خودا له سه‌رده‌می ئه‌م مه‌لایه‌دا
ده‌ی خۆ جیهان له ئیسلامدا هێنده‌ش تاریك نییه كه له سه‌ری ئه‌م مه‌لایه‌دا كوژاوه‌ته‌وه. ڕه‌نگه ناكۆكییه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌مه بێت، ئێمه ئیسلاممان له چه‌شنی مالیزیا پێ خۆشه، نه‌ك له چه‌شنی سودان! مه‌لاشمان له چه‌شنی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕڕیس پێ جوانه، نه‌ك له چه‌شنی ئه‌م مه‌لا جوێنده‌واره‌ی فه‌یسبووك!
خودا قورئانی بۆ ئه‌وه نارد، تا پاسه‌وانی له نه‌سلی مرۆڤایه‌تی بكات، به‌ڵام لای ئه‌م مه‌لایه، وه‌زیفه‌ی مرۆڤایه‌تی ئه‌وه‌یه پاسه‌وانی له قورئان بكات. ئامانجی قورئان به‌رز نیشاندانی پێگه و پایه‌ی مرۆڤه، كه‌چی لای ئه‌م مه‌لایه، وه‌زیفه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌رز ڕاگرتنی قورئانه! هێشتا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه كه ئیشی قورئان خزمه‌تكردنی مرۆڤایه‌تییه، یان ئیشی مرۆڤایه‌تی خزمه‌تكردنی قورئانه؟
به تێگه‌شتن له ئاین و فه‌لسه‌فه‌ی ژیان و ته‌نانه‌ت میتۆلۆژیا (ئه‌فسانه‌ناسی)، ده‌بێت قورئان مرۆڤ سه‌ر بخات، به‌ڵام ئه‌م مه‌لایه و هه‌رچی ده‌سته و تاقمی تۆقێنه‌ری دنیایه، ده‌یانه‌وێت كار و پیشه‌ی مرۆڤایه‌تی ئه‌وه بێت كه قورئان سه‌ر بخه‌ن، هه‌ڵه‌كه ڕێك لێره‌دایه. خودا مرۆڤی بۆ ئه‌وه نه‌نارد تا قورئانی بۆ بپارێزێت، نا، قورئانی بۆ ئه‌وه نارد تا مرۆڤایه‌تی پێ بپارێزێت.
ئایین نه به قه‌ولی باو، تریاكی گه‌لانه و نه به قه‌ولی ئه‌م مه‌لایه‌ش ماسته‌رپلانی دامه‌زراندنی هه‌ساره‌ی قه‌نده‌هار و تۆرابۆرایه له مه‌ترۆكه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی خۆردا! خودا پارێزه‌ر و به‌ره‌ڤان و نێوبژیوانی نێوان سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كانه، به‌ڵام ئه‌م مه‌لایه و هاوشێوه‌كانی، ده‌یانه‌وێت له زاتی موباره‌كی خودا، ژه‌نراڵێكی تووڕه‌ی سه‌ربازی دابتاشن، ئه‌م خودایه‌ی ده‌یانه‌وێت به ئێمه‌ی بناسێنن، نه خودای ناو قورئانه و نه خودای ئاسمان و رێسمان و مه‌جه‌ڕ و كاكێشانه‌كانه، خودایه‌ك له مۆسیقا تووڕه‌یه، له شانۆ تووڕه‌یه، له ستران و سینه‌ما و ستاتیكا تووڕه‌یه، هه‌میشه ده‌یبه‌نه ناو جه‌بهه‌كانیانه‌وه، خودا ده‌خه‌نه ساده‌ترین جه‌ده‌ل و شه‌ڕ و شۆڕه‌وه، خودا ده‌به‌نه نێو هه‌موو ململانێ مه‌زهه‌بی و فیكرییه‌كانی خۆیانه‌وه، به نێوی خوداوه جیهان ده‌ترسێنن. ده‌بێت ئیمانداره‌كان ئه‌م مه‌لایه ڕابگرن تا خودا به‌ته‌واوه‌تی لێمان نه ڕه‌نجاوه!
خودا قورئانی داگرت تا له‌و شوێنه‌ی مرۆڤایه‌تی له مه‌ترسیدایه، زووڕه‌تی خۆی پێ بپارێزێت، به‌ڵام ئه‌م مه‌لایه و زۆربه‌ی ده‌سته و تاقمه تۆقێنه‌ره‌كانی دنیا، ده‌یانه‌وێت به زۆر قورئان پیرۆز بكه‌ن، كه‌چی هه‌ر له نێو قورئاندا چه‌ندین ئایه‌ت هه‌یه مرۆڤ پیرۆز ده‌كات.
زیاتر له شه‌ش هه‌زار مه‌لا و مامۆستای مزگه‌وت له‌م هه‌رێمه بچووكه‌دا هه‌یه، كه‌چی هه‌میشه ته‌نیا ئه‌م مه‌لایه و سێ چوارێكی تر هه‌را ده‌نێنه‌وه. ئه‌م سێ چواره، هه‌میشه پێكداده‌ری ئاین و ستاتیكان، شه‌ڕ له نێوان به‌ره‌كاندا ده‌نێنه‌وه. یانی له نێو شه‌ش هه‌زار مه‌لای به‌ڕێز، ته‌نیا ئه‌م سێ چواره نایانه‌وێت به‌رێز بن. ئه‌وانه‌شی كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه كه‌یفیان به مه‌لا و ئاین و موقه‌ده‌ساته زاتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه نایه‌ت، به‌هۆی ئه‌م سێ چوار مه‌لا لاده‌ره‌وه، فرسه‌ت دێنن و بێ رێزی به مه‌لا به‌ڕێزه‌كانی تریش ده‌كه‌ن! ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه مه‌لا به‌رێزه‌كان، مه‌لا بێ ڕێزه‌كان ڕاگرن، ئێمه‌ش هه‌موو بڵێین: ڕه‌به‌ننا، تۆ به گه‌وره‌یی خۆت، بمانپارێزه له شه‌ڕڕی ئه‌م مه‌لایه و بمانبه‌شه له‌و هه‌ڵانه‌ی به هۆی ئه‌مه‌وه تووشمان دێت.