هیوا ئەحمەد: پارتی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە جێگەی متمانەیە

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، پارتی سوورە لەسەر دەستەبەرکردنی ئەو مافانەی لەدەستووردا بۆ هەرێم جێگیرکراون، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی ئەرکە سەختەکانە، لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، هیوا ئەحمەد دەڵێت: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامن.
هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی حزبی رۆژە سەختەکان و هیوای گەلی کوردستانە، پارتی بە گەیشتن بەو قۆناغەی ئێستای قۆناغی زۆر سەختی بڕیوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، پارتی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە جێگەی متمانەیە.
دووپاتیشیکردەوە، پارتی بەهێز بێت تاکی کوردیش هەست بە ئیرادەیەکی بەهێز دەکات، بۆیە ئەم حزبە رەگ و ریشەی چووەتە ناو قوڵایی خەڵکی کوردستان.
هیوا ئەحمەد، دەڵێت: پارتی سوورە لەسەر دەستەبەرکردنی ئەو مافانەی لەدەستووردا بۆ هەرێمی کوردستان جێگیرکراون، هەروەها پارتی خۆی بە خاوەنی دۆزی کورد دەزانێت.
لەبارەی سەرۆک بارزانی، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرۆک بارزانی بووەتە رەمزێک بۆ چوار پارچەی کوردستان و مەرجەعی باڵای کوردە.
سەبارەت بە پەیوەدنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی، هیوا ئەحمەد رایگەیاند، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوامن، بەڵام وەک جاران گەرموگوڕنین و ساردییەک بە پەیوەندییەکانەوە دیارە.
ئەمڕۆ 77 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت، پارتی دموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 بە رابەرایەتی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و بە هەوڵ و کۆششی چەند کەسایەتییەکی دیکەی دیاری باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێندرا.
لە 16ی ئابی ھەمان ساڵیش پارتی یەکەمین کۆنگرەی گرێدا و مەلا مستەفا بارزانی وەکو سەرۆک و رێبەری ئەو حزبە هەڵبژێردرا.