فراکسیۆنی پارتی: تەواوی هەوڵەکانمان خستەگەڕ لە پێناو زامنکردنی مافی دەنگدەرانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق
"هیواخوازین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی هەر لایەنێک قەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت"
-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered.gif)
K24 - هەولێر:
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا، تەواوی هەوڵەکانیان خستەگەڕ لە پێناو زامنکردنی مافی دەنگدەرانیان لە هەرێمی کوردستان.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوای چەندین رۆژ لەدانیشتن و گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هێزە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق، دواجار یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران و قەزاکانی عێراق دەنگی لەسەر دراو پەسەند کرا.
لە راگەیەندرداوەکەدا هاتووە: "وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تەواوی هەوڵەکانمان خستە گەڕ لەپێناو زامنکردنی مافی دەنگدەرانمان لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک و تەواوی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و تەواوی ناوچەکانی عێراق".
سەبارەت بە رێگرییەکانی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەیان بەوەدا، هەموو ئەو رێگرییانەی هەبوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵگیران و بۆ یەکەم جار سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەمەش زامنی مافی دەنگدەرانی ئەو ناوچانەی بەهۆی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە کەرکووک دابڕابوون، وەکو: (چەمچەماڵ و کفری و کەلار و دووزخورماتوو) ناوچەکانی دیکە بکەن، هەروەها بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک لەسەر بنەمای یەکسانی %32 هەڵبگرن.
راشیانگەیاند، زامنی دەنگی دەنگدەرانمان لە سنووری شارۆچکەی (سەرگەڕان) کرد، لە رێگای (بەدەرکردن / استثنا) کردنی ئەو شاروچکەیە لە سەرژمێری ساڵی 1957.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، تەواوی ئەو خێزانانەی بەهۆی سیاسەتی تەعریب لە کەرکووک راگوازرابوون، بەپێی ماددەی 140 دیسان مافی دەنگانیان دەبێت، هەروەها ماددەی 35 لە یاسای ژمارە 12 ی ساڵی 2018 و ماددەی 12 لە یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2019 هەڵگیران، کە هەموویان رێگر بوون لەبەردەم هەڵبژاردنی کەرکووک، بەوەش دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم هاوڵاتیانی کوردی شارەکە هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پارێزگارێکی شەرعی بۆ ئەو شارە هەڵبژێرن.
سەبارەت بە ئاوارەکانی کەرکووک و سنجار، فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: زامنی دەنگەکانیان کرا بەوەی لەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن دەنگی خۆیان بۆ شارەکەیان بدەن.
لەبارەی کۆتایی مەسیحیەکان، فراکسینی پارتی ئەوەی خستووەتەڕوو، کە دوای هەوڵدانێکی زۆر سەرکەوتووبوون لەوەی مەسیحیەکانی کوردستان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت و خەڵکی دیکە لەجیاتی ئەوان نەچێتە پەرلەمانی عیراق.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی جێگەی داخە، لایەنێکی سیاسی کە خۆی بەشێک بووە لە دانووستانەکان و دەنگی لەسەر یاساکە داوە و هیچ هەڵوێستێکی فەرمیان لەسەر هیچ بڕگە و مادەیەکی تایبەت بە کەرکووک نەبووە، بەڵام کاتێک گەیشتە ئەوەی لە دوواساتەکاندا لە چەند بڕگەیەکی یاساکە کە پەیوەندی نەبوو بە کەرکووکەوە لە بەرژەوەندی گرووپێک درا کە هاوپەیمان و دۆستی ئەوانن و دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، هەروەها لەپێناو هەندێک بەرژەوەندی و پەیوەندی ژێر بەژێری حزبی، ئەو لایەنە سیاسیەی هەرێم دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی چەواشەکارانە و بێ بنەما.
هەر لەبارەی ئەو بابەتەوە، فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: ئەو لایەنە دەیانەوێت بەو شێوەیە خەڵک نائومێد بکەن لە هەڵبژاردن بۆ ئەوەی دۆخی شاری کەرکووک چاک نەبێت و لەژێر دەستەیی بمێنن و هەوڵەکانی پارتی بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە بشێوینن، کە ناتوانن ئەوە بکەن و سەرکەوتوونابن.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کورستان لە پەرلەمانی عێراق لەکۆتایی راگەیەندراوەکەیاندا پیرۆزبایی لەتەواوی خەڵکی کوردستان و کەرکووک و عێراق دەکەن و هیواخوازن هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی هەر لایەنێک قەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت.