رێکخراوی پەیامنێران: رێگریکردنی نووسینگەی شاسوار عەبدولواحید لە تیمی کوردستان24 پێشێلکردنی کاری رۆژنامەوانییە

کوردستان24
کوردستان24

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە رێگری لە تیمی کوردستان24 کرا رووماڵی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی بکات، رێکخراوی پەیامنێران ئیدانەی ئەو کارە دەکات و رایگدەگەیەنێت، ئەو رێگریکردنە پێشێلکردنی کاری رۆژنامەوانییە.

رۆژی شەممە (26ـی ئابی 2023)، رێکخراوی پەیامنێران لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمرۆ لەکاتی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ، رێگری لە تیمی کوردستان24 و ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی دیکە کرا، ئەمەش دوای ئاگادارکردنەوەی دەزگاکانی راگەیاندن هاتووە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ بۆ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی شاسوار عەبدولواحید.

لەبارەی پێشێلکارییەکە، رێکخراوەکە بەمشێوەیە تۆماری کردووە، تیمی ئەو دەزگایانە پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە گەیشتونەتە ئۆفیسی سەرەکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی، بەڵام بەداخەوە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی جووڵانەوەی نوی رێگریان لێدەکرێت و ناهێڵدرێت رووماڵی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە بکەن".

رێکخراوی پەیامنێران ئەو رێگریکردنە بە پێشێلکردنی کاری رۆژنامەوانیی دادەنێت و داواش لە سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ بەدواداچوون لەسەر ئەو پێشێلکاریە بکات، چونکە خۆی هەمیشە بانگەشەی ئازادی رادەربڕین و میدیای ئازاد دەکات.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 26ـی ئابی 2023، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، داوای لە کەناڵەکانی راگەیاندن و لەنێویاندا کوردستان24 کرد، کاتژمێر 03:00ـی ئێوارە، لە ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەکە ئامادەبن بۆ گواستنەوەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی شاسوار عەبدولواحید.

ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، لە کاتی خۆیدا لە ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەی نەوەی ئامادەبوو، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ بیانوویەک هەبێت، رێگرییان لێ کرد بچێتە نێو ئەو هۆڵەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی تێدا دەبەسترا.

ئەمە لە کاتێکدایە شاسوار عەبدولواحید بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات، کە دەبێت ئازادی رادەربڕین هەبێت، بەڵام لای ئەو پێچەوانەکەی بینرا.

کوردستان24 بەردەوام هەوڵی داوە دەنگ و رەنگی لایەنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە، بەڵام ئەمە چەندین جارە رێگری لێ دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment