قاسم ئەعرەجی بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنی گەیشتە سلێمانی

K24 - هەولێر:
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە سلێمانی.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەعرەجی لەسەر رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، چووەتە پارێزگای سلێمانی.
دوێنێ ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە نزیک سیاجی فڕۆکەخانەی سلێمانی روویدا و هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لێنەکەوتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەو رووداوە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و دەستبەجێ تیمەكانی بەرگری شارستانی فڕۆكەخانە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد.