ئێران پاش 24 كاتژمێر له‌ هێرشی سه‌ربازی چی به‌سه‌ر دێت؟

Kurd24

تا چوار مانگی تر، گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران قورستر و كه‌مه‌رشكێن تر ده‌بن، به‌درێژایی ٣٩ ساڵی ته‌مه‌نی ڕژێمی مه‌زهه‌بی ئێران، هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌مارۆی وا تووند و خنكێنه‌ری لێ نه‌كراوه‌، نیشانه‌كان وا ده‌ڵێن كه‌ تا ساڵی ٢٠١٩ كه‌ ڕژێم پێ ده‌نێته‌ چله‌مین ساڵی ته‌مه‌نییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌شڕووخێنرێت، هێنده‌ لاواز ده‌كرێت كه‌ هه‌ر خۆی نه‌گاته‌ ساڵی دواتر.

له‌ ئێستادا تاكه‌ كارتی فشاری ئێران، داخستنی گه‌رووی هورمزه‌، لە یەکەم ھەنگاوی شیمانه‌ی جموجوڵی سەربازی ئێراندا (كه‌ پێ ناچێت ھەرگیزهه‌ڵه‌ی وا لە کەنداو و بەتایبەتیش گەرووی ھورمز بکات!)، تەواوی بەندەر و کۆریدۆرە ئاوییەکانی لە دەست دەدات و بە زووییش تەواوی ھێزە دەریاییەکانی تێک دەشکێن، ئێران ئەو ھێزە نییە کە جورئەتی شەڕی دەریایی ھەبێت، ئەو سوور دەزانێت، ھەر شەڕێکی كلاسیكی دەریایی بۆ ئەو خۆکوژییەکی حه‌تمییه‌ لەبەرامبەر شەڕی مۆدێرنەی له‌یزه‌ر و موشه‌كی زیره‌كی ئەمەریکا، لە تەمەنی ٣٩ ساڵەی ئەم ڕژێمەدا، چەندین جاری تریش ھەڕەشەی داخستنی گەروی ھورمز و کەنداوی فارسی کردووە و ھیچ جارێکیش نەیتوانیوە بیباتە سەر!

ئەگەری ھەیە ئێران لە باب مەندەبەوە بەھۆی حوسییەکانه‌وه‌ کێشە بنێتەوە، بەڵام خۆی ئەو جورئەتەی نییە لە ھورمز ئاریشه‌ دروست بكات، هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سعودییه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ حوسییه‌كان و ده‌ركردنیان له‌ (حه‌دیدییه‌)، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ کارتی باب ئەلمەندەبیشی لە گیرفانی ئێراندا سوتاندووه‌!

تەنگەی ھورمز لە باریک ترین بەشیدا چل کیلۆمەتر پانایی ھەیە، ئەم ئاوڕێیە به‌ سنوری فه‌ڕمیئێران و عوماندا ده‌ڕوات، بەڵام قوڵترین شوێنی ئەم گەرووە بۆ کەشتییە زەبەلاحە نەوتکێشەکان، لەنێو سنوری ئاوی ئێراندایە، بۆیە ئێران جار بەجار ھەڕەشەی پێوە دەکات، یانی ئەو کەشتییانەی بە گەرووی ھورمزدا تێدەپەڕن، ھەر وەک ئەو کەشتیانە وان کە بە ناو گەرووی بۆسفۆری ئەستەنبوڵدا تێدەپەڕن و تورکیاش ھیچ ڕێگرییەکی پێ ناکرێت!

له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ئه‌م گه‌رووه‌ به‌ سه‌رزه‌مینی هاوبه‌شی عومان و ئێران حیسابه‌ و هیچ ڕێڕه‌وێكی ئازادی تێدا نییه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، گوزه‌ر به‌ ڕێڕه‌وه‌ ئاوییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، ته‌نیا له‌ دوو حاڵه‌تی (تێپه‌ڕینی بێ زیان) و (تێپه‌ڕینی ترانزێت) ڕێگه‌ پێدراوه‌، تێپه‌ڕینی بێزه‌ره‌ر واته‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێك بۆی هه‌یه‌ له‌و ئاوه‌ڕێیه‌وه‌ گوزه‌ر بكات، به‌ مه‌رجێك زه‌ره‌ر نه‌دات له‌ وڵاتانی ده‌وربه‌ری گه‌رووه‌كه‌، نه‌ ئێران و نه‌ ئه‌مه‌ریكاش، ئه‌ندامی كوانڤانسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ریایی نین، كه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٢دا یاساكانی ده‌ركرا، بۆیه‌ ئێران ده‌توانێت له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ڕێ له‌و كه‌شتییانه‌ بگرێت كه‌ به‌ زه‌ره‌ربه‌خش ده‌یان بینێت بۆ ئاسایشی خۆی، یاخود ده‌شتوانێت ڕایانگرێت و بیانپشكنێت، ئه‌مه‌ش ته‌واوی كه‌شتییه‌ جه‌نگی و سه‌ربازییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، نه‌ك كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌كان، له‌ رووی واقعییه‌وه‌، داخستنی گه‌رووی هورمز ته‌نیا به‌ڕێگه‌ی هه‌ڵایسانی جه‌نگ یاخود به‌شێوه‌ی ڕابردوو كه‌ ئێران كردوویه‌تی، واته‌ مینڕێژكردنی ڕێڕه‌وه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كرێت! له‌ ڕابردوودا ئێڕان رێی له‌ كه‌شتی بازرگانی ئه‌مه‌ریكی گرتووه‌ و له‌ رابردووتریشدا، به‌ هۆی مینڕێژكردنه‌وه‌، كه‌شتییه‌كی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكای ژێر ئاوخست!

ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئێران نا ئارامی له‌و گه‌رووه‌ دروست كرد، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ردوو سه‌كۆی نه‌وتی ساسان و تسعین و زیاتر له‌ نیوه‌ی هێزه‌‌ ده‌ریاییه‌كانی له‌ده‌ست دا و فڕۆكه‌یه‌كی  نه‌فه‌ربه‌ری (ئێران ئێر)یشی به‌ سه‌دان سه‌رنشینه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ خرایه‌ خواره‌وه‌! له‌ ساڵانی كابینه‌كه‌ی ئۆبامادا، ساڵی ٢٠١٥ ئێران ڕێی له‌ كه‌شتی بازرگانی مێرس-ی ئه‌مه‌ریكی گرت، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا ڕێی له‌ كه‌شتییه‌كی زه‌به‌لاحی  جه‌نگی ئه‌مه‌ریكی گرت، پێشتریش ساڵی ٢٠٠٩ پێنج سه‌ربازی ده‌ریایی به‌ریتانی ده‌ستگیر كرد، ئه‌مه‌ریكا ناچار بوو به‌ دوای ئه‌م ڕێگرییانه‌ی ئێران، به‌ كه‌شتی جه‌نگییه‌وه‌ پاسه‌وانی كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كانی خۆی بكات! له‌ نوێترین تویتی خۆیشیدا، دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك شانازییه‌ك بۆ خۆی و تانه‌دان له‌ ئۆبامای سه‌رۆكی پێشوو، ئاماری ڕه‌گرییه‌كانی ئێرانی له‌ كه‌نداوی فارس بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی ٢٠١٥ (٢٢) ڕێگری و له‌ ساڵی ٢٠١٦ (٣٦) ڕێگری و له‌ ساڵی ٢٠١٧ (١٤) رێگری، به‌ڵام له‌ ساڵی ٢٠١٨دا هیچ ڕێگرییه‌كی ئێران بۆ كه‌شتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دروست نه‌بووه‌! قۆناغی ترامپ بۆ ئێران به‌ تووندترین قۆناغی دژایه‌تی داده‌نرێت له‌ ٣٩ ساڵی ڕابردووی ته‌مه‌نی ئه‌م ڕژێمه‌دا!

ئه‌گه‌رچی له‌ سێ ده‌یه‌ی رابردوودا ئێران له‌ رووی سه‌ربازیشه‌وه‌ لاواز بوو، كه‌چیده‌یتوانی كێشه‌ بۆ كه‌شتییه‌ نه‌وتكێشه‌كان دروست بكات، به‌ڵام ئه‌مرۆ كه‌ توانا سه‌ربازیه‌كانی له‌چاو سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا به‌ ئاستێكی فراوان گه‌شه‌ی كردووه‌، پێ ناچێت توانا یاخود جورئه‌تی ئه‌و كاره‌ی هه‌بێت! چونكه‌ نه‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌رده‌می رۆناڵد ڕیگنه‌ و نه‌ ترامپیش هێنده‌ سوبعه‌ت چییه‌ كه‌ به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ له‌ ئێرانی قه‌بووڵ بكات.

له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بوونی ئەمەریکا لە کەنداوی فارسی، بەھۆی کارە ھەڵەکانی ئێرانەوە بوو، ئێران بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ڕێڕه‌وه‌ ئاویییه‌كانه‌وه‌‌، ھێرشی دەکردە سەر کەشتییە نه‌وتكێشه‌كان، بەلەمە خێراکانی سوپای پاسداران لە کەنداوی فارسی، ڕۆڵی چەتە دەریاییەکانی سۆماڵیان دەگێڕا و سوپای پاسداران ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانیان بۆمب ڕێژ دەکرد، هه‌موو ئەم عەنتەریاتە بۆ ئێران چووبووە سەر و بەردەوام ئەو کەشتییە بیانیانەی دەتەقاندەوە کە نەوتی عێراقیان بار ده‌كرد و عێراقیش وەڵامی ھاوشێوەی دەدایەوە و کەشتییەکانی ئەوانی دەسوتاند، دواجار لە یەکێک لەو جارانە، کەشتی نەوتکێشی کوەیتی لەلایەن ئێرانەوە پێکرا و کوەیتیش پەنای بۆ ئەمەریکا برد و ئەمەریکاش بەدەم سکاڵاکەیەوە ھات، ئیدی لێرەوە ئەمەریکا بوو بە پۆلیسی کەنداو. ھاوکات ئێرانیش بەپێچەوانەی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکان، هه‌ر بەردەوام بوو لەدانانەوەی مینەکانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتیش لە دژی کەشتییە جه‌نگییه‌كانی ئەمەریکا!

ساڵی ١٩٨٨ و لە کۆتاییەکانی شەڕی عێراق ئێران، بە ھۆی مینڕێژکردنی ڕێڕەوی نێودەوڵەتی دەریایی له‌ كه‌نداوی فارسی لە لایەن ئێرانەوە، کەشتی زه‌به‌لاحی جەنگیی ڕۆبێرتی ئەمەریکا پێوە بوو و بەتەواوەتی ژێر ئاوكه‌وت، ئەمەش ئەمەریکای تا دوا پلە تووڕە کرد و گەورەترین ئۆپراسیۆنی دەریایی لە دژی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدا و تەنیا لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا، زیاتر لە نیوەی ھێزی دەریایی ئێران و ھەردوو سەکۆی نەوتی (ساسان و سرعین)ی لەناو برد، تێکڕای ئەم کارەی لە ڕێی سێ کەشتی جەنگییەوە ئەنجامدا و پێویستی بە ھێزی زۆرتر و چەکی لەیزەر و فڕۆکەی زەبەلاحی بی٥٢ نەبوو! بەمەش ئێران تەواوی سیاسەتی جەنگی خۆی لە دەریادا گۆڕی و لە جەنگی ڕاستەوخۆوە کردی بە جەنگی پارتیزانی یاخود باشترە بڵێین كرده‌ی تیرۆریستی و خۆکوژی، ھەتا ئێستاش بەو ستراتیژەوە لە دەریایە و ئەمەشیان بەھیچ شێوەیەک کاریگەر نه‌بووه‌ و پێشتریش واتە لە ساڵی ١٩٨٧ نادری مەھدەوی( خۆکوژی سوپای پاسداران)کردەوەی خۆکوژی دژی کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکا لە کەنداوی فارسی ئەنجامدا، بەڵام ھەم خۆی بە دیل گیرا و ھەم گۆمی ناكۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانی قووڵتر كرده‌وه‌، كه‌ دواجار سه‌ری كێشا بۆ خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ئێرانی به‌ سه‌دان سه‌رنشینه‌وه‌ كه‌ تێكرایان گیانیان له‌ده‌ست دا !

کەواتە بیھێننە پێش چاوی خۆتان، سوپای ئێران لە دەریادا، ھەر بەقەد چەتەکانی سۆماڵ کاریگەری ھەیە و ئەگەر ئەمەریکا وەک ساڵی ١٩٨٨ دەستی لێ بکاتەوە، تەنیا بە ٢٤ سەعات ھیچ ڕێڕەو و کۆریدۆرێکی دەریایی لەژێر دەستدا ناھێڵێت و تێکڕای ھێزە دەریاییەکانیشی تار و مار دەکات و دوور نییه‌ له‌ رووی زه‌مینی و هه‌واییشه‌وه‌ هێرشی كه‌مه‌رشكێنی بكاته‌ سه‌ر، یانی هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی ئێران ده‌بێته‌ بیانوویه‌كی گونجاو بۆ ئه‌مه‌ریكا كه‌ گورزی لێ بوه‌شێنێت، ئێران خۆیشی ئەمە باش دەزانێت و ھەڵەی وا ناکات گەروی ھورمز دا بخات یاخود کێشەی تیا بنێتەوە، گه‌ر ڕووش بدات، ھەموو توانای ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، واتە بۆ پەکخستنی گەرووی ھورمز، تەنیا ٢٤ سەعاتە و پاشان لە لایەن ئەمەریکاوە بە لە ناوچوونی هێزی ده‌ریایی سوپای پاسداران دەیکاتەوە!