تارانییەکان لە ئاست بڕیارێکی ترەمپ کاردانەوەی جیاوازیان هەیە

بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گەشت لە خەڵکی 12 وڵات بۆ ئەمەریکا قەدەغە کرایەوە، لە نێویاندا ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی هاووڵاتییانی ناتوانن گەشتی ئەمەریکا بکەن، لە بەرانبەردا ئێرانییەکان کاردانەوەی جیاوازیان هەیە؛ بەشێكیان پێیان وایە پێویستیان بە گەشتی ئەمەریکا نییە و بەشێکیش دەڵێن: خەڵکی ئێران توانای سەردانی ئەمەریکایان نییە.

ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس لە تاران لەسەر بڕیارەکەی ترەمپ خەڵکی ئاسایی دواندووە و کاردانەوەکانی کردووەتە ڕاپۆرتێک، بەڵام بەبێ ئەوەی ناویان بڵاو بکاتەوە؛ هاووڵاتییەکی ئێرانی و دانیشتووی تاران دەڵێت: ئەگەر ئەوانەی لەوێن، منداڵانی بەرپرسانن، دەر بکرێن باشە، خۆ ئێمەومانان ناتوانین بچین بۆ ئەمەریکا.

دەشڵێت: %80ی خەڵکی توانایان نییە، گەشتی ئەمەریکا بکەن، بەڵام ئەوانەی لەوێن، ئەگەر دەریان بکەن زۆر باشە، چونکە بوونەتە مایەی ئابڕوو بردنی ئێران لە جیهاندا، هەموو جیهان خەڵکی ئێران بە تیرۆریست دەزانن.

ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، لە کاتێکدایە کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا لە دانوستانی ڕێککەوتن و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانە، لە هەمانکاتدا یادی 36 ساڵەی کۆچی دوایی، ڕوحوڵڵا خومەینی، ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران دەکرێتەوە، کە ساڵی 1989 لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دانیشتووێکی دیکەی تاران پێیوایە هیچ پێویستیان بە گەشت بۆ ئەمەریکا نییە و دەڵێت: زێدەڕەوییە دەکەن، ئێمە هیچ حەزمان لە گەشتی ئەمەریکا نییە و هەرگیز نەمانویستووە مۆڵەتی هیچ شتێک لە ئەمەریکا وەرگرین، هەربۆیە هیچ بایەخێک بە بڕیارەکەی ترەمپ نادەین.

ئافرەتێکی بەتەمەنیش دەڵێت: ئەوانەی کەسوکاریان لەوێیە مافی خۆیانە بچن، بەڵام دەستەیەک خەڵکی خراپ و تیرۆریست دەیانەوێ بچن، بۆ ڕێگری لەو کەسانە بەرنامە و کارەکەی بەجێیە.

بڕیارەکەی ترەمپ، سەبارەت بە قەدەغەی گەشتی خەڵکی 12 بۆ ئەمەریکا، کارا کردنەوەی بڕیارێکی پێشترێتی کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دا دەری کردبوو، جارێکی دیکە هەمان بڕیاری زیندوو کردووتەوە.

پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا، لە دوای ئینقلابی ئیسلامی ئێران بە ڕابەرایەتی خومەینی، لە سەرەتاکانی ساڵی 1979 تێکچووە، پاش ئەوەی شای ئێران، محەممەد ڕەزا پەهلەوی لە 16ی کانوونی دووەمی 1979 وڵاتەکەی بەهۆی ئینقلاب جێهێشت، لە 11ی شوباتی هەمان ساڵدا پەیوەندییەکانی واشنتن – تاران بە تەواوی تێکچوون.

 
Fly Erbil Advertisment