بارزان قەساب: بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی گوێڕ و مەخموور رزگارکرا

K24 – هەولێر:
بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی، ھێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش لە (10ـی ئابی 2014) بە یارمەتی ھێزەكانی ھاوپەیمانان توانیان پێشرەوییەکانی داعش بووەستێنن و سەرەتا چەند گوندێک رزگاركرا، دواتر مەخمور و گوێڕ رزگاركران.
تاکە هێز لەسەر زەوی و لەبەرەکانی جەنگ ھێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگەبوون، كە توانیان ئەفسانەی داعش تێكبشكێنن. لە مانگی ئابی ساڵی 2014 ئەوكاتەی چەكدارانی داعش نزیکببوونەوە لە سنووری هەرێمی کوردستان، تەنانەت 25 کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دووربوون، لەوبارەیەوە بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر باسی ئامادەكارییەكانی ئەو رۆژەی بۆ کوردستان24 کرد كە چۆن پێشڕەوییەكانی چەكدارانی داعشیان تێكشكاندووە و گوێڕ و مەخمووریان ئازادکردووە.
بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، بەرنامەکە وابوو کە سەرەتا هێرش بکرێتە سەر گوێڕ دواتر هێرش بۆ مەخموور بکرێت و ئەو بەرنامەیەش کە لە ژووری ئۆپراسیۆنەکان دانرا، وەک خۆی جێبەجێ کرا.
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر گوتیشی، هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەبوو، ئەوان بۆ بۆردمانکردنی پێگەکانی داعش، زانیارییان لە ئێمە وەردەگرت و ئەو رۆژە دوو پێگەی چەکدارانی داعشیان بۆردومانکرد، دوای ئەوەی لەبارەی پێگەی چەکە قورسەکانی چەکدارانی داعش زانیارییان پێدان.
هەروەها بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر روونیکردەوە، دوای ئەوەی بۆ کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ گوێڕ کۆنترۆڵکرا، چەکدارانی داعش لە مەخمووریش دەستیان بە کشانەوە کرد.
هاوکات لەبارەی چوونی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ ناو مەخموور، بارزان قەساب روونیکردەوە، سەرجەم هێزەکانی میحوەری گوێڕ مەخموور لە چیای قەرەچووغەوە دەستیان بە پێشڕەوی کرد بۆ ناو مەخموور و چەکدارانی داعشیش لەکاتی پاشەکشەیاندا تەقەیان بە رووی ئەو هێزەدا کرد.
بارزان قەساب جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە بە پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە میحوەری گوێڕ – مەخموور، بۆ کاتژمێر 4:00ـی دوای نیوەڕۆ هاووڵاتییان گەشیتنەوە ناو مەخموور و خەڵکێکی زۆریش بۆ پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەش لە هەولێرەوە لەوێبوون و چوونە ناو مەخموور.
لەگەڵ ئەوەشدا، بارزان قەساب ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی ناوچەکەش شایەتی ئەوە دەدەن کە لە دەستپێکردنی هێرش بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی گوێڕ و مەخموور، هیچ هێزێکی مەدەنی و سەربازی هیچ لایەنێکی دیکە لەگەڵیاندا نەبووە و ئەوەی شەڕی کرد هێزەکانی میحوەری گوێڕ – مەخموور بوون.
لەبارەی کاریگەری رۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی لەسەر هێزەکانی میحوەری گوێڕ – مەخموور لەو رۆژەدا، بارزان قەساب باسی لەوەکرد، کە ئەو شەڕە شەڕی ئیرادە و متمانە و بڕوابەخۆبوون بوو کە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە ئەو هێزەی بە هەمووان بەخشی کە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی دەکرد کە هێزی هاوپەیمانان و بەرپرسانی حکومی تایبەت بە پرسی پێشمەرگەش تێیدا بەشداربوون.
لەبارەی ناوەڕۆکی بەرنامەی هێرشەکە بۆ ئازادکردنەوەی گوێڕ و مەخموور، یەکەم هێرش لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە لە کاتژمێر پێنجی بەیانی دەستیپێکرد بە بەشداری زیاتر لە 200 ئەفسەر و کارمەندی ئاسایش کە هەماهەنگییان لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی دیکەی میحوەرەکە هەبوو.
پەلاماری چەكدارانی داعش بۆ سەر ھەرێمی كوردستان لە كاتێكدا بوو كە داعش لە لوتكەی ھێزی خۆیدابوو بە تایبەتی بەھۆی ئەو چەكە پێشكەوتووەی لە ھەردوو سوپای سووریا و عێراقی دەستكەوتبوو، جیھانیش لە بەردەم مەترسییەكی گەورەی تیرۆردابوو، بەڵام ھێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش توانیان داعش تێكبشكێنن و داستانێكی دیكە تۆمار بكەن.
ھێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە توانیان بە خوێنی خۆیان خاكی ھەرێمی كوردستان بپارێزن و لەپێناو ئەم ئامانجەشدا زیاتر لە هەزار و 700 شەھیدیاندا و دەیان کەسی دیکەشیان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە.