ئێران.. گرانبوونی نرخی ئارد ژمارەیەك كارگه‌ی شیرنه‌مه‌نی مایه‌پووچ ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
نرخی ئارد لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان جارێكی دیكه بەرزبووەوە، خاوەن نانەواخانەكان دەڵێن نرخەكە لەماوەیەكی كورتدا دوو ھێندەی جاران بەرزبووەتەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر توانای كڕینی ھاووڵاتیان و ھەندێك خاوه‌ن پیشەش داناوە، بۆیه بەھۆی گرانبوونی ئارد ژمارەیەك كارگەی شیرنەمەنییەكانیش مایەپووچ بوونە.
قەرەباڵغی جاران بە نانەواخانەكانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستانەوە دیار نییە، ئەگەرچی نان وەكو ھیچ خواردنێكی دیكە نییە و وەكو سادەترین و پێویستترین خواردن دەبێت لەسەر سفرەكان ھەبێت، بەڵام گرانبوونی ئارد وایكردووە، بەشێك لە ھاووڵاتیان بە ژمارە كەمتر لەجاران نان دەكڕن، ئەگەرچی پێشتریش ھەر گرانبوو، بەڵام لە دوو ھەفتەی رابردوودا ھەموو جۆرە نانەكان رێك دوو ھێندە نرخەكەیان بەرزبووەتەوە.
فەرھاد له نانه‌واخانه‌یه‌ك كار ده‌كات و ده‌ڵێت، نرخه‌كان رێك دوو هێنده بووه، نانی بچووك 1000 تمه‌نه‌وه بووه‌ته 2000 هه‌زار، نرخه‌كه‌ش دیاریكراوه و ناكرێت ده‌ستكاری بكرێت.
گرانبوونی ئارد تەنیا كاریگەری لەسەر گرانبوونی نان دانەناوە، ھەر خواردنێك ئاردی تێدا بەكاربێت، نرخەكەی بەرزبووەتەوە، شیرنەمەنییەكانیش زۆرترین زیانیان لە گرانبوونی ئارد بەركەوتووە. لە مەریوان بەشێك لە دوكانی شیرنەمەنییەكان مایەپووچ بوونە، خۆیان دەڵێن ئەگەر نرخەكان بە رادەی گرانی نرخی ئارد و پێداویستی دیكە گران بكەین، لەتوانای ھاووڵاتیاندا نابێت بیكڕن، ئەوەش زیانێكی زۆری لێداون.
ئەمیر بادارەنگ، خاوەنی كارگەی شیرنەمەنییه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌گه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئارد هه‌ر به‌مشێوه‌یه بێت، زۆربه‌ی كارگه‌ی شیرنه‌مه‌نییه‌كان ده‌بێت دایبخه‌ن، خه‌ڵكێكی زۆریش بێكار ده‌بن.
ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران دەڵێن لە پلانیاندا نییە نرخی ھەندێك خواردن لەوانە نان گران بكەن. بەڵام لە نانەواخانەكان نرخەكان دوو ھێندەی جاران بەرزبووەتەوە. خاوەن نانەواخانەكان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، لەو گرانكردنەشدا سوودێكی ئەوتۆ نابینن، چونكە نرخی ئارد سێ ھێندەی جاران بەرزبووەتەوە و قازانج خەریكە سەری مایەكەیان دەخوات.