تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە چین نرخی نەوتی دابەزاند

زیادبوونی مەترسییەکان لە بارەی کەمبوونەوەی خواست، هۆکاری دیکەن بۆ داکەوتنی نرخی نەوت
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هه‌ولێر:

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا بە رێژەی سەدا 1 دابەزی، هۆکاری ئەو دابەزینە بەرچاوەش جارێکی دیکە سەپاندنەوەی رێوشوینی توندی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە لە چین، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان، هەروەها بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و زیادبوونی مەترسییەکان لە بارەی کەمبوونەوەی خواست، هۆکاری دیکەن بۆ داکەوتنی نرخی نەوت.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 1.2 بۆ 104.63 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی سەدا 1.2 دابەزین.

هاوکات لە مامەڵەکانی دوێنێ دووشەممەدا، هەردوو جۆر نەوتی خاو بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر ئاستی رۆژانە دابەزین، کە سەدا 5 تاوەکو 6ـی نرخەکانیان لەدەستدا.

ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی داتاکان، گەشەی هەناردەی چین سست بووەتەوە، ئەوەش لاوازترینە لە دوو ساڵی رابردوویدا، هۆکارەکەشی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە لە وڵاتەکە.