ئەمڕۆ 36 ملیار دیناری پێشمەرگە یەكلای دەكرێتەوە

K24 - ھەولێر
لیژنەی رووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت لە كۆبوونەوەدان، بۆ ئەوەی تاوتوێی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و بڕی ئەو پارەیە بكەن كە لە لایەن ئەمریكاوە بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین دەكرێت.
پەیامنێری كوردستان24 لە شوێنی كۆبوونەوەكە رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا لیژنەی رووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی، تاوتوێی ئەو بڕە پارەیە دەكەن لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین دەكرێت".
گوتیشی: "بە گوێرەی زانیارییەكان بە دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ھێزی پێشمەرگە 36 ملیار دینار لە خەزێنەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زیاد دەبێت، ئەمڕۆ بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت كە ئەم بڕە پارەیە بەسەر وەزارەتەكانی دیكە دابەش بكرێت یان بگەڕێندرێتەوە ناو خەزێنەی حكوومەت".
ئەمە لە كاتێكدایە 12ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، پرۆتۆكۆڵی سەربازی لە نێوان ھەولێر و واشنتن واژووكرا، لە پرۆتۆكۆڵەكەدا ھاتووە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە ھاوكاریكردنی پێشمەرگە، ھەروەھا مووچەی مانگانەی زۆربەی ھێزی پێشمەرگە دابین دەكات.