ئه‌وان قه‌ینا، ئه‌ی موسه‌ننا ئه‌مین؟
ریفراندۆم كرا. به دوایدا خێڵه به‌ده‌وییه‌كانی عێراق و چه‌كداره تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌كانی شیعه، په‌لاماری كوردستانیان دا. ئه‌و نوێنه‌ر و كاربه‌ده‌سته كوردانه‌ش كه پێشتر به منه‌تی زۆره‌وه ده‌نگیان به به‌ڵێ دابوو یان ئه‌سڵه‌ن هه‌ر دژ بوون، بۆ خۆشیرین كردنه‌وه لای عێراق و حه‌وزه‌ی شیعه‌كان، په‌یتا په‌یتا په‌شیمان بوونه‌وه‌یان راده‌گه‌یاند و هێرشیان ده‌كرده سه‌ر ریفراندۆم و ستایشی حه‌شدی شه‌عبییان ده‌كرد. ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان ره‌چه‌ڵه‌كی خۆشیان ده‌گه‌ڕانده‌وه سه‌ر ئه‌سه‌دی و تائیفه شیعه‌كانی نه‌جه‌ف.
ئه‌و ماوه‌یه خه‌ریك بوو ده‌بووه فه‌رهه‌نگێك لای چه‌ندین كوردی بێ ئیراده و هه‌لپه‌رست، ئه‌وه‌ی بیویستایه عێراقی عه‌ره‌بیی شیعی و تائیفی لێی خۆش بێت، هێرشی ده‌كرده سه‌ر ریفراندۆم و ستایشی عێراقی ده‌كرد و به‌یعاتنامه و په‌شیمان بوونه‌وه‌ی خۆی ده‌گه‌یانده والییه‌كانی به‌غداد.
ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه ده‌یانویست بگه‌نه پۆست و پاره، به ئێستاشه‌وه هه‌ر جنێو به نیشتمان و وڵات ده‌ده‌ن. تا وای لێ هات كاربه‌ده‌ستێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه ئامۆزای كۆچكردوو كاك نه‌وشیروان بوو، هێرشی كرده سه‌ر كوردستان و وتی (خه‌ڵكی به‌سره رێزی زۆرمان لێ ده‌گرن)، هه‌ر ئه‌و پیاوه داعش و تاوانه‌كانیشی به پیلانی ماڵی بارزانی زانی و هه‌مووی خسته ئه‌ستۆی ئه‌وان!
له‌م كاتانه‌دا دكتۆر موسه‌ننا ئه‌مین، به زه‌ڕه‌ش له هه‌ڵوێست و تێڕوانینه‌كانی خۆی پاشه‌كشه‌ی نه‌كرد و به‌رگری له ریفراندۆم و ده‌نگه‌كه‌ی خۆی كرد و هه‌ر به‌و په‌نجه‌ی كه هێشتا مه‌ره‌كه‌بی ده‌نگدانه‌كه‌ی پێوه مابوو، چووه به‌غداد و ته‌حه‌ددای هه‌موو ئه‌وانه‌ی كرد كه له ژێره‌وه ئیخبارییان لێ كردبوو كه ئه‌مه ئینفیساڵییه!
موسه‌ننا ئه‌مین له رووی ره‌وتی فكرییه‌وه ئیسلامی، ئیخوانی، میانڕه‌وه، زۆر كه‌م ده‌چێته ئه‌و جه‌ده‌لانه‌وه كه ئاستێكی به‌رزی ئه‌كادیمی و فكری تێدا نه‌بێت. ئێو چه‌ندین شه‌ڕی له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته نیشتمانییه‌كانی تووش هاتووه. كه وێنه‌كه‌یم بینی له‌گه‌ڵ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی تری كورد چووبوون تا نیسابی دانیشتن بۆ په‌سه‌ندكردنی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌لاوی ته‌واو بكه‌ن، زۆرم پێ سه‌یر بوو. خۆ هێشتا عه‌لاوی به‌ڵێنی پاراستنی مافه‌كانی كوردی نه‌داوه، سه‌رۆك و به‌رپرسی یه‌كه‌می حزبه‌كانی كوردستان، له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێكهاتن كه به زمانێكی هاوبه‌ش موخاته‌به‌ی ئه‌م پیاوه بكه‌ن كه (كاندیدی حكومه‌تی ئاینده) و په‌سه‌ندكراوی (حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا و موقته‌دا سه‌در)ی نوێنه‌ره‌كانی ئێرانه له عێراق.
ئه‌م پیاوه‌ش ده‌یه‌وێت گوایه حكومه‌تێكی ته‌كنۆكرات پێك بهێنێت. ته‌كنۆكرات به زمانێكی ساده واته (بژارده‌ی خوێنده‌واران)، هه‌ڵبه‌ت حكومه‌تی له‌و جۆره باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی عه‌لاوی ده‌یڵێت، له عێراق ده‌ست ناكه‌وێت، چونكه مه‌رجی پاش ته‌كنۆكرات بوونی كه‌سه‌كانیشی (بێ لایه‌نییه)، جا كه‌ی له عێراق خه‌ڵك بێلایه‌نه؟ ئه‌دی خودی عه‌لاوی كه (نه‌سروڵڵا و سه‌در) په‌سه‌ندیان كردووه، چۆن بووه‌ته بێلایه‌ن؟
به پێچه‌وانه‌ی بڕیاری به‌ره‌ی كوردییه‌وه، چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورد (ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید كۆمه‌ڵ، كاوه محه‌مه‌د و غالب محه‌مه‌د گۆڕان، موسه‌ننا ئه‌مین یه‌كگرتوو، رابوون مه‌عروف ئه‌ندامی ده‌ركراوی نه‌وه‌ی نوێ) له‌گه‌ڵ سروه یونس كه دیار نییه نوێنه‌رایه‌تی كێ ده‌كات. بۆ ته‌واوكردنی ژماره‌ی یاسایی دانیشتنی شیعه‌كان بۆ په‌سه‌ندكردنی كاندیده‌كه‌یان، چوونه دانیشتنه‌كه‌وه و له بڕیاری حیزبه‌كانیان له‌مه‌ڕ یه‌كڕیزی ده‌رچوون.
په‌یوه‌ندیم كرد به دكتۆر موسه‌ننا ئه‌مین و هه‌ندێ له هه‌ڵوێسته نیشتمانییه‌كانی پێشووتری خۆیم بیرهێنایه‌وه و پرسیاری چوونه ژووره‌وه‌كه‌یم لێ كرد. ئه‌ویش به‌رگری له هه‌ڵوێسته‌كه‌ی كرد و وتی "من باوه‌ڕم به نیشتمان و مافی میلله‌ته‌كه‌م هه‌یه و له به‌ر ده‌ستخۆشی و ستایشی كه‌س ئه‌مانه‌م نه‌كردووه، به‌ڵكو باوه‌ڕی خۆمن. بۆ چوونه ژووره‌وه‌كه‌شم تێڕوانینی خۆمم هه‌یه و متمانه‌م به‌و به‌ڵێنانه هه‌یه كه عه‌للاوی داونی. ئه‌و ده‌ڵێت بڕیارم داوه هه‌موو وه‌زیره‌كان له خه‌ڵكی بێلایه‌ن بن و ناتوانم كورد جیا بكه‌مه‌وه له‌وانی تر، فه‌رموو بڕۆن كاندیدی بێلایه‌نی خۆتان بێنن".
موسه‌ننا ئه‌مین كه به هه‌ڵوێسته نیشتمانییه‌كانی پاش رووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر، خه‌ڵكێكی زۆر خۆشیان ده‌وێت، ره‌خنه‌ی له‌و سه‌رۆك فراكسیۆنانه‌ی حزبه‌كانی تریش گرت، كه نه له دانیشتنه‌كه و نه له پێش دانیشتنه‌كه‌ش هیچ گفتوگۆیه‌كیان له نێواندا نه‌بووه، كاتێكیش ئه‌م چووه‌ته ژووره‌وه، دواتر بۆ گله‌یی هاتوونه‌ته لای، بۆیه ده‌ڵێت "منیش وتم ئه‌ی ئێوه له كوێن له به‌یانییه‌وه؟ ئه‌گه‌ر قه‌رار دراوه ناچینه ژووره‌وه بۆ پێكه‌وه گفتوگۆمان له‌سه‌ر نه‌كردووه و قه‌ناعه‌ت به‌یه‌كتری بهێنین؟"
موسه‌ننا ئه‌مین كه له‌سه‌ر چوونه ژووره‌وه‌كه‌ی گفتوگۆیه‌كی زۆرم له‌گه‌ڵ كرد، وتیشی "چه‌ند رۆژ پێشتریش ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌م له هه‌ڵوێستی حیزبه‌كه‌ی خۆشم گرتووه. كورد له به‌غداد هه‌ر یه‌كڕیزه، ئه‌م حكومه‌ته‌ش ئینتیقالییه، من باوه‌ڕم به‌وه نییه وه‌ك رۆبۆت له به‌غداد بم، هه‌ڵوێست و تێڕوانینی خۆمم هه‌یه"، به‌ڵام من هه‌ر پێشنیازم بۆ به‌ڕێز موسه‌ننا كرد، فاسیله‌ی نێوان خۆی و ئه‌و چه‌ند كه‌سه بهێڵێته‌وه، كه پێشینه‌ی زۆریان هه‌یه له‌و ره‌فتاره دزێوانه‌ی پێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورده و كه‌چی لای هه‌ندێ له خه‌ڵكی تووڕه و ناڕازی فه‌یسبووك، وه‌ك شۆڕشگێڕی ده‌یفرۆشنه‌وه. بۆیه ئه‌وان هه‌رچی بكه‌ن قه‌ینا، به‌س تۆ نا قوربان!