ئەنفلۆوەنزای بەکەلۆریا.. هەڵپەی نمرەو تێکڕای بەرز!

Kurd24

هەژدە ساڵ لەمەوبەر بەو ناونیشانە وتارێکم بڵاوکردەوە. ئەوسا هیچ باسێکی ئەنفلۆوەنزای بەراز و پەلەوەر و رەشەوڵاخ و کۆرۆناش لەئارادا نەبوو. بەڵام بەندە ئەوسا و ئێستاش بڕوام وایە ئەو سیستمەی ناوی بەکالۆریاى پۆلی دوازدەی ئامادەییە، جۆرێکی کوشندەی ئەنفلۆوەنزایە و لە مانگی سیپتێمبەری هەموو ساڵێکدا سەرهەڵدەدات و تا کۆتایی ئۆگه‌ستسی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت. پاش ئارامییەکی کورتخایەن، سەرلەنوێ شەپۆلێکی نوێی سەرهەڵدەداتەوە!.

(ئەنفلۆوەنزای بەکەلۆریا) بەخێرایی بەناو کۆمەڵگەدا تەشەنەدەکات و بە دەیان هەزار خوێندکار و  دایك و باوك و هەزاران مامۆستا و بەڕیوەبەری خوێندنگە و سەپەرشتیار گیرۆدەی ئەم پەتایە دەبن. سەدان خوێندنگە و دەیان فەرمانگە، بە وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندرووستی، ناوخۆ و داراییشەوە، وەك بەرکەوتەی پەتاکە، دەکەونە بەر لێکەوتە و زەحمەتی بێ رەحمەتی ئەم بەڵایە. هەموو ساڵێك، خێزان، مامۆستا، خوێندنگە، فەمانگە و وەزارەتەکان هەریەكه‌و بەجۆرێك گیرۆدەی ڤایرۆسی (بەکەلۆریا) دەبن، بەڵام لە سەرەنجامدا خودی خوێندکارەکەیە کە (بەناچاری) داخڵی بەشی فریاکەوتنی خێرا و چاودێریی چڕ دەکرێت! ئیدی یان بە فریای دەکەون یان نا!. 

لاوانی تازەنەمامی ئەم وڵاتە، بە کچان و کوڕانیانەوە، فۆبیای تاقیکردنەوە و دڵەڕاوکێی دەرچوون و کەوتن، مۆتەکەی نمرەی نزم و تانەوتەشەری خانەوادە و خزم و ناسیار، هەناسەیان لێدەبڕێت.. لەو سەرەتای بەهاری تەمەنەیاندا، وەك گەڵای خەزان رەنگیان زەرد هەڵدەگەڕێت. ئەو چاوە گەشانەیان کە دەبووا پڕاوپڕ خۆشی و جوانییەکانی ژیان لەباوەش بگرن، ماندوو، بێ تین، بێ خەو، بە قووڵدا دەچن !!

نەکەی! نەچی! زوو نەخەویت! زوو لەخەو هەستە! پێمەکەنە! تەلەفۆن مەکە! گەشتی چی و سەیرانی چی؟ گۆرانی مەڵێ! زوو لە گەرماو وەرە دەرێ! مکیاژی چی و سەرتاشی چی؟ کافێ و رێستۆرانت بڤەیە! پێویست ناکات لەسەر خوانی نیوەڕوان و ئێواران کات بەسەربەریت! تەلەڤیزیۆن؟! وای لەو کوفرە! وەڵڵا بابە تەواومان کرد! ئینجا بۆ نایەیت بچین بۆ سینەماش !!

ئەبێ بمانبوورن، پێشوازی لە میوان ناکەین! گللـەیمان لێ مەکەن، بەخوا سەردانی هیچ کەس ناکەین؛ چونکە خوێندکاری بەکەلۆریمان هەیە!. دەنگی ئەو تەلەڤیزیۆنە کز بکە! خۆ ئەگەر بیکوژێنیتەوە باشتریشە! بە ئه‌سپایی لە پشتی دەرگاوە گوێ بگرە، بزانە دەخوێنێت، تەلەفۆن دەکات، یان خەوتووە؟ سبەی بەیانی مامۆستای فیزیا دێت و دوو سبەیش مامۆستای کیمیا! بیرت نەچێ سێ سەد دۆلار حازرکە بۆ مامۆستای بایۆلۆژی! من دوێنێ سێ سەد دۆلارم دا بە مامۆستای ماتماتیک! گرنگ ئەوەیە تێکڕای نمرەکانی لە 99 کەمتر نەبێت و سەرشۆڕی لای خزم و ناسیاو نەبین! قیروسیا بکەن ئەم چەند مانگە هەموو خەرجییەکانتان کەمبکەنەوە.

مامۆستایانی بەڕێز.. فڵانە مامۆستای ماتماتیك زۆر بەناوبانگە، هەوڵەدەم رازییبکەم بیگوازمەوە بۆلای خۆمان.. تکایە ئێوەش خۆتان گورج بکەنەوە و بەچڕی پرۆگرامی ساڵانە تەواوبکەن.. خوێندکاران بۆ وانەی زیادە بانگ بکەنەوە.. زوو زوو تاقیکردنەوەیان پێبکەن.. بیانترسێنن! رەحمیان پێمەکەن! با رێژەی دەرچوونمان بەرزبێت. ئەمساڵیش چەند خویندکارێکمان لەسەروو 90 بهێنن! خوایە بە بەزەیی خۆت رەحممان پێبکە، ئەمساڵیشمان بێ ئافات لێ تێپەڕێ! حەیامان نەچێ و ناوبانگمان بەخراپ نەڕوات !

 بودجە بۆ سەرخستنی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی تەخان بکەن! سەدان هۆڵ ئامادە و خاوێن بکرێنەوە! سەدان ساردکەرەوە، هەزاران کورسی، هەزاران گڵۆپ، سەدان توالێت، هەر هەموویان چاك و پاکوخاوێن بکەنەوە! سەدان مامۆستا راهێنانیان پێ بکرێت بۆ چاودێری… پارە بۆ ئاوی سارد و گاز بۆ مۆلیدەی کارەبا دابینبکرێت، هەزاران هەزار کاغەز، قەڵەم، مۆر و زەرف! بودجە بۆ کرێی بەڕێوەبەرانی هۆڵ و چاودێران، خزمەتگوزار و پاسەوان و شۆفێر. هۆڵ و جێ و رێ و خواردن و ئاو و هەوای فێنك و کارەبا بۆ لیژنەکانی پێداچوونەوەی دەفتەر و هەڵسەنگاندنی وەڵامی دەیان هەزار خوێندکار..

مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن، پۆلیسی هاتووچۆ، ئاسایش.. هەموویان بخرێنە ئامادەباشییەوە.. بنکەکانی تەندروستی و بەشی فریاکەوتنی خێرا.. لە ئامادەباشیدا بن: ڤایرۆسی ئەنفلۆوەنزای بەکەلۆری زۆر بە توندی هێرشی هێناوە و پێشبینیی زۆر خراپمان بۆ رەوشەکە هەیە !!

مانگی حەوتە و شەپۆلە بەهێزەکە دامرکاوەتەوە.. بەڵام لێکەوتەکانی زۆر خراپن! لە سەدان ماڵ ژیان شێواوە.. خوێندکارە تووشبووەکانی ڤایرۆسی بەکلۆریایان رەشپۆشن و کەس نایاندوێنێ و هەفتەیەکە نان و ئاو ناخۆن و خۆیان لە ژوورێکدا حەشارداوە، روویان نیە کەس بدوێنن.. نائومێد و چاو بە گریانن، چونکە نمرەکانیان لە 90 کەمترە.. لە دەیان ماڵی تر شەڕ و هەرایە، هەموو ئەندامانی خێزان یەکدی تاوانباردەکەن.. ژنان تەڵاق دەدرێن، پیاوان ماڵ جێدەهێڵن. لەو مزگەوتە پرسەی گیانلەدەستدانی گەنجێکە کە خۆی کوشتووە!

هەموو ساڵێك ئەم بارگرژی و گرێ دەروونی و دابڕانە کۆمەڵایەتی و خەرج و رەنجەی خەڵك و حوکمەت، تەنها یەك هۆکاریان لەپشتەوەیە: هەڵپەی دەرچوون و رزگاربوون لە پەتای بەکەلۆریا و بەدەستهێنانی نمرە و تێکڕای بەرز! تێکچوونی جەستە و دەروون و شڵەژانی کەسیەتی و هەڵپروکانی لاوێتی. لەباربردنی ئاسوودەیی و ئاشتەوایی خێزان. رەنجی فەرهادیی خویندکار و خەرجیی بە فیڕۆدراوی حکومەت! هەر هەموویان بەقوربانی (نمرە و تێکڕای بەرز) بن! ئیدی ناهەقمە بڵێم: خودایە گەنجانمان گیرۆدەی ئەنفلۆوەنزای بەکەلۆریا نەکەیت!؟