رۆمیۆ هەکاری: ئەم بێ رێزیکردنە بە شکۆی خانەنشینان دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت
"رێکاری پەرلەمانی پێویست دەگرینە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم شێوازە ناڕێکەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان"

K24 - هەولێر:
رۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لیژنەی لاوەکی پێکدەهێنین بۆ بەدواداچون و رێکاری پەرلەمانی پێویست دەگرینە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم شێوازە نارێکەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان و بۆ پاراستنی شکۆیان.
سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتی، "سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە و ئەو بێ ڕێزیکردنەی بەرامبەر خانەنشینانی ئازیزی وڵاتەکەمان دەکرێت لە بەرێوەبەرایەتیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەکاتی موچە وەرگرتندا، نیگەرانی خۆمان دەردەبرین وئەم بێ رێزیکردنە بە شکۆی خانەنشینان دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت و ئاستێک بۆ ئەم کەمتەرخەمیانە دابنرێت."
رۆمیۆ هەکاری گوتیشی: "لەم رووەوە ئێمە وەکوو لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کورردستان، لیژنەی لاوەکی پێکدەهێنین بۆ بەدواداچون و رێکاری پەرلەمانی پێویست دەگرینە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم شێوازە نارێکەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان وبۆ پاراستنی شکۆیان."
زیاتر لە چەند جارێکە قورسی و ئاڵۆزی بۆخانەنشینانی پارێزگای سلێمانی لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان دروست دەبێت و مانگی رابردووش دوو مووچەخۆری خانەنشین لەکاتی سەرەگرتن بۆ مووچەکانیان گیانیان لەدەستدا.