پلاسخارت: نزیکەی 30 هەزار عێراقی لەنێو کەمپی هۆل دەژین

"زۆربەیان تەمەنیان لە خواروی 17 ساڵانە"

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

K24 - هەولێر

نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی هۆل و گەڕاندنەوەی عێراقییەکان ناو کامپە رایگەیاند، ئەو پرسە پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە. ئاشکراشیکرد، نزیکەی 30 هەزار عێراقی لەنێو کەمپی هۆل دەژین و زۆربەشیان تەمەنیان لە خوار 17 ساڵانەوەیە.

جێنین هێنیس پلاسخارت، گوتی: "پرسی کەمپی هۆل، پرسێکی ئاڵۆزە بۆ عێراق، ئەمەش بەوەی کە زۆر نزیکە لە سنوورەکانی عێراق و نزیکەی 30 هەزار عێراقیش لەو کەمپەدان و چارەنووسیان نادیارە، لە دۆخێکی خراپیشدان. لەماوەی رابردووشدا، کەمپی هۆل بارودۆخێکی نائارامی لە عێراق و باکووری رۆژئاوای سووریا دروست کردووە، بۆیە دەبێت کێشەی کەمپی هۆل چارەسەر بکرێت".

گوتیشی: "بەشێکی زۆری دەستگیرکراوانی ناو کەمپی هۆل لە خوار تەمەنی 17 ساڵیدان، نابێ منداڵانی نێو کەمپەکە سزا بدرێن. لەگەڵ ئەوەش عێراق هەوڵدەدات عێراقییەکانی ناو کەمپەکە بگەڕێنێتەوە، بەڵام بەربەستی گەورە لەبەردەم گەڕاندنەوەی خێزانەکانی ناو کەمپی هۆل هەیە، بۆیە پرسی کەمپی هۆل و چارەسەرکردنی پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە".

کەمپی هۆل، کەوتووەتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، پێشتر بۆ پەنابەرانی عێراقی لەسەر سنووری عێراق و سووریا لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دروستکراوە، لەدوای سەرکەوتن بەسەر داعشیش، خێزانی هەزاران چەکداری داعشی لێ نیشتەجێ کراوە.

Fly Erbil Advertisment