11 ساڵ بەسەر داگیرکردنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە تێ دەپەڕێت

دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، تا ئێستاش مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوەکە هەیە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە.

دوای بێباکی و کەمتەرخەمیی حکوومەتی عێراقی لە جموجووڵی گرووپە توندڕەوەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری مووسڵ، لە 10ی حوزەیرانی 2014 ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشی کردە سەر مووسڵ و دەستی بەسەر شارەکەدا گرت، لە کاتێکدا زیاتر لە 55 هەزار سەرباز و پۆلیسی فیدراڵی لەوشارەدا بوون.

سوپای عێراق تووشی شکستێکی کەمەرشکێن بوو و هەزاران چەکی سووک و قورسی بۆ چەکدارانی داعش جێهێشت.

تەنیا دوو ڕۆژ دواتر، داعش هێرشی کردە سەر شاری تکریت، زیاتر لە هەزار و 700 خوێندکاری کۆلێژی سوپای ئاسمانیی عێراقی کۆمەڵکوژ کرد. کە بە کۆمەڵکوژیی 'سپایکەر' ناسراوە.

لە 29ی حوزەیران، گوتەبێژی داعش لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، بەناو 'خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' ڕاگەیاند، ئەبوبەکر بەغدادیشی وەک خەلیفەی دەوڵەتەکە ناساند.

ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرە بەرە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی فراوان دەکرد و تا دەهات گوند و شاری زیاتری لە عێراق داگیر دەکرد. تا گەیشتە ئەوەی تیرۆریستان لەسەدا 40 خاکی عێراقیان لە ژێر دەستدا بوو.

هەڕەشە و دڕندەیی داعش مەترسییەکی جیهانی بوو، بۆیە لە 8ی ئابی 2014دا ئەمەریکا یەکەمین هێرشی ئاسمانی لە دژی تیرۆریستانی داعش کرد.

دواتریش لە 10ی ئەیلولدا، بە بەشداری 87 وڵات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەسەرکردایەتەی ئەمەریکا پێک هێنرا.

هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بووە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەکە و کاراترین ڕۆڵی لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش گێڕا و بە هەزاران شەهید لەم پێناوە درا.

یەکەمین هێرشی زەمینیش لە دژی تیرۆریستانی داعش، لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کرد.

هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی، بووە فریادڕەس و ڕزگارکەری عێراق و جیهان بە گشتی، لە دەستی چەپەڵی تیرۆریستانی داعش.

پیتەر گاڵبرێت، باڵیۆزی پێشووتری ئەمەریکا لە عێراق، بــە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەگەر کوردستان نەبایە، عێراق لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا دەبوو. ئەوە کوردستان بوو بەرگری کرد. سوپای عێراق زیاتر لە 30 هەزار سەربازی بە چەکی ئەمەریکییەوە لە مووسڵ هەبوو. لەلایەن هەزار و 500 چەکداری داعش بەسەر پیکاب هێرشیان کرایە سەر. سوپای عێراق لە 48 کاتژمێردا تێک شکا."

دوای 11 ساڵ دڕندەیی و کۆمەڵکوژییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرانبەر بە خەڵکی بێتاوان تا ئێستا لە هزری مرۆڤایەتیدا زیندوون و کاریگەرییەکانی بەسەر تەواوی عێراقدا ماوە.

تا ئێستاش مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە و ئەو ڕێکخراوە هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment