شاندێکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی سلێمانی

فۆتۆ: نیان بارزان - کوردستان24
فۆتۆ: نیان بارزان - کوردستان24

K24 – سلێمانی

شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، عه‌باس زاملی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و سه‌رۆكی فراكسیۆنی فه‌تح گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

شاندەکەی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی سەردانی سلێمانیان کردووە، جگە لە سەردانکردنی شوێنی رووداوەکە بڕیاریشە چەند دیدارێک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدەن.

بڕیاریشە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا شاندی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامانجی سەردانەکەیان ئەمڕۆیان بۆ سلێمانی بخەنەروو.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی  ئاسایش و بەرگری

لە پەرلەمامی عێراق  بە کوردستان24ی راگەیاند: "لیژنەکە سەردانی شوێنی هێرشەکەی فڕۆکەخانە دەکات، دواتر لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری سلێمانی کۆدەبنەوە بە مەبەستی بەدواداچوونی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە".

هاتنی مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات بەبێ ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بووە. هێرشەكە لە نزیك كاروانێك روویداوە كە ئەوانی بردووەتە فڕۆكەخانەی سلێمانی و  ئیلهام ئەحمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی سووریای دیموكراتی لەگەڵدا بووە.

ئەم رووداوە لەکاتێکدا روویدا کە تورکیا لە 3ی نیسانی2023ـەوە تا مانگی تشرینی دووەم هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرت.

موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 8/4/2023، لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری خۆی گوتی: "داوا لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی دەکەین لیژنەیەکی لێکۆڵێنەوە پێکبهێنێت بە مەبەستی هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو هێرشە و بەپەلە راپۆرتی خۆی پێشکەش بکات، تاوەکو رێکار بگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و پارێزگاریکردن لە گیانی گەلەکەمان لە هەر هێرشێکدا".

رۆژی 8ی نیسانی 2023، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە سلێمانی. بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەعرەجی لەسەر رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، چووەتە پارێزگای سلێمانی.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق دژی پێشێلکردنی سەروەرەریی وڵاتە و ئاماژە بەوەش دەکات کە لە رێگەی چەند شاهێدحاڵێکەوە گوێبیستی وردەکاریی رووداوەکەی سلێمانی بووە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتون، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو شاندە و لێکۆڵینەوەکانی رۆژانی رابردوو، هەروەها هۆکارەکانی بۆ رایگشتی دەخرێتەڕوو.

رۆژی هەینی 7/4/2023، تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روویدا و بەوهۆیەوە ئاگر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کەوتەوە. پاش رووداوەکەش راگەیەندرا هێرشی درۆنی بووە. رۆژێک دوای رووداوەکە ئاشکراکرا کە ئەو هێرشە بۆ بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە.

Fly Erbil Advertisment