ لایه‌ك و ته‌واوی ماڵباتی ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش له‌ لایه‌كه‌ی تره‌وه‌.

ئه‌و تا ئه‌مڕۆیش له‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و ڕقه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا، حه‌زده‌كات هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك بگرێته‌ به‌ر تا ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆككۆمار و هاوسه‌ره‌كه‌یشی  له‌ ڕقی (چه‌ند كه‌سێك) بكاته‌وه‌ به‌ خانمی یه‌كه‌می عێراق. ده‌نا ئه‌و جگه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی حه‌زه‌ ده‌روونی و ده‌ستكه‌وته‌ ماددییه‌كانی، هیچ ئیشێكی تری به‌ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق نییه‌. ئه‌وه‌ ده‌ستووره‌ كه‌ ده‌ڵێت: سه‌رۆككۆمار پارێزه‌ری ده‌ستووره‌، ده‌نا سه‌رۆككۆمار هیچ به‌ند و بڕگه‌ و مادده‌یه‌كی ده‌ستووری نه‌پاراستووه‌. زیاتر له‌ په‌نجا مادده‌ی ده‌ستووری دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان پێشێلكراوه‌، ئه‌و هیچ كات قسه‌ی نه‌كردووه‌. كه‌واته‌ بۆچی ده‌بێت كه‌سێك بكرێته‌ نوێنه‌ر و سه‌رۆكی تێكڕای خه‌ڵك، له‌ كاتێكدا ئه‌و وه‌ك حیزبێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی كرد، سه‌ددی یه‌كی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بوو؟