سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی | وێنە: کوردستان24
باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی | وێنە: کوردستان24

K24 - هەولێر:

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی پێکدەهێنێت.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 11ـی نیسانی 2023، نووسینگەی راگەیاندنی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سه‌رۆكایه‌تی‌ پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینه‌وه‌ له ‌رووداوی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێودەوڵەتی‌ سلێمانی‌ ده‌كات.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری و ورده‌كارییه‌كان، لیژنه‌یه‌كی‌ په‌رله‌مانیی‌ له ‌لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێك ده‌هێنرێت به‌پێی‌ رێوشوێنه‌كانی‌ مادده‌ی‌ ( 35 ) چواره‌م، له ‌په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمانی عێراق.

رۆژی دووشەممە 10ـی نیسانی 2023، شاندێكی باڵای پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمان، بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، سەردانی ئەو شارەی کرد.

لەبارەی ئەو سەردانەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان، لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی شاخەوان عەبدوڵڵادا هاتووە، "سه‌ردانه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش و به‌رگری‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی، ته‌نها سه‌ردانێكی‌ مه‌یدانی‌ بووه‌ بۆ بەسەركردنەوەی‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌."

ئەمە لە کاتێکدایە؛ رۆژی 8ی نیسانی 2023، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە سلێمانی. بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەعرەجی لەسەر رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، چووەتە پارێزگای سلێمانی.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەوبارەوە گوتی، حکومەتی عێراق دژی پێشێلکردنی سەروەرەریی وڵاتە و ئاماژە بەوەش دەکات کە لە رێگەی چەند شاهێدحاڵێکەوە گوێبیستی وردەکاریی رووداوەکەی سلێمانی بووە.

رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روویدا و بەوهۆیەوە ئاگر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کەوتەوە. پاش رووداوەکەش راگەیەندرا هێرشی درۆنی بووە. رۆژێک دوای رووداوەکە ئاشکراکرا کە ئەو هێرشە بۆ بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە.