سوپای ئەمەریکا و ئیسرائیل سەرنج دەخەنە سەر توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران

ئاڵای ئێران | وێنە: VOX
ئاڵای ئێران | وێنە: VOX

K24- هەولێر:

ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی ئیسرائیل باسی دۆخی ناوچەکەیان کرد و ترسیان لە توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانی تاران هەیە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەردانەکەی ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، درێژەپێدەری راستەوخۆی چالاکی مەیدانی و مانۆڕەکانی ئەم دواییەی نێوان سوپای هەردوو وڵات بووە.

سەرچاوە ئەمنییەکان لە تەلئەبیب باسیان لەوە کرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی کۆماندۆی دەریایی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە مانگی رابردوو لە گەرووی "باب ئەلمەندەب"، کە دەکەوێتە ناوچەی نێوان زەریای هیندی و دەریای سوور ئەنجام دراون.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، ئێریک کۆرێلا، لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، جەنەڕاڵ هێرتسی هالیڤی، دەڵێن: ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجام دەدران سروشتێکی ستراتیژی گرنگیان هەبوو و کە کۆماندۆکانی هەردوو وڵات پلانێکیان دارشت بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ئەنجامدانی مەشقی وەرزی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان.

هالێڤی گوتیشی: ئێمە بە جەختکردنەوە لەسەر پەرەسەندنی دەستدرێژییەکانی ئێران، لەم قۆناغە هەستیارەدا بەتایبەتی، بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکەین، هەروەها باسی لە سەردانەکەی کۆرێلا کرد و ئاشکرای کرد، " پەیوەندی نزیکی نێوان هەردوو سوپا، لەم قۆناغە هەستیارەدا، گرنگییەکی زۆری هەیە".

جەنەڕاڵ کۆرێلا رایگەیاند، ئەو تەحەدایەی رووبەڕووی دەبنەوە، رەتکردنەوەی ئەو باوەڕەیە کە ئەمەریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا ئارام بکاتەوە سەبارەت بە پابەندبوونی ئیدارەی جۆ بایدن بە ئاسایشی هاوپەیمانەکانی.

 جەختیشی لەوە کردەوە، هەوڵدەدات هاوکارییەکانی نێوان ئەم هاوپەیمانانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ولاتە بەکاربهینێت، کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی.

یواڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە تەلئەبیب میوانداری جەنەڕاڵ کورێلای کرد و تیایدا هەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی ئاستەنگەکانی ناوچەکەیان کرد، بە گرنگیدان بە چالاکییە خراپەکانی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە راگەیەندەراوێکی فەرمیدا هاتووە، "دەستدرێژیەکانی ئێران لە گۆڕەپانی دەریایی و گەیاندنی چەک بە گرووپەکانی لایەنگری خۆی و بریکارەکانی لە سووریا، لوبنان، عێراق، یەمەن و ناوچەکە دەگرێتەوە".

ئەوەش هاتووە، ئەمەریکا و ئیسرائیل بە پێشکەوتنی ئێران لە بەرنامەی ئەتۆمییدا و ئامانجی گەیشتن بە توانا سەربازییە ئەتۆمییەکانی نیگەرانن، هەروەها  ئیسرائیل بە جددی سەیری پێشکەوتنەکانی ئێران دەکات.

بەگوێرەی رۆژنامەی "ئیسرائیل هایۆم" کە نزیکە لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەرپرسانی ئەو وڵاتە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی لەو فرۆشگا فریاگوزاریانەی کە ئەمەریکا لە ئیسرائیل دادەمەزرێنێت لەئەنجامی ناردنی بڕێکی زۆر لەوان بۆ ئۆکرانیا دەربڕیوە و نازانرێت کەی ئەو پشکە دەست پێدەکاتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە فەرمی باس لە کۆگاکانی چەک بۆ سوپای ئەمەریکا دەکرێت کە بۆ بەکارهێنان دیاریکراون، بەڵکو وەک ناوچەی پارێزبەندی دیپلۆماسی ئەمەریکا ناسراون."

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد، پێنتاگۆن بۆ یەکەمجار مووشەکی تانکبڕی گواستووەتەوە کە هەریەکەیان کێشی 113 کیلۆگرام دەبێت، بۆ ئەوەی بخرێنە سەر فڕۆکە هێرشبەرە تازە رەوانەکراوەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە نوێیەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە تاران هێشتا پشت بە تەکنۆلۆژیای رۆژئاوا دەبەستێت بۆ دروستکردنی چەکی بەهێز، وەک ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی رووسیا لە دژی ئۆکرانیا بەکاری دەهێنن.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی واشنتنەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمەریکا لەم دواییانەدا چەند فرۆکەیەکی جۆری A-10 Warthogs ی ناردووە کە دەتوانن بۆمبی ئارستەکراوی ورد هەڵبگرن، ئەم فڕۆکانە تازە نۆژەنکراونەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن تا 16 موشەکی تانکبڕ هەڵبگرن کە بە فەرمی بە فڕۆکەی GBU-39B ناسراوە.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، بڕیاری دانانی چەکی بەهێزتر لەسەر فڕۆکەی جۆری A10 Warthogs بۆ ئەوە دراوە کە فرۆکەوانەکان چانسی سەرکەوتنی زیاتریان هەبێت لە لەناوبردنی کۆگاکانی تەقەمەنی و ئامانجە جێگیرەکانی دیکە لە عێراق و سووریا، کە هێزەکانی ئەمەریکا چەندین جار لەلایەن چەکدارانی سەر بە ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.

ئەلێکسس گرینکێڤیچ، فەرماندەی هێزی ئاسمانی لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ئاسمانیەکان دەکات لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، دەڵێت: فڕۆکەی A10 زۆر کاریگەرن لە هەندێک لەو کارانەی کە پێویستە بیکەین.

مانگی رابردوو پێنتاگۆن، 12 فڕۆکەی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە ئێران زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە سووریا.

Fly Erbil Advertisment