بیڕووخێنن!
مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی، نه‌ده‌زانێت حكومه‌تی چاك دروست بكات، نه ده‌شزانێت به چاكی بیڕوخێنێت، هه‌ر حكومه‌تێكی ڕووخاندبێت، سه‌ری له‌خۆی و ئه‌ژدادیشی تێكداوه، سه‌د ساڵیشه میلله‌تێكی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕێكنه‌كه‌وتووه كه حكومه‌تێكی ڕووخاندبێت و دانه‌یه‌كی چاكتری له جێگه‌كه‌یدا دروست كردبێته‌وه!
له ڕۆژهه‌ڵات ڕووخاندن كلتووره، تۆ جاڕ بده كه بۆ دروستكردنی بینایه‌ك خه‌ڵكی خۆبه‌خشت پێویسته، كه‌س نایه‌ت به‌ده‌نگته‌وه، به‌ڵام بڵێ فڵان فه‌رمانگه و ده‌زگا ده‌ڕووخێنین، هه‌زاران كه‌س به‌ده‌نگ داواكه‌ته‌وه دێن! پاش ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه له 11ی سێپتێمبه‌ری 2001 خۆی كێشا به سه‌نته‌ری بازرگانی له‌نیۆرك، زیاتر له‌سه‌د هه‌زار كه‌س ناوی خۆیان نووسی كه به خۆبه‌خش كار بكه‌ن له دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌دا!
هیچ میلله‌تێكی ئه‌م دونیایه به‌قه‌د میلله‌تی كورد، ئاوا ناشیانه و نه‌شاره‌زایانه ده‌ست بۆ ڕه‌مزه‌كانی خۆی نابات، هیچ میلله‌تێكی ئه‌م دونیایه كه تووڕه ده‌بێت، ئا به‌م جۆره ئاڵا و سرود و سات و ساباتی خۆی ناخاته ژێر پێڵاوه‌كانییه‌وه، هیچ میلله‌تێكی ئه‌م دونیایه ئاوا منداڵه‌كانی خۆی گولله‌باران ناكات، هیچ میلله‌تێكی ئه‌م دونیایه به‌م جۆره باره‌گا و خان و خه‌رمانی یه‌كتری ناسوتێنێت! كورد كه خۆپیشاندان ده‌كات، ده‌ست بۆ هه‌رچی سیمبول و موقه‌ده‌ساتێكی خۆی ده‌بات، كه‌س ناوێرێت لێره‌دا بیوه‌ستێنێت و پێی بڵێت: نه‌خێر، ئیتر ئه‌مه‌یان سنوری تۆ نییه و شكۆی گشتییه، شكاندن و سوكایه‌تی پێكردنی پێی ناگوترێت دیموكراسی!
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێت بگوترێت: قاره‌مان و شۆڕشگێڕیت و له‌به‌ره‌ی میلله‌تیت، نه‌شئه ده‌تگرێت و پاڵپشتی هه‌رچی كوشتن و سوتان و وێرانكارییه‌ك ده‌كه‌یت كه خه‌ڵكی له‌دژی ده‌سه‌ڵات بیكات، ئه‌مه پێی ده‌گوترێت سه‌خیفی و هه‌لپه‌رستی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مووچه‌یه‌كت له كونێكه‌وه بۆ بڕاوه‌ته‌وه و خۆت كێشه‌ت نییه، دێیت و دژی هه‌ركه‌سێك ده‌وه‌ستیته‌وه كه برسییه‌تی و نانی منداڵه‌كانی نییه، ئه‌مه پێی ده‌گوترێت كۆیله‌یی و خۆپه‌رستی! مرۆڤ ده‌بێت دادگه‌ر بێت، حكومه‌ت حه‌قی خه‌ڵكی خواردووه و سته‌مكاره، خه‌ڵكیش موڵكی گشتی له‌پێیدا ده‌سووتێنێت و تاوانباره!
نه كورد له دیموكراسی گه‌شتووه و نه حكومه‌ته‌كه‌شی، حكومه‌ت جۆرێك پۆلیسی هه‌یه ناوی ناوه پۆلیسی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان، به‌ڵام نه چالاكییه‌كانی خه‌ڵك مه‌ده‌نین و نه ڕه‌فتاره‌كانی ئه‌م پۆلیسانه‌ش، پێشمه‌رگه ناوه‌كه‌ی خۆی واتا مه‌رگی پێش خۆی خستووه، هه‌رگیز بۆی نییه مه‌رگی خه‌ڵك پێش خۆی بخات، ده‌بێت شاره‌زاكان بێن و ئه‌مانه بۆ خه‌ڵك و حكومه‌تی ئه‌م هه‌رێمه ڕوون بكه‌نه‌وه، نه پۆلیسه‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ته‌قه له‌خه‌ڵك بكه‌ن و بیكوژن، نه خه‌ڵكیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به پۆلیسه‌كان بڵێت ڕێم لێ مه‌گره كه من ده‌مه‌وێت بچم فڵانه باره‌گا و بینا بسووتێنم! لێره نه خه‌ڵك سنووری خۆی ده‌زانێت و نه پۆلیسه‌كانیش، نه تاك له حه‌ق و مافی خۆی گه‌یشتووه و نه پۆلیسه‌كانیش! نه‌خه‌ڵك ده‌زانێت له كوێ و له‌كه‌یدا مافی به‌رد هه‌ڵدان و ئاگربازییان هه‌یه و نه پۆلیسه‌كانیش كات و ساتی ته‌قه و كوشتار ده‌زانن!
خه‌ڵك ڕقی له ڕژێمه سیاسییه‌كه هه‌ڵساوه، كه‌چی سیمبول و شكۆمه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی له‌به‌رچاوی دونیادا ڕیسوا ده‌كات، سوكایه‌تی به ئاڵا و پێشمه‌رگه و شه‌هید و فه‌رمانده‌كانی خۆی ده‌كات، باره‌گا سووتاندن ڕه‌نگه حه‌ق بێت به‌ڵام دیموكراسی نیه، به‌رد هاویشتن ڕه‌نگه حه‌ق بێت، به‌ڵام دیموكراسی نییه، ده‌بێت خه‌ڵك و حكومه‌ته‌كه‌شی له‌م گێلایه‌تییه ده‌ربهێنرێت، من جارێكی تریش گوتومه و ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه: میلله‌تی كورد تاكه میلله‌تی دونیایه كه به نادیموكراسیترین شێوه داوای دیموكراسی ده‌كات، به ناعه‌داله‌تترین شێوه داوای عه‌داله‌ت ده‌كات، به‌نایاساییترین شێوه داوای یاسا ده‌كات!
لێره ژماره‌یه‌كی زۆ خه‌ڵك له ئه‌نجامی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و خوڵقاندنی كه‌شی ناساز و نا ئارام، بوونه‌ته په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و كاربه‌ده‌ست و توجار، ئێستا ئه‌مه بووه‌ته جۆرێك له‌سه‌بك و سه‌ودا، خه‌ڵكانێكی تر چاویان لێ ده‌كه‌ن و كه‌شی ناساز و نائارامیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئیمتیازانه ده‌وێت، ده‌بێت ئه‌مانه له‌و خه‌ڵكه جیابكرێنه‌وه كه ته‌نیا مووچه و قووتی منداڵه‌كانیان ده‌وێت!
لێره تووڕه‌یی و كه‌م ته‌حه‌مولی سیفه‌تی ناسراوه‌ی خه‌ڵكه، تۆ هه‌ر كات پۆلیسێك تووڕه بكه‌یت، ئه‌و ده‌توانێت ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌ربێنێت و فیشه‌كێكت پێوه بنێت، چونكه ئه‌مه جۆرێكه له مامه‌ڵه و فه‌رهه‌نگی گشتیمان و په‌یوه‌ندی به جۆری ڕژێمه‌كه‌وه نییه، ئێمه ده‌یان كه‌یسیی كوشتن و ته‌قه‌لێكردن و هه‌ڕه‌شه لێكردنمان هه‌یه و په‌یوه‌ندیشی به خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی له كه‌می مووچه‌وه نییه، تۆ ته‌نیا بیربكه‌ره‌وه له‌سه‌ر فوول لایت و ئیستۆپی خێرا و ده‌سكه كه‌ره‌وز و تاسه و ترافیك و هتد، چه‌ند كه‌سمان له‌یه‌كتری كوشتووه؟! ئیتر ئه‌مه كه‌ی په‌یوه‌ندی به ڕژێمه سیاسییه‌كه‌مانه‌وه هه‌یه كه دیموكراسییه یان سته‌مكاری؟!
حه‌قیقه‌تێك هه‌یه، له سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌مین هه‌رچی حكومه‌ت هه‌یه، هه‌رچی ڕژێمی سیاسی هه‌یه، دیكتاتۆری بێت یان دیموكراسی، تۆتالیتاری بێت یان عه‌سكه‌رتاری، دینی بێت یان ئه‌تایستی، ته‌ڕه‌ماشی بێت یان ته‌ڕه‌ساسی، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك بیانه‌وێت بیڕووخێنن، ئه‌ویش ده‌ستیان لێ ناپارێزێت، نمونه‌ی ئه‌مه خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی 2011ی به‌ریتانیایه، ئه‌و وڵاته‌ی كه وه‌ك وڵاتانی تری كیشوه‌ری ئه‌وروپا، جاڕی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و هه‌ڵا و هه‌راكانی خۆشبه‌ختی و مرۆڤدۆستی و هتدی داوه، كه‌چی ئه‌و كاته‌ی كه له‌سه‌ر كوشتنی ڕه‌ش پێستێك به ده‌ستی پۆلیس، خه‌ڵك ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و په‌لاماری باره‌گا و فه‌رمانگه و شوێنه گشتییه‌كانیاندا، پۆلیسی ئه‌م وڵاته دیموكراسی و مرۆڤدۆسته، ڕه‌شه‌كوژی و ڕه‌شبگیری ده‌ستپێكرد و له‌ماوه‌ی چوار ڕۆژدا 770 كه‌سی ده‌ستگیر كرد و پێنج نه‌فه‌ری كوشت و زیاتر له 180 كه‌سیشی بریندار كرد!
ئه‌سڵه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌یری نمایشی توندوتیژییه‌كانی ئه‌و ڕۆژانه‌ی له‌نده‌ن بكه‌یت، پۆلیس به ئه‌سپه‌وه به‌ناو خۆپیشانده‌ره‌كان ده‌كه‌وت و بێ ڕه‌حمانه ده‌یشێلان! خۆ ئه‌مه پاساو نییه بۆ ڕه‌شه‌كوژی و ڕه‌شبگیری پۆلیس و ئاسایشه‌كانی ئێره، نه‌خێر من به‌توندی ئیدانه‌ی نه‌ك هه‌ر كوشتن، به‌ڵكو برینداركردنی خۆپیشانده‌رانیش ده‌كه‌م، ته‌نیا ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌موو ناڕه‌زایی ده‌ربڕینێك، تا ئه‌و شوێنه ڕێگه پێ دراوه كه هه‌ڕه‌شه نه‌بێت بۆ ڕوخاندنی ڕژێمه‌كه! تۆ ده‌چیت مۆڵه‌ت له‌حكومه‌ت وه‌رده‌گریت بۆ خۆپیشاندان، كه‌چی كه‌ده‌ست پێده‌كه‌یت ناوی ده‌نێیت ڕاپه‌ڕین!
له‌پاریسی ڕۆحی شۆڕش و گۆڕانكاریش، ساڵی 2016 له‌سه‌ر ده‌ستكاریكردنی یاسای كار له‌و وڵاته، خۆپیشاندانی تووند سه‌ری هه‌ڵدا و پۆلیس بێ ڕه‌حمانه سه‌ركوتی كرد، چونكه موڵكی گشتی تێدا سوتا و مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌زمی گشتی دروست كرد، كه‌واته جه‌نابیشت كه حه‌قت به‌لای حكومه‌ته‌وه‌یه، مافی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینت تا ئه‌و شوێنه هه‌یه كه نه‌زمی گشتی تێك نه‌ده‌یت و زیان له موڵكی گشتی نه‌ده‌یت، ده‌زانم ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌م به پیاوی ده‌سه‌ڵات و به‌رگریكاری حیزبم ده‌زانیت و به‌وه‌ش كه له (كوردستان 24) وتاره‌كه‌م بڵاو بووه‌ته‌وه، توانجی نابه‌جێم لێ ده‌ده‌یت، به‌ڵام تۆ به‌پێی عورفی دیموكراسی و یاسا و ڕه‌فتاری مرۆیی، مافی ئه‌وه‌ت نییه كه پۆلیس و ئاسایش به به‌ڵته‌جی و میلیشیا و پیاوكوژ و پیاوخراپ بزانیت ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه رێگه‌ت پێ نادات تا به ئازادی بچێت فڵانه باره‌گا و فیساره ماشێن و فه‌رمانگه بسوتێنێت، ئه‌مه چ ئازادییه‌كه كه تۆ ده‌ته‌وێت؟ چما خه‌ڵك ئاوا قه‌رز له قه‌رزدار ده‌سێنێته‌وه؟