دایکی لاهور شێخ جەنگی کۆچی دواییکرد
K24 – هەولێر
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 25/3/2023، فاتیمە قادر مەحموود، دایکی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە سلێمانی کۆچی دواییکرد.
تەرمی کۆچکردوو لە سلێمانییەوە برایە قەزای کۆیە لە گۆڕستانی کەکۆن لە تەنیشت گۆڕی راکۆی کوڕە پێنج مانگییەکەی بە خاکسپێردرا، کە لە ساڵی 1974 کۆچی دواییکردووە.
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە لێدوانێکدا لەبارەی کۆچی دوایی دایکی و پرسەکەی گوتی: "تەرمی دایکم لە کۆیە بە خاکدەستپێردرێت، بەڵام پێویست ناکات خەڵک ئەزیەت بکێشن و بچنە ئەوێ، چونکە سبەی لە مزگەوتی حاجی ئەحمەد لە سلێمانی پرسەکەی بەڕێوەدەچێت".
گوتیشی: "دایکم ئەم ماوەیە هەندێک ناساغ بوو".
لە 8ی تەمموزی 2021، لاهور شێخ جەنگی بە بڕیارێک لە پۆستی هاوسەرۆکی حزبەکەی دوورخرایەوە، بەڵام دوای گرتنەبەری رێگەی یاسایی لە رێگەی دادگا مافی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ گەڕێندرایەوە.
لاهور شێخ جەنگی 22/2/2023، رایگەیاندبوو "دوای ده‌رچوونی بڕیاری دادگا به گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مافه یاسایی و حزبییه‌كانم، كه به شه‌رعییه‌تی كۆنگره و به‌ده‌نگی ئێوه به‌ده‌ستم هێنا، ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه، له‌مڕۆ به‌دواوه، له چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی، ده‌سه‌ڵاته‌كانم وه‌ك هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی به‌كارده‌هێنم و هه‌ر بڕیار و به‌رنامه‌یه‌ك به‌مافی خۆمی ده‌زانم ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نه‌یتوانی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات".