هیچ نییه، دای له قایمقامییه‌تی پێنجوێن!
له‌م ڕۆژانه‌دا به ته‌له‌فۆن به دایكمم وت: خۆتان بپارێزن و مه‌چنه ده‌ره‌وه، حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له سلێمانی تۆمار كراوه. ئه‌ویش یه‌كسه‌ر وتی: هیچ نییه، له شارباژێڕه نه‌ك سلێمانی. وتم كوره مردوونه‌مرێ، له ووهانی چینه‌وه گه‌شته سێبیرانی هه‌ولێر، تۆ له شارباژێڕ لێی ناترسیت و ده‌ڵێیت هیچ نییه؟!
جا دایكم به پێكه‌نینه‌وه ئه‌یوت: ئه‌وه له شه‌ڕی عێراق و ئێران دا، ئه‌و كاته‌ی هێشتا به ته‌واوه‌تی وێران نه‌كرابوو، ماڵمان له پێنجوێن مابوو. كاتێك ئێرانییه‌كان تۆپێكیان ده‌نا به پێنجوێنه‌وه، هه‌موومان له‌سه‌ری راهاتبووین و سه‌یرێكی دووكه‌ڵ و ته‌پوتۆزه‌كه‌مان ده‌كرد و ده‌مان وت: هیچ نییه به‌رهه‌یكه‌له‌كه كه‌وت! هیچ نییه دای له قایمقامییه‌ت! هیچ نییه له بلكیان كه‌وته‌وه! هیچ نییه به‌نگه‌ڵه‌كانه! هیچ نییه به‌ر گۆڕستانه‌كه‌ی حاجی شێخ كه‌وت! هیچ نییه و خۆتان تێك مه‌ده‌ن، به‌ر ماڵه شلێرییه‌كان كه‌وت. هیچ نییه بڕۆنه‌وه ماڵه‌وه، دای له موجه‌مه‌عه‌كه‌ی ناوشاخان!
ئیدی هه‌موویان پێكڕا پێیان وابووه، ئه‌و تۆپه‌ی ده‌نرێت به پێنجوێنه‌وه هیچ نییه، چونكه به‌ر ماڵه شلێرییه‌كه و ناوبازاڕ و هه‌یكه‌له‌كه و قائیمقامییه‌ت كه‌وتووه و به‌ر ماڵه‌كه‌ی خۆی نه‌كه‌وتووه. هه‌موویان پێكه‌وه به‌ر هه‌ر شوێنێك بكه‌وتایه پێیان بووه هیچ نییه!
جا تۆببینه، ئه‌و كاته به‌س له پێنجوێن و به‌هۆی كه‌شوهه‌وای جه‌نگه‌وه، خه‌ڵكه‌كه‌ی وا راهاتبوون، به‌ڵام ئێستا هه‌موو كوردستان وا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتری ده‌كه‌ن. ئێستا به‌غدا به چه‌كی ئه‌تۆم له هه‌ولێر بدات، ئه‌ڵێن هیچ نییه! هه‌موو ته‌فسیر و ته‌حلیله‌كانی ئه‌مڕۆ، ڕه‌فتاره شه‌ڕه‌نگێزی و نایاساییه‌كانی به‌غدا دژ به هه‌رێمی كوردستان، وا نیشان ده‌ده‌ن كه هیچ نییه و ته‌نیا پارتی زه‌ره‌ری لێ ده‌كات!
هه‌ر ئه‌و تاقمه‌ی له 16ى ئۆكتۆبه‌ریشدا، ده‌یان وت هیچ نییه و بگه‌ڕێنه‌وه. ئه‌وانه‌ی كاتێك هێرش ده‌كرایه سه‌ر كه‌ركووك و ماڵه كورده‌كانی دووزخورماتوو ده‌سووتێندران و به تۆپ و تانكه‌وه به‌سه‌ر لاشه‌ی پێشمه‌رگه‌دا ده‌ڕۆشتن، به‌خه‌ڵكیان ده‌وت: خه‌ڵكی كه‌ركووك بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆتان، حه‌یاتم هیچ نیيه!
ئێستاش، ئه‌گه‌ر به‌غدا دنیا به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا وێران بكات، نان و ئه‌مان و ئیمانی ئه‌و خه‌ڵكه بسووتێنێت، دێن و به گوێی خه‌ڵكیدا ده‌قیڕێنن: هیچ نییه! بودجه‌ی هه‌رێم ناده‌ن؟ هیچ نییه پارتی ده‌یدزێت! مووچه‌ی پێشمه‌رگه نادرێت؟ هیچ نییه، ئه‌وانه میلیشیان! هیچ یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان فێرده‌كه‌ن كه هیچ نییه و هه‌موو شتێكیان لا ئاسایی ده‌كه‌نه‌وه، هه‌رگیز نه‌یانپرسی: ئه‌رێ خۆ حه‌شدی شه‌عبی نه‌ك میلیشیا، به‌ڵكو تائیفی و خێڵه‌كی و دز و چه‌ته‌یش بوون، ئه‌رێ بۆچی یه‌ك ڕۆژ به‌غدا موچه‌كه‌یان دوا ناخات؟
به‌شێك له خه‌ڵكی بێ ئاگا و بۆڵه‌بۆڵچیش وا تێده‌گه‌یه‌نرێت كه عێراق له نه‌وت و پاره و قووتی ڕۆڵه‌كانی به‌سڕه ده‌گرێته‌وه و ده‌یدا به هه‌رێمی كوردستان، كه‌سێك له‌مانه نایه‌وێت له‌وه تێبگات كه ئه‌وه نه‌وتی كه‌ركووكی كوردستانی و خانه‌قینی كوردستانییه ده‌درێت به كه‌تیبه تائیفییه‌كانی شیعه، ئه‌وه‌ی ده‌درێت به كورد، كه‌متر له سه‌ددی ده‌ی حه‌قه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كه‌ی خۆیه‌تی!