شاخەوان عەبدوڵڵا: پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی زیانی بۆ هەموو عێراقییەکان هەیە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جەختی لە پێویستی وڵاتەکە بە هێزەکانی هاوپەیمانان کردەوە، بەهۆی ئەوەی داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە. لە بارەی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبییەوەش دەڵێت: پرۆژە یاساکە لە پەرلەمان تێناپەڕێندرێت، چونکە زیانی بۆ هەموو عێراقییەکان هەیە.
یەکشەممە 31ـی ئابی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە داخەوە هێشتا پیلانگێرییەکان لە کەرکووک کۆتایی نەهاتووە، بۆیە لە کاتێکی وەک ئێستا دۆخی پارێزگاکە شەڕە دەنووک هەڵناگرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، هەر کەموکوڕییەک لە بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکووک هەبێت کاتێک من دەست نیشانی دەکەم پێویستە پارێزگاری شارەکە چارەی بکات، ئەم کارەش لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی کەرکووکە.
باسی لەوەش کرد، "پێویست ناکات خەریکی وەڵام و وەڵامکاری بین، پێویستە هەموومان لە خزمەتی خەڵکی پارێزگای کەرکووکدا بین، لە ماوەکانی ڕابردوو کۆمەڵێک بەڵێنمان دا بۆ خزمەتکردنی شارەکە و دانیشتووانەکەی، سوپاس بۆ خوا هەموومان جێبەجێ کرد".
لە بارەی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبییەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: ئەو پرۆژە یاسایە لە پەرلەمان تێناپەڕێندرێت و پەسەند ناکرێت، چونکە ئەم پرۆژە یاسایە زیانی بۆ هەموو عێراقییەکان هەیە.
هاوکات لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە، ڕایگەیاند: عێراق هێشتا پێویستی بە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانە، چونکە تا ئێستا داعش بە تەواویی لەناو نەچووە و مەترسیی بۆ سەر وڵاتەکە هەیە، بە تایبەت لەو ماوانەی کۆتاییدا جموجۆڵیان زیادی کردووە.
سەبارەت بە چارەنووسی مووچە مانگەکانی حەوت و هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاشکرای کرد، دەبوو مانگێک لەمەوبەر مووچەی مانگی شەش بنێردرابا نەک تا ئەمڕۆ دوابخرێت، دەبوو ئەمڕۆ قسەمان لەسەر مووچەی مانگی حەوت کردبا، بەڵام زۆر بە داخەوە بەرپرسانی بەغدا چێژ لە برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبینن.
جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنەکان جێبەجێ کردووە و هیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەماوە تا مووچە نەنێرێت.