لاهور شێخ جەنگی: پێویستە بەزووترین کات ئەو دەستە رەشە ئاشکرا بکرێت

K24 – هەولێر
لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی لەبارەی کوژرانی بەرپرسەکەی یەکێتی لە رانیە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: پێویستە بەزووترین کات ئەو دەستە رەشە ئاشکرا بکرێت.
لە پەیامێکدا کە بۆ کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی پێشووی یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی، نووسیویەتی: "کاکە نیاز کەسایەتیەکی دیاری دەڤەری باڵەکایەتی و فەرماندەیەکی ئازا و بە ئەمەک و تێکۆشەرێکی دیاری نێو شۆڕش و نیشتیمانپەروەرێکی دڵسۆزبوو، لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و تێکۆشاندا خۆی و بنەماڵە خەباتگێڕەکەی خزمەتێکی زۆریان بە گەل و نیشتیمانەکەیان کردووە. هەربۆیە شەهیدکردنی هەڤاڵ نیاز خەسارەتێکی گەورەیە و پێویستە بەزووترین کات ئەو دەستە رەشە ئاشکرا بکرێت و ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی بگەیەندرێن".
ئێوارەی دوێنێ هەینی 18/8/2023، نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی یەکێتی، لەناو باخەکەی خۆی لە رانیە کوژرا، ئەمڕۆ لە گۆڕستانی سەرکەپکان بەخاکسپێردرا.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، باڵا هاوار برازای نیاز دەرگەڵەیی بەناوی بنەماڵەکەیان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان گومانیان لە هیچ کەس و لایەنێک نییە کە مامی ئەویان کوشتبێت، چونکە کێشەی کۆمەڵایەتی و شەخسیان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە، گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەن، بۆ ئەوەی بکەرانی کردەوەکە ئاشکرا بکەن".