مافت هه‌یه یان فامت هه‌یه؟
ڕاسته كه تۆ مافێك یان زۆرترت به باشی ده‌سته‌به‌ر ناكرێ و حه‌قی گله‌یی و ته‌نانه‌ت تووڕه‌بوونیشت هه‌یه، به‌ڵام له هیچ كات و زرووفێكدا مافی هه‌ڵه‌كردنت نییه. ئه‌مه چییه تۆ به ئۆتۆمبێله‌كه‌ته‌وه له ترافیكی سوور بده‌یت و كه‌سیش نه‌وێرێت بڵێت نایاساییت، یه‌كسه‌ر بڵێیت مووچه‌م نییه. خۆ ئه‌وه‌ی مافی هه‌یه، مه‌رج نییه فامی هه‌بێت!
تۆ گۆرانیبێژی لاتت دروست كرد كه گڵۆپی زیاده دابگیرسێنێت تا حكومه‌تی پێ بڕوخێنێت. په‌رله‌مانتاری قه‌وته و بازاڕیت هه‌نارده‌ی به‌غدا كرد تا له‌وێ سه‌نگه‌ر له بودجه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ت بگرێت. خۆیشت له داخله‌وه شه‌قامت له حكومه‌ت گرتووه. ئێ حكومه‌تێك له په‌نجا فه‌رعه‌وه بیانه‌وێت بیڕووخێنن، بۆ ده‌ته‌وێت هێشتاش حكومه‌تێكی باش و به‌هێز بێت؟!
لێره به موتڵه‌قی، هه‌ژاری كراوه‌ته تاوانی حكومه‌ت. مێنته‌ڵێتی و هزری نوێی ئه‌م هه‌رێمه پێمان ده‌ڵێت: مرۆڤی كوردی باشوور به‌ریئه، بێتاوانه. كار بكات یان نه‌یكات، حه‌زی لێی بێت یان حه‌زی لێی نه‌بێت، تاقه‌تی كاری هه‌بێت یان نه‌یبێت، له هه‌موو بارودۆخێكدا حكومه‌ت ده‌بێت بیژیه‌نێت و به‌رپرس بێت له ورد و درشتی هه‌موو گرفته‌كانی.
جا بۆ ئه‌مه‌ش فه‌رهه‌نگسازییه‌كی زۆر گه‌وره كراوه. مرۆڤی كورد براوه‌ته قۆناغێكه‌وه، كه نه‌وێریت ڕه‌خنه له هیچ هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كی بگریت، هه‌رچیت وت، ئه‌و به نه‌بوونی مووچه‌كه‌ی، بێده‌نگت ده‌كات و هه‌ڵده‌شاخێت پیاتدا. ئه‌مانه به یه‌ك بیانووه‌وه سه‌د هه‌ڵه ده‌كه‌ن، خۆی لۆژیك وایه ئه‌گه‌ر بیانوویه‌كیش هه‌بوو، چاوپۆشی له هه‌ڵه‌یه‌كت بكرێت. تۆ ناوێریت ره‌دی هه‌ڵه‌یه‌كی كه‌سێك بده‌یته‌وه، ڕێك ده‌تداته پاڵ هه‌رچی هێزه كه خۆی پێی ناشرین و ناحه‌زه.
مرۆڤ ده‌شێت گه‌وج و گه‌مژه‌ش بێت و مافیشی هه‌بێت. به‌ڵام تۆ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مافت هه‌یه، وا دانێیت له هه‌موو شتێك‌دا و له هه‌موو كاتێكدا له‌سه‌ر حه‌قیت، ئه‌مه به‌ڵا و ئافاتێكه كۆرۆنا له‌و باشتره!
دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی پێنج ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار كه‌سن. ئاماره‌كان ده‌ڵێن: ملیۆنێك و دووسه‌د هه‌زاریان، مووچەخۆری حكومه‌تن. ئێ حه‌تمه‌ن دوو ملیۆنیشیان منداڵ و پیر و په‌ككه‌وته‌ن. ته‌نیا دوو ملیۆن ده‌مێنێته‌وه، ئه‌م دوو ملیۆنه‌ش ڕۆژ تا ئێواره به‌ر مایك و شاشه و فه‌یسبووكیان له كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت گرتووه و جنێویان پێ ده‌ده‌ن كه دایاننامه‌زرێنن!
ئه‌گه‌ر خودا به زاتی موباره‌كی خۆیه‌وه حاكم بێت، ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی ئه‌مڕۆی كورد له حكومه‌تی ده‌وێت، هه‌مووی جێبه‌جێ ناكات. ئه‌مه چ هزر و دنیابینییه‌كه، ئه‌وه‌ی پاره‌ی پێ نییه، ڕقی له‌وه‌یه كه پاره‌ی پێیه، ئه‌وانه‌ی برسین، ڕقیان له‌وانه‌یه كه تێرن. مووچه‌خۆره‌كان تا ئه‌و كاته‌ی كه مووچه‌كه‌یان دواده‌كه‌وێت له‌سه‌ر حه‌قن، به‌ڵام له‌سه‌ر حه‌ق نین كاتێك ده‌نگ ده‌ده‌ن به‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی له به‌غداوه چاوساغی و باشكاتبی بۆ شیعه‌كان ده‌كه‌ن كه بودجه‌ی هه‌رێم ببڕن.
ده‌بێت بۆ مرۆڤه ناڕازییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه ڕوون بكرێته‌وه كه هه‌ر به ته‌نیا ناڕه‌زایی به‌س نییه، ئه‌وان دوانزه ساڵه به‌ردێكیان نه‌خستووه‌ته سه‌ر دارێك و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردوویانه یه‌ك شت بووه: ڕووخاندنی حكومه‌ت! ئه‌و یه‌قینه‌ی خه‌ڵكه ناڕازییه‌كه‌ی ئه‌م هه‌رێمه هه‌یانه كه به ڕووخانی ئه‌م حكومه‌ته‌یان ژیانیان باش ده‌بێت، ڕێك له‌و یه‌قینه ده‌چێت كه خه‌ڵكه ناڕازییه‌كه‌ی سووریا-ش هه‌یانبوو. ئه‌وانیش هه‌موو ڕێگه خراپه‌كانیان گرته‌به‌ر و پێشیان وابوو له‌سه‌ر باشترین رێگه‌ن، به‌مه‌ش نیشتمانه‌كه‌یان هه‌زارجار له‌وه‌ی پێشتر خراپتر كرد. ده‌ی ئێمه‌ش ئه‌گه‌ر مافمان نییه، با كه‌مێك فاممان هه‌بێت!