مەلا بەختیار: بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێداگیری هەیە

"کێشەی سەرەکی دۆخی ئێستای عێراق پۆستی سەرۆک وەزیرانە نەک پۆستی سەرۆک کۆمار"

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

K24 – هەولێر

مەلا بەختیار رایدەگەیەنێت، لەلایەن ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، پێداگری هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. دەشڵێت: کێشەی سەرەکی دۆخی ئێستای عێراق پۆستی سەرۆک وەزیرانە نەک پۆستی سەرۆک کۆمار.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئومێدێک پەیا بووە کە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت، پلاسخارت پەیامی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێیە و باڵیۆزی ئەمەریکاش پەیامی وڵاتەکەی پێیە و پشتیوانی لە قسەکانی پلاسخارت دەکات، ئەوە مانای ئەوەیە پێداگیریەک لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، گرنگ نییە ئەگەر چەند مانگێکیش دوا بکەوێت یان کەی دەکرێت، گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف بێت".

سەبارەت بە دۆخی عێراق، مەلا بەختیار گوتی: "کێشەکان لە عێراقەوە بەهۆی سەرۆک وەزیران و چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ گیریان خواردووە، کێشەکە لە بنەمادا پۆستی سەرۆک کۆمار نییە، بەڵکو شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران کێشەیان هەیە، راستە لەنێوان پارتی و یەکێتی کێشە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە پۆستی سەرۆک وەزیرانە، نەک رێکنەکەوتنی کوردەکان".

گوتیشی: "ئەگەر حکومەتی عێراق دەستووری جێبەجێکردبا ئێستا کێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا رووینەدادا، ئەگەر ماددەی 140ی جێبەجێ کردبا ئێستا کێشەی نەوت و غاز نەدەبوو، پرسیار ئەوەیە حکومەتی عێراق بۆچی پرسی مووچە و بودجە و یاسای نەوت و غاز چارەسەر ناکات، بۆیە کێشەکان بە بنەڕەتدا لە ئەستۆی حکومەتی عێراق، هەروەها حکومەتی هەرێم کاتی زۆری لەدەستدا، دەبوایە دەمێک بوو کێشەکانی جێبەجێ نەکردنی دەستوور، یاسای نەوت و غاز، بودجە و مووچە، پڕ چەک کردنی پێشمەرگە چارەسەر کردبا، چونکە لەسەر حەقە پێداگری لەسەر بکردایە".

Fly Erbil Advertisment