"زیاتر له‌ 213 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگیراون"

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی: داوا له‌ جووتیاران ده‌كه‌م گەنمەکانیان راده‌ستی سایلۆکان بکەن و لە نزیکترین کاتدا شایستە داراییەکانیان وەردەگرن
گه‌نمی جووتیاران
گه‌نمی جووتیاران

K24 - هه‌ولێر:

نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و تا (4ی ته‌مووز/ یۆلیۆی 2022) بڕی زیاتر له‌ 213 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگیراون‌.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی روونیكرده‌وه‌، تا 4ی ئه‌م مانگه‌ بڕی 213 هه‌زار و 133 تۆن و 260 كیلۆگرام گه‌نمی جووتیاران وه‌رگیراون، كه‌ له‌ سایلۆکانی  سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین بڕی 98 هه‌زار و 970 تۆن و 120 كلیۆگرام و له‌ سایلۆی هەولێریش بڕی 70 هه‌زار و 821 تۆن و 120 كیلۆگرام گه‌نم وه‌رگیراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ سایلۆکانی  فایدە و شێخان و زاخۆ بڕی 43 هه‌زار و 342 تۆن و 120 كیلۆگرام گه‌نم وه‌رگیراون. داواشی له‌ جووتیاران كرد، گەنمەکانیان راده‌ستی سایلۆکان بکەن و لە نزیکترین کاتدا شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.