بیڕووخێنه، به‌س تێكی مه‌ده!
تۆ هه‌موو نیزامێكت تاقی كردووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌موو جۆره حكومه‌تێك بوویت، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی خۆت دروست بووه، هیچ كاتێك له گه‌ڵی نه‌بوویت و هه‌ر پێت خراپ بووه. لێره هه‌میشه به‌هانه‌یه‌ك هه‌یه تا له ڕێیه‌وه ڕقت له حكومه‌ت بێت!
به جۆرێك، مێژووی ئه‌م 10 ساڵه‌ی هه‌ر یه‌كه‌مان چه‌ند سووڕ و خولی ته‌واوه‌تی له خۆپیشاندانی تێدایه. هه‌ر یه‌كه‌مان به ڕۆژگارێكی درێژ له خۆپیشاندان و لافیته و بڕووخێ بڕووخێدا گوزه‌رمان كرد. له‌م ناوچه‌یه‌دا، تووڕه‌یی ده‌سته‌جه‌معی له حكومه‌ت، جۆرێكه له كولتوور، میلله‌ته رۆژهه‌ڵاتییه‌كان به‌رده‌وام ئه‌م كولتووره ده‌ستاوده‌ست پێده‌كه‌ن و ده‌یده‌نه ده‌ست نه‌وه‌كانیان. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی باشیشیان هه‌بووبێت، هه‌ر حه‌زیان لێ بووه بیڕووخێنن.
گه‌لانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه دێرینه، كه نشینگه‌ی هه‌موو پێغه‌مبه‌ران و كتا‌به ئاسمانییه‌كانیش بووه، هه‌ر حكومه‌تێكیان ڕووخاندبێت، پاش چه‌ند ساڵێك ئاخ و داخیان بۆ هه‌ڵكێشاوه‌ته‌وه. تۆ ببینه ئێرانییه‌كان به حه‌سره‌تی ڕۆژگاری حه‌مه ڕه‌زا شاهه‌وه‌ن. عێراقییه‌كان گه‌رچی هێنده نابێت سه‌دامیان له كۆڵ بووه‌ته‌وه، به‌ڵام په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زن. لیبییه‌كان قوڕ ده‌خۆن بۆ ڕۆژگاری قه‌زافی، میسرییه‌كان هه‌ر زوو رژێمه‌كه‌ی پێشووتریان خسته‌وه كار. یه‌مه‌نییه‌كان هێشتا شۆكی لابردنی عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح به‌ری نه‌داون.
له مێژووی ئیسلامدا باس له عه‌داله‌تی عومه‌ر ده‌كرێت، گوایه ئه‌و خه‌لیفه‌یه باشترین جۆری حوكمڕانی و دادگه‌ریی هه‌بووه، كه‌چی هه‌ر ڕووخێنراوه. مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه هه‌ڵبده‌یته‌وه، بۆت روون ده‌بێته‌وه كه ڕووخاندنی حكومه‌ته‌كان په‌یوه‌ندی به باشی و خراپییانه‌وه نه‌بووه، به‌ڵكو حه‌ز و ئاره‌زووه ناوه‌كییه‌كانی مرۆڤه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه بوون. ئه‌وه‌تا ئێستا له كوردستانیش به‌رده‌وام ناڕه‌زایی دژی حكومه‌ت هه‌یه و حه‌ز و خولیای ڕووخاندن و راپه‌ڕین دژ به حكومه‌ت، هه‌ر جاره‌ی ده‌به‌سترێته‌وه به نه‌بوونی شتێكه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌نزین گران بێت، ئه‌وانه‌شی عه‌ره‌بانه‌یان پێیه خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و له‌و ڕێیه‌وه ڕقه‌كه‌یان له حكومه‌ت ده‌رده‌بڕن.
لێره نه‌ك كه‌س بۆی نییه به چاكه باسی حكومه‌ت بكات، به‌ڵكو هه‌نده كات ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانیان كرد و به‌شداریشی تێدا نه‌كه‌یت، به‌ر ڕق و خه‌شمی خه‌ڵك ده‌كه‌ویت. حه‌ڤده‌ی شوباتی 2011 كه له به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی خۆپیشاندان كرا، هه‌رچی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه ناچار بوو به په‌له بچێته ئه‌وێ و ئه‌ستۆپاكیی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت. ده‌قیقه‌ن به نێوچه‌وانی شێركۆ بێكه‌سه‌وه ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه ناچاركراوییه‌م ده‌بینی. ئه‌و كاته خه‌ڵك مووچه‌یشی باش بوو، به‌ڵام خۆپیشاندانێكی خوێناوی ساز كرد و بیانووی ديكه‌ی بۆ هێنابوو.
هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌لایه‌ك، ئه‌مڕۆش كه دیدی ناڕه‌زاییمان گۆڕاوه، له ته‌له‌فزیۆنی پۆپۆلیسته‌كانه‌وه، كۆچه‌رییه‌كانم بینی، په‌یامنێری ئه‌و شاشه هه‌واڵگرییه چووبووه ئه‌و بناره و لێی ده‌پرسین: ئێوه هیچ مووچه‌یه‌كتان نییه و حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ی بۆ نه‌بڕیونه‌ته‌وه؟ ئه‌وانیش به كامی دڵ قسه‌یان به حكومه‌ت وت كه مووچه‌ی بۆ نه‌بڕیونه‌ته‌وه!
به درێژایی مێژووی به‌شه‌رییه‌ت، لای هیچ ده‌وڵه‌تێك كۆچه‌رییه‌كان مووچه‌خۆر نه‌بوون. كه‌چی ته‌له‌فزیۆنی پۆپۆلیسته‌كان هانی ده‌دان داوای بڕینه‌وه‌ی مووچه له حكومه‌ت بكه‌ن. دواتریش هه‌ر ئه‌مانه دێن و قات له به‌ره پۆپۆلیسته‌كانی هاوڕێیان ده‌هێننه سه‌ر شاشه‌كه‌یان تا بڵێن: له هیچ شوێنێكی دونیادا نه‌بووه سه‌دی حه‌فتای خه‌ڵك مووچه‌خۆر بێت!
ئه‌وجا هه‌ندێ كه‌س كه خانوویه‌ك ده‌ڕووخێنن، یه‌كڕاست شۆفڵێكی لێ ده‌ده‌ن و تێكوپێكی ده‌ده‌ن به‌سه‌ر یه‌كدا، هه‌ندێ كه‌سیش پێویستیان به بلۆك و ده‌رگا و په‌نجه‌ره و پاشماوه‌ی خانووه‌كه هه‌یه، بۆیه بیشیڕووخێنن، هه‌مووی تێكناده‌ن. ده‌ی تۆش ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت بیڕووخێنیت، هه‌موو شت تێك مه‌ده مه‌عز بۆ خوا.