بەرپرسێكی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سووریا داوا دەكات بە توندی وەڵامی ھێرشەكانی ئەسەد بدرێتەوە

“ئەگەر ھێرشەکانی سوپای سووریا بەردەوام بێت، رەنگە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان ناچار بن بایکۆتی دانووستانەکانی جنێڤ بکەن”

K24 – ھەولێر:

بەرپرسێکی باڵای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا داوا لە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات بە توندی وەڵامی ھێرشەکانی سوپای سووریا بدەنەوە و سوپاکەی رژێمی ئەسەدیش بەوە تۆمەتبار دەکات ھەلی ئاگربەستەکەی قۆستووەتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی زیاتر.

ئەسەد ئەلزوعبی، بەرپرسێکی باڵای لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا لە دانووستانەکانی جنێڤ،  پەیامێکی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكردووەتەوە، گومانی لە نیازەکانی رژێمی ئەسەد ھەبوو لە کۆبوونەوەکان و رایگەیاند ئەو لەوبڕوایەدایە نییە کە ئەو کۆبوونەوانە سەرکەوتوو بن.

ئەسەد ئەلزوعبی گوتیشی: ئەگەر ھێرشەکانی سوپای سووریا بەردەوام بێت، رەنگە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان ناچار بن بایکۆتی دانووستانەکانی جنێڤ بکەن و ھەروەھا دەشڵێت، دانووستانەکان ھیچ سوودێکی نابێت ئەگەر داوای سەرەکی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان جێبەجێ نەکرێت کە ئەویش دەستپێکردنی قۆناغی رەگوزەری سیاسییە لە سووریا بەبێ بەشار ئەسەد.

لە 27 شوباتی ئەمساڵ ئاگربەست لە نێوان لایەنەكانی سووریا راگەیندرا و كە ھەریەك لە رژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە، بەڵام ئاگربەستەكە بەرەی نوسڕە و داعش ناگرێتەوە، چەندین جار ئۆپۆزسیۆنی سووریا سوپای ئەسەدی تۆمەتبار كردووە، بە شكاندنی ئاگربەست.

Fly Erbil Advertisment