ئێران چوار زیندانی رادەستی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

K24 – هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە 27/6/2023، لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران، ئێران چوار زیندانی سیاسی رادەستی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو چوار هاووڵاتییەی هەرێمی کوردستان ساڵێک و دوو مانگە لە ئێران زیندانی کرابوون، بڕیارە ئەمڕۆ لە حاجی ئۆمەران رادەستی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە.
روونیکردەوە، کەسوکاری ئەو هاووڵاتیانەی لە ئێران گیراون، چەند جارێک داوایان لە بەرپرس و دامەزراوە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کردووە، لە رێگەی پەیوەندییەکانەوە داوا لە وڵاتی ئێران بکەن ئازادیان بکەن، لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوا لە بەرپرسانی ئێران کرا و رەزامەندیان دەربڕی بۆ ئازادکردنیان، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکی تەنکیکی ناوخۆی ئێران ئازادکردنەکەیان دواخرا.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، راشیگەیاند، ئەو چوار هاووڵاتییەی هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی سیاسی گیراون و بە بڕیارێکی سیاسیش ئازد کراون.
جەختیکردەوە، کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو رووێکەوە زۆر باشە.