هەسەدە: لە هێرشەکەی دوێنێدا مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی بووە

مەزڵوم عەبدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە)
مەزڵوم عەبدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە)

K24 – هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەی دوێنێی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، مەزڵوم عەبدی ئامادەبووە و دوای رووداوەکەش بە سەلامەتی گەیشتووەتەوە ناوچەکانی باکوور و رۆژەهەڵاتی سووریا.

ئەمڕۆ شەممە (8ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە هێرشەکەی دوێنێ سلێمانی، مەزڵوم عەبدی سەلامەتە و هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشەدا نەبووەم ئاماژەی بەوەشکردووە، لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو رووداوە بڵاودەکەنەوە.

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی راگەیاندنەکەیان، راگەیەندراوەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوەکردووە، "لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتی ئەمنی و پاراستنی سەلامەتی فەرماندەی هێزەکەیان، هیچ راگەیەندراوێکیان لەبارەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبووە".

ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) كاتژمێر (4:18) لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە و بووەتەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و بەرگری شارستانی فڕۆکەخانەش کۆنترۆڵیان کردووە.

لەلایەن خۆیانەوە، میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ئەنجامی هێرشێکی دڕۆنی تورکیا بووە و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)  کراوەتە ئامانج و لەو رووداوەدا، مەزڵوم عەبدی لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) تانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە (3ـی نیسان تا 3ـی تەمموز) ئاسمانیی تورکیا بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن.

لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی و دزەکردنی ئەو رێکخراوە بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی گەشتەکان، ئەو بڕیارە دراوە.

ئەم بڕیارەی تورکیا وەک کاردانەوەیەک دێت لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر لە شەوی چوارشەممە (15ی ئادار/مارسی 2023) لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.

هەروەها رۆژی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو رووداوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو هێلیکۆپتەریان بەهۆی نالەباری کەشوهەوا لە سنووری هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ چەکداری هێزەکانیان کە سەرنشینی ئەو دوو هێلیکۆپتەرەبوون، گیانیان لەدەستداوە.