راگەیەندراوێک لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

"پەرلەمانتارێکی عێراقی تۆمەتێکی کوێرانەی خستووەتە پاڵ هەرێمی کوردستان"

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان

K24 – هەولێر

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی پەرلەمانتارێکی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت" تۆمەتێکی کوێرانەی خستووەتە پاڵ هەرێمی کوردستان".

لە راگەیەندراوەکە هاتووە: "پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق بە ناوی حاکم زاملی لە میدیاکاندا تۆمەتێکی کوێرانەی خستووەتە پاڵ هەرێمی کوردستان، کە گوایە "هێڵێكی تیرۆریستی له‌ توركیاوه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ به‌ هه‌ولێر و پاشان كه‌ركووك و به‌ره‌و دیاله‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت"، ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیمان لەم جۆرە لێدوانانە، کە نەک هیچ سوودێکیان نییە، بەڵکو هۆکاریشن بۆ لێکدوورکەوتنەوە و نەمانی متمانەی لایەنە عێراقییەکان، وەبیر هەموو لایەک دەھێنینەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە لە ریزی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بووە و  لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامە لە بەرگریکردن لە خاکی نیشتمان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بە هەزاران کەسی قارەمانمان لە پێناو پاراستن و ئاسایشی کوردستان و عێراق، شەهید و بریندار بوون".

لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیار ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەم جۆرە لێدوانانە تەنیا خۆ دزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر کەموکورییەکانی دۆخی ئاسایشی ناوچەکانی دیکەی عێراق، و باشتر وایە لە جیاتی تۆمەتهەڵبەستن بۆ یەکتری، هەموو لایەک توانا و کۆششیان یەکخەن لە پێناو ئاسایش و ئارامی و دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم هاونیشتمانیان".

Fly Erbil Advertisment