له نێوان پاسدار و جه‌ندرمه
ئێمه میلله‌تێكی موه‌قه‌تین، ماوه‌یه‌ك حه‌زمان له سه‌ر به‌خۆییه، پاش ماوه‌یه‌ك جاڕی خۆپیشاندان ده‌ده‌ین. هێشتا له خۆپیشاندان نه‌بووینه‌ته‌وه، داوای هێمنی و ئاسایش ده‌كه‌ین. خۆی ئه‌ساسه‌ن ئێمه له دیارده‌كانی دونیا ورد نابینه‌وه، به‌ڵكو ده‌ستیان تێوه‌رده‌ده‌ین.
شه‌ش ملیۆن كه‌سین، به‌رده‌وام جنێو به یه‌كتر ده‌ده‌ین، جه‌ندرمه‌مان بۆ بێت، جنێو به پارتی ده‌ده‌ین، پاسدارمان بۆ بێت، جنێو به یه‌كێتی ده‌ده‌ین. ئه‌گه‌ر هیچیشیان نه‌یه‌ن، جنێو به یه‌كتری ده‌ده‌ین. ئێمه هه‌رگیز ئه‌و ڕقه‌ی بۆ خۆمانی به كار دێنین، بۆ دوژمنه‌كانمان نه‌مان بووه، جاران دیار بوو هه‌موومان به گشتی ڕقمان له پاسدار و جه‌ندرمه‌ش بوو، به‌ڵام ئێستا دابه‌ش بووین، هه‌ندێكمان ڕقمان له پاسداره و هه‌ندێكیشمان ڕقمان له جه‌ندرمه‌یه.
بوونی یه‌ك كورد له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی، له كاتێكدایه كه 10 عه‌ره‌ب و 2 فارس و 3 تورك له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ساره‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌قڵ و لۆژیكیش به باشی ئیشی خۆی نه‌كات، حیساباته ماتماتیكییه‌كان پێمان ده‌ڵێت: شه‌ڕی جه‌سته‌یی كورد له‌گه‌ڵ 100 ملیۆن تورك و 80 ملیۆن فارس و سێسه‌د ملیۆن عه‌ره‌ب، حه‌تمه‌ن دۆڕانه‌كه‌ی مسۆگه‌ره.
مرۆڤێك ده‌توانێت له هه‌زار كه‌سی سه‌ر زه‌وی ژیرتر بێت، به‌ڵام زه‌حمه‌ته له ڕووی هێزی ماسولكه‌ییه‌وه له 15 كه‌س ئازاتر بێت. گرفته‌كه ئه‌وه‌یه كه تا ئێستا كورد، نه توانیویه‌تی بیسه‌لمێنێت هه‌ر مرۆڤێكی له 15 كه‌سی سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی ئازاتره، نه توانیویشیه‌تی بیسه‌لمێنێت له 15 كه‌س ژیر تره. جا هه‌ر میلله‌تێك، تاكه مرۆڤێكی له چه‌ند مرۆڤێكی دوژمنه‌كه‌ی ئازاتر یان ژیرتر نه‌بوو(وه‌ك ئیسرائیل)، حه‌تمه‌ن ده‌دۆڕێت.
هه‌تا ئه‌م ساته‌ی من ئه‌م وتاره‌ی تیا ده‌نووسم، مێژووی كورد هیچ شه‌ڕێكی تیا نه‌بووه كه دوژمن هاتبێته سه‌ری و به تێكڕا هه‌موویان به‌ره‌نگاری بووبێتنه‌وه. عوسمانی ده‌هات، كه‌سانێك شه‌ڕیان ده‌كرد و كه‌سانێكیش سه‌یریان ده‌كرد. سه‌فه‌وی ده‌هات كه‌سانێك سه‌نگه‌ریان گرت و كه‌سانێكیش سه‌یریان ده‌كرد. ئێوه بڕۆن مێژوو هه‌ڵده‌نه‌وه، ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه هه‌رگیز به تێكرا ڕووبه‌ڕووی دوژمنه‌كانیان نه‌بوونه‌ته‌وه. هه‌رچی میرنشینی هه‌بووه كه ڕووخاوه، میرنشینه‌كه‌ی تر سه‌یری كردووه یان چاوساغی بۆ دوژمن كردووه.
له سه‌رده‌می ڕژێمه دڕنده‌كه‌ی به‌عسیشدا، ژماره‌ی جاش حه‌ڤده هێنده‌ی ژماره‌ی پێشمه‌رگه بوو. تازه‌ترین شه‌ڕی مێژووی ئێمه، هاتنی ئۆردوویه‌كی هۆڤانی و بێ دیسپلینی وه‌كو حه‌شدی شه‌عبی بوو، هه‌ندێكمان شه‌ڕمان له دژی كرد و هه‌ندێكیشمان به پێشی ده‌كه‌وتین كه هه‌ولێریش داگیر بكات!
میری سۆران، وه‌ستا ڕه‌جه‌بی بۆ ڕاهێنان، نارده فه‌ره‌نسا و كه گه‌ڕایه‌وه شه‌شسه‌د تۆپی بۆ میرنشینه‌كه دروست كرد، كه‌چی له‌سه‌ر ده‌می داعش، هه‌ر وه‌فدێكمان ده‌چووه فه‌ره‌نسا، هه‌ر ڕه‌سمی له‌گه‌ڵ فرانسوا هۆلاند و ئیمانوێل ماكرۆن ده‌گرت و هاوه‌نێكیان دروست نه‌كرد.
لێره ڕۆژ ده‌بێته‌وه جنێو ده‌ده‌ین به یه‌كتری و لۆمه‌ی یه‌ك ده‌كه‌ین و یه‌كدی ده‌بوغزێنین، تاكه پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه‌یه كه تیایدا ماندوو نابین و یه‌ك سه‌ده‌یه به‌رده‌وامین له سه‌ری. باشی سیستمی دیكتاتۆری ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئه‌خلاقیشی نه‌مێنێت، ترسی ده‌مێنێت، ترس باشترین شته كه نه‌هێڵێت مرۆڤ بێ ئه‌خلاق بێت!
سیستمی ئێره دیكتاتۆری نییه، له ساده‌ترین مانایدا، سیستمی دیكتاتۆری ئه‌وه‌یه كه‌س جه‌ساره‌ت نه‌كات جنێو بدات، ئێ ئه‌وه نییه تۆ له فه‌یسبووك و له هه‌ر جێیه‌ك جنێو به عه‌رد و عاسمانیش ده‌ده‌یت و كه‌سیش گوللـه بارانت ناكات؟ خۆزگه مادام ئێمه سیستمێكی باشی دیموكراتیمان نییه، سیستمێكی ته‌واو دیكتاتۆری بووینایه، لانیكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌خلاق و ئه‌ته‌كێتی مامه‌ڵه‌مان له ده‌ست نه‌ده‌ین.