قەیرانەکانی جیهان دەبرێنە ناو کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک 2022 - فۆتۆ: AA
کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک 2022 - فۆتۆ: AA

K24 - نیویۆرک

بە بەشداری 150 کەسی یەکەمی 193 وڵات، کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت. سەرکردەی وڵاتان تاوتوێی هەموو ئەو قەیرانانە دەکەن کە بەرۆکی جیهانیان گرتووە لەنێویاندا شەڕ، گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچبەربوون، ئاسایشی خۆراک و چەندین کێشەی دیکە. کۆبوونەوەی ئەمساڵی نەتەوەیەکگرتووەکان بە پێچەوانەی دوو ساڵی رابردوو، کە بەهۆی کۆرۆنا بەشێوەی ئۆنلاین و تێکەڵ بەڕێوەچوون، بە لێدوانی سەرنجڕاکێشی بەشداربووان گەرم و گوڕی زیاتری پێوە دیارە.

جارێکی دیکە کۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆکردەوە، 77مین کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی چەند کێشەیەکی کەڵەکەبوو، کە تەواوی جیهانیان بەخۆوە سەرقاڵ کردووە، پڕە لە گوتار و لێدوانی سەرنجڕاکێشی بەشداربووان.

ساموێل وربێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ی گوت: "کاری لەپێشینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەمساڵدا بریتییە لە تیش خستنە سەر گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی خۆراک، ئاڵنگاری تەندروستیی جیهانی و ناکۆکییەکانی جیهان لەنێویاندا شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا".

جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کە لە حەفتەمین مانگی دایە و بە درێژترین و خوێناویترین شەڕ لە مێژووی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە دادەنرێت، زۆرینەی سەرۆکەکانی بۆ خۆی کێش کردووەوە و کەم سەرکردە هەیە لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا بەشی زۆری گوتارەکەی بۆ ئەم پرسە تەرخان نەکات. بەهۆی ئەم شەڕەوە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە ئۆکراینا کۆچبەر و ئاوارەبوونە، و نزیکەی شەش هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسانی رۆژئاوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رووسیا بە دەستدرێژی بۆ سەر خاکی وڵاتێکی دیکە تۆمەتبار دەکەن، لەماوەی رابردووشدا سزایان بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە.

سێرگەی کێسلێتسیا، باڵیۆزی ئۆکراینا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: "ئاستی ناسەقامگیری و خراپی دۆخی ئاسایش لە جیهاندا بەهۆی رووسیاوە هاوشێوەی نەبووە. ئەم دۆخە تەنیا دەتواندرێت بە دۆخی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی بەراورد بکرێت. بۆیە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە شەڕەکە رابگرێت، بەڵام بەو شێوەیە راناگیرێت لەسەر خاکی ئۆکراینا سوپای رووسیا شکست پێبهێنیت، چونکە هۆکارە بنەڕەتییەکان کە رێگەیان بە رووسیا داوە ببێتە دەوڵەتێکی دەستدرێژیکار دەبێت نەهێڵرێن."

کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە جیهان گیرۆدەی چەندین کێشەیە. شەڕ، گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچبەربوون و ئاوارەبوون، هەژاری و برسییەتی، قەیرانی وزە و خۆراک ئەو کێشانەن کە تاوەکو ئێستا ئاسۆی چارەسەریان بە لێڵی ماوەتەوە، بۆیە دیارنییە ئەم کۆبوونەوەیە تا چەند چارەسەر بەدوای خۆیدا دێنێت.

Fly Erbil Advertisment