یه‌كه‌م جاره هیچ نه‌كردنی كورد قازانجی هه‌بێت!
شاره‌كانمان كه‌ره‌نتینه كرد، ئێستا گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌كه‌ین، ماوه‌یه‌كی تر كۆڵان و ماڵه‌كانیش كه‌ره‌نتینه ده‌كرێن. ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی ئێستا ئێوه ده‌یكه‌ن، به‌ره و ئه‌وه‌مان ده‌بات، له ماڵه‌كانی خۆشمان‌دا، ژووره‌كانمان له یه‌كدی كه‌ره‌نتینه بكه‌ین، قۆناغه قورسه‌كه‌مان له پێشه!
ئه‌و میواندارییه گه‌رمه‌ی ئێوه له كۆرۆنا، ته‌نیا مه‌گه‌ر ئیتاڵییه‌كان كردبێتیان. ته‌نانه‌ت داعش كه خۆی شتێكی وای له‌گه‌ڵ كۆرۆنا فه‌رق نه‌بوو، ئامۆژگاری ئه‌ندامه‌كانی خۆی كرد سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه نه‌كه‌ن كه كۆرۆنای تیا بڵاو بووه‌ته‌وه، كه‌چی تۆش به سه‌د زمان ئامۆژگاریت ده‌كرێت، نه‌چیته ده‌ره‌وه كۆرۆنای لێیه و هه‌ر ده‌چیت. تۆ به منداڵه‌كه‌ی خۆت بڵێ مه‌چۆره ده‌ره‌وه پشیله‌ی لێیه، ناچێت، به‌ڵام خۆت به دزی ژنه‌كه‌ته‌وه چوویته شیمالی ئێران و به دزی ده‌وڵه‌تیشه‌وه له مه‌رزی مونزه‌رییه‌وه به گه‌ڵ و گیپاڵی كۆرۆناییه‌وه هاتیته‌وه.
له‌م ڕۆژانه به‌كاری ڕۆژنامه‌وانی له یه‌كێك له بازگه كاتییه‌كانی هێزه ئه‌منییه‌كان بووم. ئۆتۆمبێلێكی ئۆپڵی مۆدێل نه‌وه‌دیان ڕاگرت، جگه له شۆفێره‌كه، دوو ژن له پێشه‌وه و چه‌ندین منداڵ و هه‌رزه‌كاریش به كچ و كووڕه‌وه، له دواوه‌وه‌ی دانیشتبوون. ئه‌فسه‌ره‌كه پێی وت كه قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆیه، پێش ئه‌وه‌ی شۆفێره‌كه ده‌م بكاته‌وه، یه‌كێك له ژنه‌كانی پێشه‌وه، به نه‌عره‌ته‌یه‌كی ناخۆش، كه له ئۆكتاڤه‌كانی مۆسیقا، له تۆنی سۆبرانۆ بوو، قیراندی: چما تا كه‌نگی له ژووره‌وه بین؟ تاقه‌تمان چوو، خۆ هه‌ر له ماڵه‌وه نابین؟!
من له‌و كاته‌دا تێگه‌یشتم، ئه‌گه‌ر خودا سه‌د و بیست و شه‌ش هه‌زار پێغه‌مبه‌ری تریش بنێرێته خواره‌وه، ئه‌م جۆره مرۆڤانه‌ی پێ تێناگه‌یه‌نرێت. ته‌نیا ده‌بێت به حوكمێكی فیرعه‌ونی یان به ڕێسای ڕۆمانییه‌كان له خاچ بدرێن. ده‌ی ئه‌گه‌ر پێكوته‌ی كۆرۆنامان لانه بێت، خۆ پێ له‌قه‌ی ئه‌مانه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت؟!
ئه‌مه‌ی تا ئێستا حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌یكه‌ن، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی ئۆتۆمبێله، ده‌بێت بیكه‌ن به قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی مرۆڤ، ده‌نا وڵات ده‌بێته شارستانی كۆرۆنا. هێزه ئه‌منییه‌كان ئۆتۆمبێله‌كان ڕاده‌گرن،
به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌یان نه‌قیبێك، عه‌قیدێك، مودیر فه‌رعێكی ئاسایش، له شوێنێكه‌وه ده‌ناسن و ته‌له‌فۆنه‌كه‌یان به نه‌عره‌ته‌ی ئه‌فسه‌رێكی پله باڵاوه ده‌ده‌نه ده‌ست مفه‌وه‌زێكی بازگه كاتییه‌كه و ساڵنامه و پێناسه‌كه‌یانی پێ وه‌رده‌گرنه‌وه. له بازگه‌كان ده‌وه‌ستام و هه‌موو ئه‌وانه‌م ده‌بینی كه موبایله‌كه‌یان ده‌دایه ده‌ست پێشمه‌رگه و ئاسایشه‌كه. ده‌بێت وه‌زیری ناوخۆ ئه‌م ماوه‌یه ببێته ژه‌نراڵێكی تووڕه‌ی جه‌نگ و له كه‌س خۆش نه‌بێت.
به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕۆژ و ساڵ و سه‌ده‌كانی ڕابردوو، ئه‌مه یه‌كه‌م جاره له مێژووی كورددا، خه‌وتن و هیچ نه‌كردن و پاڵدانه‌وه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌ی سوودی هه‌بێت، هه‌م بۆ خۆی و هه‌م بۆ مرۆڤایه‌تیش. تكایه بخه‌ون، مه‌یه‌نه ده‌ره‌وه، ئه‌و جیهانه‌ی ده‌تانه‌وێت بۆی بێن، ته‌نیا كۆرۆنای لێیه.
ئێوه كه زۆربه‌ی شاعیره‌كانتان، تكای زوو له خه‌وهه‌ستان و چوونه ده‌ره‌وه و چوونه سه‌ر كاری لێ ده‌كردن، ته‌نیا چاكه‌یه‌ك كه بیكه‌ن، ئه‌وه‌یه ئه‌م ماوه‌یه به گوێی هیچیان نه‌كه‌ن. ئه‌حمه‌د موختار جاف ده‌یوت: له خه‌و هه‌ستن میلله‌تی كورد، خه‌و زه‌ره‌رتانه، هه‌موو تاریخی عاله‌م شاهێدی فه‌زڵ و هونه‌رتانه. به‌ڵام ئێستا تا بۆتان ده‌كرێت، بخه‌ون، خه‌و له قازانجتانه! دوای قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ، دوای ئه‌و هه‌موو ڕێنمایی و ئامۆژگارییانه، ئه‌وه‌ی تووشی كۆرۆنا بێت، حه‌قی شه‌رعی و مرۆڤایه‌تییه، نه برێته نه‌خۆشخانه و پزیشك و پاره و ده‌وڵه‌تی پێوه سه‌رقاڵ نه‌كرێت!