سه‌ر به كێیت؟
هه‌ر هێنده‌ی ئه‌وه‌ی كه تۆ یه‌كێتی و موشته‌قاته‌كانی نیت، ئیدی سه‌ددی سه‌د پارتیت، ئه‌مه هه‌ڵه گه‌وره‌كه‌ی به‌شێك كوردی هه‌رێمه.
مرۆڤ كه بخرێته نێوان دوو شته‌وه، سه‌ری لێ ده‌شێوێت. هه‌مووی له حه‌وشه‌ی مه‌كۆ و مه‌ڵبه‌ند و لقێكه‌وه، داوا ده‌كات ئه‌وی تر بێلایه‌ن بێت!
بێلایه‌نییه‌كه‌ش وا راڤه كراوه كه تۆ هه‌ر ده‌بێت ئاواتی رووخانی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركه‌وتنی به‌غداد بكه‌یت. هه‌ر ده‌بێت حه‌ز بكه‌یت له‌وپه‌ڕی ئه‌فه‌ریقایشه‌وه كه‌س و وڵاتێك دژ به‌م حكومه‌ته قسه بكات، چونكه به ده‌ست پارتییه‌وه‌یه. ئێستا ئه‌گه‌ر پینه‌چییه‌ك له نه‌یجیریا دژی ئه‌م حكومه‌ته قسه بكات، یه‌كسه‌ر ته‌رجوومه‌ی ده‌كه‌ن بۆ "زمانی شیرینی كوردی".
تا دێت، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی پاساو بۆ پیاوانی به‌غداد ده‌هێننه‌وه كه تاوناتاو مووچه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یان ده‌بڕێت، زۆرتر ده‌بن. ئێستا ده‌ڵێن ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌درێت به هه‌رێمی كوردستان، پاره‌ی (رۆڵه‌كانی به‌سره و ناسرییه و ئه‌نباره). وای نیشان ده‌ده‌ن كه پاره‌یه‌كی عه‌ره‌بییه و كورد سته‌م له‌م برا چاوگه‌شانه‌ی خوارووی نیشتمانی عه‌زیزمان ده‌كات!
كه‌سانێك كه پێیان وایه له شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه سه‌ددی په‌نجا و یه‌كی خاكی كوردستان‌مان له ده‌ست چووه، هه‌ر ئه‌مانه پێیان وا نییه ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌غداد وه‌ك بودجه ده‌یدا به هه‌رێم، له نه‌وت و سامان و ده‌رامه‌تی ئه‌و سه‌ددی په‌نجاو یه‌كه‌ی خاك و خه‌ڵكی كوردستانه.
حسێن شه‌هرستانی، ئه‌و ساڵه‌ی كه وه‌زیری نه‌وت بوو، هاته لای كاك نه‌وشیروان مسته‌فا و هه‌مان ئه‌م جه‌ده‌له‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ كرده‌وه.
شه‌هرستانی ناكۆكییه سیاسییه‌كانی نێوان گۆڕان و پارتی و یه‌كێتی به فرسه‌ت زانی بوو، ده‌یویست پاڵپشتی گۆڕانیش بۆ سیاسه‌ته‌كانی خۆی و مالكیی به ده‌ست بهێنێت. به كاك نه‌وشیروانی وتبوو(ئێمه له پاره‌ی رۆڵه‌كانی به‌سره و رومادی و هتد) ده‌ده‌ین به حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌وانیش نه‌وتمان راده‌ست ناكه‌ن، ئه‌مه سته‌مه و ده‌بێت ئێوه‌ش له‌سه‌ری به جواب بێن. كاك نه‌وشیروان خراپ هاتبوو به گژی‌دا و وتبووی: نه‌خێر ئێوه له پاره‌ی نه‌وتی به‌سره و فڵان و فیسار شوێن ناده‌ن به ئێمه، ئه‌وه‌ی ده‌یده‌ن چاره‌كی داهاتی ئه‌و نه‌وت و سامانه‌یه كه له كه‌ركووك و خانه‌قین و هتد... ده‌ری دێنن و ئه‌و شوێنانه‌ش خاكی كوردستانن. ماوه‌یه‌ك زۆریش باو بوو له گرده‌كه كه چۆن حسێن شه‌هرستانی دوای ئه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان لێی تووڕه ده‌بێت، ده‌رگای چوونه ده‌ره‌وه‌ی لێ تێك ده‌چێت و خۆی ده‌كات به ته‌والێته‌كه‌دا.
ئه‌وانه‌ی ئه‌و ساڵه له گرده‌كه بوون و هاتنه‌كه‌ی حسێنیان بۆ لای كاك نه‌وشیروان بینی بوو، راستی ئه‌م قسانه ده‌زانن. ئه‌وه‌شیان به باشی بیره كه كاك نه‌وشیروان پێی وتن: ئێمه ده‌زانین له نه‌وتی هه‌رێم ده‌دزرێت، ده‌زانین گه‌نده‌ڵی تیا ده‌كرێت، ده‌زانین داهاته‌كه‌ی نادیار و ناشه‌فافه، له‌م سیاسه‌تانه‌ی ئه‌مڕۆی ئیداره‌دانی نه‌وتی ئه‌م وڵاته‌ش ناڕازین، به‌ڵام ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ی پاره‌كه ده‌دزن، له كوردستان ده‌یكه‌ن به به پڕۆژه و باڵه‌خانه، ئه‌گه‌ر نه‌توانین نه‌وته‌كه‌یان لێ بسێنینه‌وه، رۆژێك هه‌ر ده‌توانین ئه‌و كۆشك و سامان و ته‌لاره‌یان لێ بسه‌نینه‌وه كه دزیویانه، به‌ڵام كه عه‌ره‌به‌كه نه‌وت و سامانه‌كه‌ی برد، ناتوانین لێیان بسێنینه‌وه و داهاته‌كه‌یشی نایه‌ته‌وه كوردستان.
به‌ڵام دوای مردنی كاك نه‌وشیروان، تاقمێك ده‌ركه‌وتن كه هه‌موو سنووره‌كانیان به‌زاند. به‌رده‌م دادگای فیدراڵییان له هه‌رێمه‌كه‌ی خۆیان گرت. دۆسییه‌كانی نه‌وت و سنوور و سیاسه‌تیان وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی ململانێی حزبی بۆ شكاندنی پارتی و یه‌كێتی به‌كار هێنا، دواتر كه خودی یه‌كێتیش هاته ناوسیاسه‌ته‌كه‌یانه‌وه، ئێستا پێكڕا پێیان وایه به لێدان له هه‌ر جومگه‌یه‌كی دۆسییه‌كانی هه‌رێم، هه‌نگاوێك نزیكتریان ده‌كاته‌وه له رووخاندنی پارتی.
ئه‌مه چییه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێم بوترێت بێ لایه‌ن، ده‌سته و تاقمێك هه‌رچی خراپه‌یه بیكه‌ن، ئیدی ده‌بێت قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌یت؟ مه‌رجی قسه‌كردن له‌سه‌ر یه‌كێتی، ئیلا ببه‌ستیته‌وه به قسه كردن له‌سه‌ر پارتیش، بۆ؟ وه‌ڵا بۆ ئه‌وه‌ی بێلایه‌ن بم. پێت خۆش بێت له نێوان گه‌مه‌ی هه‌رێم و به‌غداد، هه‌میشه به‌غداد بیباته‌وه. چونكه ئه‌مه‌ت پێ مه‌رجه‌كانی بێلایه‌نی و شۆڕشگێڕیی بێت! ده‌ی نه‌خێر ئه‌مه رێك جووته وه‌شاندنه، رێك چوونه ناو گه‌نمه‌كه‌یه، هۆ هۆۆۆۆۆۆ وه‌ره ده‌ره‌وه له ناو گه‌نمه‌كه...
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به ماوه‌ی 29 ساڵ حوكمڕانی موتڵه‌قی هه‌موو سه‌رزه‌مینی (سلێمانی و گه‌رمیان و راپه‌ڕین)، ته‌نیا یه‌ك شتی به باشی و پێرفێكتی كرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی كه هه‌موو خه‌ڵكی بن ده‌ستی خۆی به باشی له‌سه‌ر ئه‌وه راهێناوه كه: هه‌ر كات هیچی بۆ خه‌ڵك و ناوچه‌كه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی نه‌كرد، هه‌موویان به موتڵه‌قی پێیان وابێت، خه‌تای پارتییه!