دەم پارتی پشتیوانیی لە بانگەوازی باخچەلی بۆ پێکهێنانی کۆمیسۆنێکی پەرلەمانی دەکات

لۆگۆی دەم پارتی
لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی پشتیوانیی لە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی دەکات بۆ پێکهێنانی کۆمیسۆنێک بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا.

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند "دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بانگەوازی کردووە و دەڵێت 'پێویستە هەرچی زووە پرۆسەی چارەسەری لە ڕێگەی کۆمسیۆنێکی پەرلەمانی بەرێوەبچێت.' ئێمەش وەک دەم پارتی، هەمیشە دووپاتمان کردووەتەوە، شوێنی سەرەکیی پرۆسەکە پەرلەمانە. زۆر گرنگە کۆمسیۆنێک لە پەرلەمان بێتە ئاراوە و بە تەواوی هاوڕاین لەگەڵ بانگەوازەکەی باخچەلی."

پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، باسی لەوەش کردووە "ئیتر ڕێکخستنە یاساییەکان بۆ دیموکراسیکردن پێویستە لە ڕێگەی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانییەوە تاوتوێ بکرێن. زۆربەی پارتەکان ڕوانگەیەکی ئەرێییان بۆ بانگەوازەکە هەیە و  هەر بۆیە پێویستە ئاکپارتی بەبێ هیچ دواکەوتنێک بۆچوونی خۆی لەم بارەیەوە دەرببڕێت."

 بوڵدان، بە پێویستیشی دەزانێت "کۆمیسیۆنەکە پێش کۆتایی ئەم خولەی یاسادانان دابنرێت، چونکە پەرلەمان تاوەکو 15ـی تەمموز کارەکانی بەڕێوە دەبات. دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنە و دەستپێکردنی کارەکانی بەشدارییەکی ئەرێنی لە پرۆسەکەدا دەکات."

 پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتیشی:هەنگاونان بۆ چارەکردنی پرسی کورد بە واتای هەنگاونانە بۆ دیموکراسیبوون و پێویستییان بەکۆمیسیۆنێکە ئەو خاڵانە چارە بکات کە لە چارەکردنی پرسی کورددا گەیشتوونەتە بنبەست."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای پێنجەمین سەردانی بۆ لای عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەئەمڕۆ دووشەممەوە، 19-05-2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، دەستی بە دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی کردووە. 

سەعید ئۆزمەن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، شاندی دەم پارتی ئەمڕۆ سەردانی هەردوو پارتی (دەڤا و سەعادەت)ـی کردووە و بڕیارە سبەینێ سێشەممە، 20-05-2025، سەردانی جەهەپە و پارتی ئاییندە دەکات. 

ڕۆژی یەکشەممە، 18-05-2025، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێک هاتبوو؛ سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆ بووەوە.  

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، دەم پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، عەبدوڵلا ئۆجەلان لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیا گوتوویەتی: ''براکان شەڕ دەکەن، بەڵام هیچیان بەبێ ئەوەی دیکە هەڵناکات. پێویستمان بەوەیە، ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لەسەر مافی برایەتی ئیمزا بکەین''.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment