هاوپەیمانان پەیامێکی راستەوخۆ ئاراستەی "تیرۆرستان" دەکات
پەیامیک لە هاوپەیمانانەوە...

K24 - هەولێر
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رۆژی هەینی رایگەیاند لە ئەنجامی بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە نزیک کەرکووک، 10 چەکداری داعشیان کوشتووە، کە یەکێکیان ئەبو یاسرە، گەورەترین سەرکردەی داعش لە عێراق.
وەین مەرۆتۆ، گوتهبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە زنجیرەیەک تویتدا رایگەیاندووە، ئەوان بەردەوامن لە لەناوبردنی سەرکردەکانی داعش، دەڵێ "ئەبو یاسر، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە 27-1-2021 لەنزیک کەرکووک کوژرا... لەو ئۆپەراسیۆنەدا 10 تیرۆرستی داعش کوژران. کوژرانی یاسریش، شکستێکی دیکەی گەورەیە بۆ هەوڵەکانی زیندووبوونەوەی داعش لە عێراق".
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشكرای دهكات لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، 82 ئۆپەراسیۆنیان لە عێراق و سووریا لەدژی داعش ئەنجامداوە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی بەئامانجکردنی سەرکردەکانی داعشیش لە عێراق، ئاماژە بەوە دەکات "لەکاتێکدا سەیری زیانەکانی سەرکردایەتی داعش لە عێراق دەکەین، جەخت دەکەینەوە لەوەی ئەو سەرکەوتنە بە یارمەتیی هەواڵگری و، یارمەتیی هەواڵگریی عێراق و ئەفسەرە ئازاکانیان بەدەستهاتووە".
وەین مەرۆتۆ، راستەوخۆ پەیامێکیشی ئاراستەی "تیرۆرستان" کردووە و، دەڵێ "تیرۆرستان، ئێوە هەرگیز لە خۆشیدا ناژین و هەتاوەکو کۆتایی زەوی راوتان دەنێین".