چوار كڵاشینكۆف و دوو فه‌رده ئارد بۆ په‌كه‌كه
خۆ ئێمه ئه‌وه‌نده‌ش كاره‌ساتبار نین كه پێوه‌ی ده‌ناڵین، نه وه‌ك یابانی (ته‌ل و ته‌كنه‌لۆژیا) له‌سه‌ر هێڵی بومه‌له‌رزه‌ین و نه وه‌ك ئه‌فریقای (برسی و سوتاو)یش گیرۆده‌ی ئایدز و ئیبۆلاین، به پێی پێویستیش نه‌وت و سامان له بن هه‌نگڵماندایه، هه‌یه و نییه كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییمان له گه‌ڵ سێ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رسه‌خت و سته‌مكار هه‌یه و سێ هه‌زار و یه‌ك كێشه‌ی خێڵه‌كیانه‌شمان له نێو خۆماندا هه‌یه.
خه‌ڵكانێك ڕقیان له پارتییه، پارتییه‌كانیش ڕقیان له‌و خه‌ڵكه‌یه كه ڕقیان له پارتییه، خه‌ڵكانێك ڕقیان له یه‌كێتییه، یه‌كێتییه‌كانیش ڕقیان له‌و خه‌ڵكه‌یه كه ڕقیان له‌مانه، ئیدی ئاوا له‌سه‌ر ئه‌م گه‌نم به گه‌نمه بڕۆ تا ده‌گه‌یته دواین حیزب، هه‌موویان بوونه‌ته كارگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌رهه‌م هێنانی ڕق له یه‌كدی.
جا ئێستاش دوژمن ڕاسته‌وخۆ خۆی وه‌كو جاران سه‌رباز و تانك و تۆپه‌كانی نا نێرێته سه‌رمان و ملیۆنان دۆلارمان تیا سه‌رف بكات، به‌ڵكو هه‌زاران كوردی بێبه‌ها وكرێگرته و شكاوی له ده‌وره كه ئه‌و كاره‌ی بۆ بكه‌ن.
كورد له‌گه‌ڵ ژێرده‌سته‌یی و كۆیله‌ییدا ڕاهاتووه و پێی نامۆ نییه، ئه‌و كێشانه‌ی كورد له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌یه‌تی، هه‌رگیز له ژێرده‌سته‌یی و كۆیله‌ییدا نایبێت، ئه‌گه‌ر ئێستا له سنه و مه‌ریوان و مهاباد، حیزبی دیموكرات حوكمی بكردایه، له مێژ بوو له‌سه‌ر ئه‌و برسێتی و گرانی و بێكارییه ده‌یانڕووخاند! كه‌چی بۆ حوكمه‌تی مه‌لا و پاسدار بێده‌نگ و ئاقڵ لێی دانیشتوون، سه‌یری كه‌ركووكیش بكه‌ن، تا به‌ده‌ست كورده‌وه بوو، ڕۆژ تا ئێواره خۆپیشاندان و هه‌را و فه‌رته‌نه و دروستكردنی گروپی داكۆكی له مافی خه‌ڵك و تایه‌سوتاندن و چوونه سه‌ر نووسینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و هتد بوو، كه‌چی ئێستا به ده‌ست حشدی شه‌عبییه‌وه‌یه، شاره‌كه بووه‌ته گۆمی مه‌نگ و كه‌س ته‌پوتۆزێك ناكات.
ئێمه هه‌موو جۆره كوردێكمان هه‌یه، هه‌م كوردی جاش و هه‌م كوردی باش، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌قه‌د ئه‌و كوردانه‌ی كه دڵیان لای بۆرمایه، كوردمان هه‌بوایه كه دڵی لای كوردستان بووایه، ئێستا دۆخه‌كه به جۆرێكی تر ده‌بوو، ئه‌گه‌ر به‌قه‌د ئه‌و كوردانه‌ی كه خه‌می فه‌له‌ستینیانه، كوردمان هه‌بوایه خه‌می كوردستانی بووایه، ئێستا كوردستان دیمه‌نێكی تری ده‌بوو! هه‌رچه‌ند سه‌یر ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر كوردستان هی كورد نه‌بوایه وڵاتێكی ڕازاوه ده‌بوو.
فارسه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت دروست بكه‌ن مه‌زهه‌بیان گۆڕی، توركه‌كان مه‌ككه و مه‌دینه‌شیان خسته سه‌ر سوڵتان نشینییه‌كه‌یان، كورده‌كانیش هه‌ر خه‌ریكی موناجات و ده‌ف له‌دان بوون، ئه‌مڕۆش گه‌وره‌ترین وه‌به‌رهه‌نانیان له جڕت و جنێودایه، ڕۆژانه كه‌م كورد هه‌یه كه لانیكه‌م جنێوێكی به كوردێكی تر نه‌دا بێت، جا یان له ناو تاكسییه‌كه‌یدا، یانژی له فه‌یسبووك، هه‌ر ئێستا سه‌یری كۆمێنتێكیش بكه له‌سه‌ر په‌یجه‌كه‌ی كوردستان بیستوچوار، حه‌تمه‌ن جنێوێكیش به من دراوه.
كورد بوون فیتره‌ته، ژێنه‌تیك و كرۆمۆسۆم و دی ئێن ئه‌یه، بۆیه ئه‌مه‌یان هیچ منه‌تێكی تیا نییه، به‌ڵام كوردانه ژیان (كه به هیچ جۆرێك نه‌ماوه!) گرنگه! جارێكی تریش وتوومه: ژماره‌ی ئه‌و كوردانه كه‌م بوونه‌ته‌وه كه له‌ت له‌تی كه‌ن بیكوژن هێشتا ده‌ڵێت كوردم ئه‌من مه‌ردم ئه‌من! من جارێكیان شه‌ڕواڵم له پێ كرد، هه‌رچی هاورێیه‌كم ده‌یبینیم پێی ڕاده‌بواردم، یه‌كێك ده‌یوت: ده‌ڵێی شوانیت! یه‌كێكی تر ده‌یوت: ئه‌وه چییه ئه‌چیت بۆ سوڵح؟ كورده‌كان ته‌نانه‌ت سوكایه‌تی به فه‌رهه‌نگی خۆشیان ده‌كه‌ن.
به‌عس ڕۆی، به‌ڵام به‌سه‌ر هه‌ر چیایه‌كی كوردستاندا هه‌ڵگه‌ڕێیت، بۆمب و مینی به‌عسی لێ ماوه، له هه‌موو چیا و چۆڵێكی كوردستان، فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری ئه‌وان مه‌رگی هه‌ڵڕشتووه، كه‌چی له ڕادیۆیه‌كی كوردیدا كوردێك ته‌له‌فۆنی كرد و وتی: سوێند به‌خوا به‌عس ئه‌نفالی نه‌كردووه، بێژه‌ره‌كه‌ش وتی: ڕاسته به‌عس سه‌دجار باشتر بووه، به‌ڵام با به‌م جۆره قسه نه‌كه‌ین.
ئاخر كوێی به‌عس سه‌د جار باشتر بووه، هه‌ی به نه‌فره‌ت بیت؟! كه‌س نییه پێی بڵێت ناماقووڵت كرد! لێره تۆ نا‌توانیت ڕه‌خنه له جاش و كرێگرته‌كان بگریت، كه‌س بۆی نییه ده‌مكوتیان بكات! له‌م ده‌وروبه‌ره‌دا هه‌ر حكومه‌تێك ڕووخابێت، له قازانجی كورد بووه، به‌ڵام تۆ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حه‌زیش بكه‌یت یه‌كێكیان بڕوخێت، كۆمه‌ڵه كوردێك هه‌یه كه له‌سه‌ر ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زووه‌ت جنێوت پێ بدات.
ئه‌مه هیچ به‌رنامه‌یه‌كی ستراتیژیمان نییه، هه‌موو شته‌كان له داخی یه‌كدی ده‌كه‌ین، حه‌تمه‌ن تۆ له‌داخی په‌كه‌كه ئه‌ردۆغانت خۆش ده‌وێت، له‌داخی پارتی په‌كه‌كه‌ت خۆش ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ١٠ ساڵ به چه‌ك و پاره یارمه‌تی شۆڕشی ئه‌یلولی دا، نه‌یهێشت كه‌س پێی بزانێت، ده‌یان ساڵ له دژی ڕوسیا پاره و چه‌كی دایه ئه‌لقاعیده و نه‌یهێشت كه‌س پێی بزانێت، تۆش چوار كڵاشینكۆف ده‌ده‌یته په‌كه‌كه، هه‌موو میت و جه‌ندرمه‌ی تورك چاویان لێیه‌تی.
یارمه‌تیدانی په‌كه‌كه هه‌م ئه‌ركێكی ئه‌خلاقییه و هه‌میش ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام یارمه‌تیدانی ڕاسته‌قینه، له بازنه‌ی نهێنیدا ده‌مێنێته‌وه و جیاوازه له كۆمه‌كی ئیعلامی و هه‌ڵا و فه‌رته‌نه‌ی سه‌ر تیڤی، ئه‌و هێزه‌ی كه ده‌یه‌وێت به جدی یارمه‌تی په‌كه‌كه بدات، نه هه‌ڵای له‌سه‌ر دروست ده‌كات و نه پڕوپاگه‌نده و موزایه‌ده‌ی پێوه ده‌كات! پێم وانییه په‌كه‌كه‌ش پێی خۆش بێت كه‌س هه‌ڵای پێوه بكات...
ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت یارمه‌تی په‌كه‌كه بدات، یارمه‌تییه‌كه‌ی بێنێت، من به جۆرێك ده‌ینێرم بۆ په‌كه‌كه، كه هه‌رچی ده‌زگای هه‌واڵگری دونیایه پێی نه‌زانێت! ئه‌مه چ جۆره یارمه‌تییه‌كه تۆ چوار فه‌رده ئارد و دوو كڵاشینكۆف بگه‌یه‌نیته قه‌ندیل، میت پێی بزانێت و وێڕای تۆپبارانكردنی قه‌ندیل، ئاسمانی توركیاش به ڕووی سلێمانی داخرێت؟!
تێبینی: هه‌رچی حیزبی كوردستانی و هه‌رچی تاكێكی كورده، پێویسته یارمه‌تی په‌كه‌كه بدات، به‌ڵام به نهێنی، چ مانایه‌ك له‌وه‌دایه كڵاشینكۆفێك بده‌یته كه‌سێك و دوو ئێف شانزه بنێریته سه‌ری؟!