گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر ژمارەیەک گرووپی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سووریا سەپاند

K24 – هەولێر:
بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دەربەدەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە عەفرین، ئەمەریکا سزای بەسەر دوو گرووپی چەکدار لە سووریا سەپاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (17ـی ئابی 2023) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، بەهۆی چەوساندنەوە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دەربەدەرکردنی هاووڵاتییانی کوردی عەفەرین لە رۆژئاوا، هەریەکە لە گروپە چەکدارەکانی لیوای سولەیمان شاهـ، یەکەی هەمزە و سێ لە سەرکردەکانی ئەو گروپانە و کۆمپانیایەکی یەکێک لە سەرکردەکانیان خستووەتە لیستی سزاکانیانەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، لیوای سولەیمان شاهـ دانیشتوانی کوردی عەفرینی کردووەتە ئامانج و چەندین پێشێلکاری دژی مافەکانی مرۆڤی ئەنجامداوە، لەوانەش هەراسانکرد و رفاندن.
ئاماژەی بەوەشدراوە، گروپە چەکدارەکان خەڵکی کوردی لە عەفرین ناچار کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، یاخود پارەیەکی زۆر لە بەرانبەر ئازادکردنی ماڵ، موڵک و ئەندامانی خێزانەکانیان بدەن.
باس لەوەشکراوە، ناوچەی عەفرینی سووریا تاڕادەیەکی زۆر لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، کە زۆربەیان توندوتیژی بەکاردەهێنن بەرامبەر بە خەڵک. ئەم گروپە چەکدارانە ئازارەکانی خەڵکیان زیاتر کردووە کە بەهۆی چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆ لە باکووری سوریا دروست بووە و رێگرییان لە بوژانەوەی ناوچەکە کردووە بە بەشداریکردن لە پێشێلکاری جددی مافەکانی مرۆڤ دژی دانیشتوان.
لەم بارەیەوە، ماتیو میللەر، گوتهبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا، رایگەیاند، سوورییەکان بەردەوام رووبەڕووی پێشێلکاریی دەبنەوە لەسەر دەستی زۆرێک لە لایەنەکانی ململانێ، کردەوەکانی ئەمڕۆ پابەندبوونی ئەمەریکا نیشان دەدەن بۆ پێشخستنی لێپرسینەوە لە تاوانبارانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا،
هاوکات، ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێزگرتن لە کەرامەت و مافی هەموو سوورییەکان.
باسی لەوەشکرد، سزاکانی ئەمەریکا بە تایبەتی بە شێوەیەک داڕێژراون کە رێگری لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان نەکەن .وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئەم کارەی بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی ژمارە 13894 ئەنجام دەدات، کە رێگە بە سزادان بەسەر هەندێک لایەن و کەسدا دەدات بەهۆی ئەوەی بەشدارییان لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی جددی مافەکانی مرۆڤ لە سوریادا کردووە.
لیوا سولەیمان شاهـ، توخمێکی دیاری ئۆپۆزسیۆنی چەکداری حکومەتی سووریایە و پێکهاتەیەکی سوپای نیشتمانی سوریایە کە هاوپەیمانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە. لیوای سولەیمان شاهـ لە ناوچەی عەفرین لە باکوری سوریا کاردەکات و لەوێ کۆنترۆڵی بەرچاوی بەسەر دانیشتواندا هەیە. لیواکە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە دەخاتە ژێر رفاندن و زەوتکردنی ماڵ و موڵکیان.
یەکەی هەمزە، کە گرووپێکی دیکەی چەکداری ئۆپۆزسیۆنە و لە باکووری سووریا کاردەکەن، دەستیان لە رفاندن و دزینی موڵک و ئەشکەنجەدانی خەڵک هەبووە. هەروەها بەشی دەستبەسەرکردن بەڕێوەدەبەن کە ئەو کەسانەی کە رفاندوویانە بۆ ماوەیەکی درێژ تێیدا نیشتەجێ دەکەن. لە ماوەی زیندانیکردنیاندا، زۆرجار تووشی دەستدرێژی سێکسی دەبن لەسەر دەستی چەکدارانی یەکەی حەمزە.