قوباد تاڵەبانی: بەردەوام بن لە چاکسازی ئیداری
"یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەت نەهێشتنی رۆتینە"

K24 - هەولێر
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەکان، رایگەیاند: بەردەوام بن لە چاکسازی ئیداری لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەکانی سەر بە دیوان کۆبووەوە و داوای لێکردن بەردەوام بن لەچاکسازی ئیداری لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان.
قوباد تاڵەبانی، راشیگەیاندووە، سیستەمی کارکردن لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بەچاکسازی بەردەوام هەیە. جەختیشیکردەوە کە "یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەت نەهێشتنی رۆتینە لە دامودەزگاکاندا و لەو پێناوەشدا پڕۆژەی خزمەتمان سەرپێ خستووە کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو پڕۆژەیە نەهێشتنی رۆتینە".
ئەوەشخراوەتەڕوو، د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و سەرۆکی فەرمانگە و بەڕێوبەرەکان لە کۆبوونەوەکەدا، تێبینی و پێشنیارەکانیان خستەروو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە و پێکەوە پلانی چارەسەر کردنیان بۆ ئامادەکرد.
