دەمیرتاش: هەندێک لایەنی کوردستانی وەک بازاڕی بە دەستهێنانی کورسی لە هەدەپە دەڕوانن

سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ کوردستان24: لەمە بەدواوە هیچ کەسێک ناچار نییە دەنگ بە ئۆپۆزیسیۆن بدات

K24 - ئەنقەرە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ئێستا لە بەندیخانەی جۆریی F لە شاری ئەدیرنە بەندکراوە، رایگەیاند، "گوتەبێژانی پارتەکەمان دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی 2019 چەندین جار ئاماژەیان بەوەکرد کە لەمە بەدواوە هیچ کەسێک ناچار نییە دەنگ بە ئۆپۆزیسیۆن بدات و پشتگیری لە هیچ کەسێک ناکرێت ئەگەر کورد وەک یەک ئیرادە هەژمار نەکرێن".

هاوکات سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا، تائێستا شەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکەی تورکیا سیاسەتێکیان دانەڕشتووە پشت بە دیالۆگ ببەستێت و تێبینییەکانی هەدەپە لەبەرچاو بگیرێت.

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای هەموو پشتگوێخستنەکان، هەدەپە بە کاندیدی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەکات و ئاشکراشیکرد، "دەرگاکان بە تەواوی دانەخراون".

دەمیرتاش راشیگەیاند، "بە دڵنیاییەوە بەر لە هەڵبژاردن بێت یاخود دوای هەڵبژاردن، چارەسەرکردنی پرسی کێشەی کورد لە زەمینەیەکی سیاسی و رێگەی ئاشتییانە دەبێتەوە رۆژەڤ.

ناکرێت لەمە زیاتر چارەسەرکردنی ئەم پرسە دوابخرێت".

لەلایەکی دیکەوە هاوسەرۆکی پێشووی بەندکراوی هەدەپە تیشکی خستە سەر هاوپەیمانیی نێوان پارتە کوردییەکان و رایگەیاند، "ئومێدەوارم کورد لەم هەڵبژاردنە مێژووییەدا بە یەکگرتوویی بچنە بەردەم دەنگدەران. لێرەوە داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەم، لەپێناو هاوپەیمانی و هاوبەشی نیشتمانییدا خۆنەویستانە هەڵسوکەوت بکەن".

لەبارەی بلۆککردنی هەژماری بانکی هاوکارییەکانی هەدەپە لە گەنجینەی تورکیا بە شێوەیەکی کاتی، دەمیرتاش رایگەیاند، "هەنگاوێکی پێشوەختەیە لەپێناو داخستنی هەدەپە، بەپێی کاردانەوەکان و پێشهاتەکان ئەگەری داخستن هەیە. ئاکەپە و مەهەپە لەپێناو لەچالاکی خستنی هەدەپە، هەموو یاساکانیان هەڵپەساردووە".

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەڕێگەی پارێزەرانییەوە وەڵامی پرسیارەکانی کوردستان24ـی دایەوە.

کوردستان24 دوای لێدوانەکەی پەروین بوڵدان کە گوتبووی، "هەدەپە کاندیدی خۆی دەبێت  و بە کاندیدی خۆی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات"، هەدەپە و کورد بە گشتی بوو بە رۆژەڤی سەرەکی سیاسەت لە تورکیا. ئێوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بێدەنگیی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان راتانگەیاند، "هەڵوێستێکی ئاسایی و شەرعییە". کاریگەریی هەنگاوەکەی هەدەپە بەسەر هاوسەنگی سیاسی تورکیا چی دەبێت؟ بە بۆچوونی ئێوە هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی شەش لایەنەکە دەبێت؟

دەمیرتاش: سەرەتا لەرێگەی ئێوەوە گەرمترین سڵاو بۆ گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی فیدراڵ دەنێرم و بیریان دەکەم.

وەک دەزانین دوای چەند مانگێک، هەڵبژاردنێکی گرنگ بەڕێوەدەچێت کە دەتوانم بڵێم گرنگترین هەڵبژاردنی مێژووی کۆماری تورکیایە. لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنە یان کێشەکان زیاتر گەورە دەبن، یانیش دەرگای چارەسەرییان بۆ دەکرێتەوە، دەسەڵاتی هاوپەیمانی کۆمار کە لە ئاکەپە و مەهەپە پێکهاتووە، لەسەرەتادا بۆ کورد و دواتر بۆ هەموو کۆمەڵگا بوونەتە دەسەڵاتی ستەمکاری. بە پیادەکردنی سیاسەتی رەگەزپەرستیی تورک، وڵاتیان بەرەو داڕمان ئاراستەکردووە. ئێستا کەسانێک هەن هەوڵی ئەوە دەدەن تورکیا لەو داڕمانە دەربێنن و خەبات بکەن لەپێناو هێنانەوەی دیموکراسیەت، بێگومان هەدەپە و کوردیش هەمان هەوڵیان هەیە و سوورن لەسەری، بەڵام شەش لایەنەکە کە بەشێکی گرنگی باڵی ئۆپۆزیسیۆنە لە تورکیا، تائێستا سیاسەتێکی پەیڕەو نەکردووە کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی دانوستان و لەبەرچاوگرتنی هەدەپە. سەرەڕای ئەوەی کە هەدەپە بە بەردەوامی دەرگای دانوستانی کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەم بژاردەیەیان بەکارنەهێناوە، دەرئەنجام هەدەپە بەهۆی ئەو هەموو پشتگوێخستنە بڕیاریدا بە کاندیدی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بکات لەهەمان کاتیشدا دەرگاکانی بە تەواوی دانەخستووە. لەمە بەدواوە پێویستە ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ هەدەپە کۆببێتەوە و لەپێناو رێککەوتن هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر.

کوردستان24 وادیارە ئەندامانی شەش لایەنەکە دڵنیان لەوەی کە دەنگدەرانی هەدەپە وەک هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی 2019 دەنگیان پێدەدەن، ئایا دەتوانین ئەوە بڵێین کە بڕیارەکەی هەدەپە پەیامێکە بۆ ئەوەی بزانن کە دەنگی کورد بۆیان مسۆگەر نییە؟ 

دەمیرتاش: بەڵێ بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەمە بڵێین. دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی 2019 ئێستا هیچ کەسێک ناچار نییە دەنگ بە ئۆپۆزیسیۆن بدات، چونکە هەر لایەنێک کورد بە یەک ئیرادە نەبینێت پشتگیری ناکرێت و ئەمەش چەندین جار لەلایەن گوتەبێژەکانمانەوە ئاماژەی پێکراوە.

کوردستان24 پرۆژەی هەموارکردنەوەی دەستوور کە لەلایەن شەش لایەنەکەوە ئامادەکراوە، لە 84 ماددە و 9 تەوەر پێکهاتووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە خوێندن بە زمانی دایک و کێشەی کورد نەدراوە. هەڵسەنگاندنی ئێوە لەبارەی هەڵوێستی شەش لایەنەکە و سووربوونیان لە نزیک نەبوونەوە لە هەدەپە چییە؟ 

دەمیرتاش: بەداخەوە تائێستا کاریگەرییەکانی سیاسەتی رەتکردنەوە و هەندێک شتی لەبەرکراو لە تورکیا بەسەر زۆربەی کەرتەکان بەردەوامە. لەکاتێکدا لە سەدەی بیست و یەکەمین داین و تەنانەت گفتوگۆکردنیش لەبارەی مافەکانی گەلی کورد گفتوگۆیەکی زۆر کۆنەپەرستانەیە. پێویستە مافەکانی تایبەت بە ناسنامەی نەتەوەیی گەلێک کە وەکو شیری دایکی حەڵاڵە، بەبێ کەموکورتی دانی پێبنرێت. لەڕاستیدا کاردانەوەیەکی نەرێنی لەبارەی مافەکانی کورد لە کۆی کۆمەڵگادا نییە، بەڵام بەرپرسانی دەوڵەت و پارتە سیاسییەکان کە راستترە بڵێین پارتەکانی دەوڵەت، لە دواوەی کۆمەڵگەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەر لە هەڵبژاردن بێت یاخود دوای هەڵبژاردن، چارەسەرکردنی پرسی کێشەی کورد لە زەمینەیەکی سیاسی و رێگەی ئاشتییانە دەبێتەوە رۆژەڤ، ناکرێت لەمە زیاتر چارەسەرکردنی ئەم پرسە دوابخرێت.

کوردستان24 لە چاوپێکەوتنەکەی بەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018ـدا راتانگەیاندبوو "بەداخەوە هاوپەیمانییەکی ئارەزووکراو لە نێوان  هەدەپە و پارتە سیاسییەکان پێکنەهێنرا، خۆزگە ئەم هاوپەیمانێتییە دروستکرابا. چونکە کورد پێویستی بە هاریکاری و هاوپەیمانێتییەکی نیشتمانی مێژوویی هەیە". ئێستاش ئارەزووی ئەم هاوپەمانێتییەن؟ پەیامەکانتان بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییەکانی نێوان پارتە کوردییەکان چییە؟  

دەمیرتاش: ئاگاداری ئەوەم کە پەیوەندیی و دیدارەکانی هەدەپە لەگەڵ پارتە کوردییەکان بەردەوامە، هاوکات لەبارەی هەڵبژاردنەکانیشەوە هەنگاوێکی باش نراوە لەپێناو هاوپەیمانێتی و سیاسەتی هاوبەشی نیشتمانی، هیوادارم بتوانرێت یەکگرتوویی کورد بەدیبێت و بەو شێوەیە بەشداری لەم هەڵبژاردنە مێژووییە بکات. لێرەوە پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەکەم و داوایان لێدەکەم لەپێناو بەدیهێنانی هاوپەیمانێتیی و یەکێتیی نەتەوەیی خۆنەویست بن. بە دڵگرانییەوە رەخنەیەکم هەیە، مەبەستم سەرجەم پارتە سیاسییە کوردییەکان نییە بەڵام هەندێکیان تەنها لە پێناو بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان یاخود سەرۆکایەتی شارەوانی لە هەدەپە نزیک دەبنەوە کە ئەمە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە، ئەم هەڵوێستە راست نییە، بێگومان لەبارەی نوێنەرایەتیکردنەوە پێویستە گفتوگۆ هەبێت و نوێنەرایەتییەکی دیاریکراویش هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کە ئەمە پێویستییەکی دیموکراسییە، بەڵام دەکرێت ئەم پرسە دوای دانوستان و رێککەوتن لەسەر بنەما و خەباتی هاوبەش بە شێوەیەکی سروشتی باس بکرێت نەوەک هەر لە سەرەتاوە بخرێتە باس و وەکو فشارێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، لەکاتێکدا هەندێک کورسی کە بۆ پارتە سیاسییە کوردییەکان تەرخانکرابوون بەداخەوە ئیرادەی دەنگدەریان بەلاوەنا و دەستیان لەکار کێشایەوە و دواتریش چوونە نێو ئاکەپەوە. بۆیە پێویستە لە سەر ئاستی بەرژەوەندییەکانی گەلەوە سەیری هاوپەیمانێتییەکان بکرێت نەوەک لە خاڵی بەرژەوەندیی کەسەکان و پارتە سیاسییەکان.

کوردستان24 تا ئێستا پرسی سزادانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ شوێنی خۆی لە رۆژەڤ پاراستووە. هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم پرسە چییە؟ لەهەمان کاتدا ئەگەر رای گشتی گرنگیی پێویستی بە دامەزراندنی قەیوم لە شارەوانییەکانی سەر بە هەدەپە و دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان بدابایە، رووبەڕووی ئەم تابلۆیەی ئێستا دەبووینەوە؟

دەمیرتاش: ئێمە دژی هەموو جۆر نادادپەروەریی و نایاساییین، بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا لەبارەی فشارە سیاسییەکانی دژی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە بە بەرگێکی یاساییەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاراستەی دەکرێت، وەستاوین و لەم هەڵوێستەشمان بەردەوام دەبین، بەڵام بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن کاردانەوەی پێویستی نەبوو بەرامبەر بە دەستگیرکرانی سەرۆک شارەوانییەکانمان و دامەزراندنی قەیومەکان. ئەگەر ئەوکات پێکەوە کاردانەوەیەکی گەورە هەبووایە دۆخەکە لەرووی ئەوانیشەوە نەدەگەیشتە ئەم دۆخەی ئێستا. هیوادارم هەموو لایەک پەندی لەمە وەرگرتبێت.

کوردستان24 پەیامی بلۆککردنی هەژمارەکانی بانکی هاوکارییەکانی گەنجینەی تورکیا بۆ هەدەپە بە شێوەیەکی کاتی چییە؟

 دەمیرتاش: هەنگاوێکی پێشوەختەیە لەپێناو داخستنی هەدەپە، بەپێی کاردانەوەکان و پێشهاتەکان ئەگەری داخستنیان هەیە، ئاکەپە و مەهەپە لەپێناو لەچالاکی خستنی هەدەپە، هەموو یاساکانیان هەڵپەساردووە. هەوڵی ئەوە دەدەن پارتەکەمان لە هەڵبژاردنەکاندا تووشی دۆخێکی خراپ بێت، بەڵام بڕوام وایە بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی ملیۆنیی گەلەکەمانەوە بە پشتگیرییەکی زیاتر لە پشتگیرییەکانی گەنجینە، کارەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەین، گەلەکەمان لەوبارەیەوە هەستیارە و ئێمەش باوەڕمان بە گەلەکەمان هەیە.

کوردستان24 لە کۆتاییدا لە چوارچێوەی ئەوپەیامانەی کە لە بەندیخانەوە ئاراستەی دەکەن، راتانگەیاند کە کەمپینی هەڵبژاردنتان دەستپێکردووە. ئامانجی ئەم کەمپینەتان چییە؟

دەمیرتاش: لە بەندیخانە دەرفەتی سنووردارم هەیە، بەڵام بۆ من ناشێت لەم هەڵبژاردنە مێژووییەدا کە چارەنووسی گەلەکەمان دیاری دەکرێت، لە شوێنی خۆم دابنیشم و تەنها سەیری پێشهاتەکان بکەم، بەرپرسیارییەتیمان بەرامبەر بە گەلەکەمان هەیە و قەرزاری ئەوانین. لەو ماوەیەدا تا هەدەپە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەواو دەکات و دەچێتە گۆڕەپانەکان، هەوڵدەدەم ورەی دەنگدەرانمان بەرز بکەمەوە  و هانیان بدەم بۆ هەڵبژاردنەکان کار بکەن و هەوڵ دەدەم کەشەکە گەرم بکەمەوە، خۆزگە توانای ئەنجامدانی شتی زیاترم هەبوایە، ئەوەی لەدەستم دێت بە دڵخۆشییەوە دەیکەم و بەردەوامیش دەبم، لەو رێگەیەشەوە داوا دەکەم گەلەکەمان و بە تایبەتیش لاوانمان بەشێوەیەکی چالاک بەشداری لە خەبات و کارەکانی هەڵبژاردن بکەن و لەریزەکانی هەدەپە خۆیان رێکبخەن.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) له‌ 4/11/2016، لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە و پەرلەمانتارانی پارتەکەی به‌ تۆمه‌تی ھاوكاریكردن و بانگەشەكردن بۆ پەكەكە، لەلایەن حكومەتی توركیا ده‌ستگیركرا.

Fly Erbil Advertisment