حکومەتی هەرێم هۆکارەکانی گرانی نرخی بەنزین ئاشکرا دەکات
جێگری سەرۆکی حکومەت: لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوین بڕێکی زیاتری بەنزین بنێردرێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سێ هۆکار هەن بۆ گرانی نرخی بەنزین، لە هەوڵدان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند: "وەک حکومەت باجمان زیاد نەکردووە، سێ هۆکار هەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، یەکەمیان بەشێکی زۆری ئەو بەنزینەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، دووەم بەنزین بەرهەمێکی نەوتییە، هەرکاتێک نرخی نەوت بەرزبووەوە بەنزینیش گران دەبێت، هۆکارێکی دیکە کە جیاوازی لە نرخی بەنزین لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، ئەوەیە حکومەتی فیدراڵی پاڵپشتییەکی زۆری کەرتی بەنزین دەکات، بەڵام باری ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان لەو ئاستە نییە تا ئێمە بتوانین وەک حکومەتی عێراق ئەوە بکەین، بەڵام دەتوانین هەوڵی ئەوە بدەین ئەو بەنزینەی لە دەرەوەی وڵات دێت بە هەرزانتر بگاتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ هاوسەنگی راگرین لەنێوان کوالێتی و نرخ، دەبێ رێگری لەوە بکەین فرت و فێل لە ئۆکتانی بەنزین بکرێت".
گوتیشی: "لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتووین، کە بڕێکی زیاتری بەنزین بنێردرێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، کە دەبێتە هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزین، جگە لەوەش هەندێک رسومات لە دەروازەکان هەبوو کەممان کردووەتەوە".