عەبدوڵڵا وەیسی: دەبێت مینبەرەکان لە خزمەت پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییدا بن

K24 – هەولێر:
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان، رایدەگەیەنێت، پێویستە مامۆستایانی ئایینی کوردستان هەمیشە لە خزمەت پرسە نەتەوییەکاندا بن، هەروەها داوامان لەلایەنەکان کردووە بە یەکدەنگی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵک بدرێت.
عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکیتی زانایانی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوەی وەرزی خۆی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی سەرجەم بەرپرسی لقەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ تاووتوێکردنی بارودۆخی ئایینی و رەوشی ئایینی هەرێمی کوردستان و بابەتە نەتەوەییەکان.
راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا "تیشکمان خستەسەر کۆمەڵێک بابەت، بە تایبەتی لە بواری ئایینی بنەمای سەرەکیمان لە بڵاوکردنەوەی وشیاری ئایینی و دژیاتیکردنی بیری توندەڕەوی پشتیوانیکردنی ئەو پێکەوە ژیانەیە کە بە درێژایی مێژوو مەلای کورد رۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە بایەخدان بە پێکەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەی هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشدا، "ماوە ماوە هەستدەکەین بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک جار بیری نامۆ کاریگەری و رەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵێک لە گەنجەکانی کوردستان دەبێت، ئەمەش دەبێتە هکارێک بۆ ئەوەی بیری توندڕەویی لە هەرێمی کوردستان بڵاوبێتەوە، بۆیە جەختمان لەوە کردەوە کە مامۆستایانی ئایینی بەبەردەوامی لەسەر رێڕەوی مەلای کورد لە پێشتر چۆن بوونە ئێستاش ئەوها بن".
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان، جەختیشی لەوەکردەوە، پێویستە لە هەرێمی کوردستان وەک وڵاتانی دەوروبەر مەزهەبی فەرمی فیقهی و فکری هەبێت کە مەلای کورد بە درێژایی مێژوو پەیڕەوی ئیمامی شافعی کردووە، "داکۆکی لەوەش دەکەین کە لەو بوارانەدا مەزهەبی ئیمامی شافعی پەیڕەو بکەین".
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە مامۆستایانی ئایینی کوردستان هەمیشە لە خزمەت پرسە نەتەوییەکاندا بن، هەروەها "داوامان لەلایەنەکان کردووە بە یەکدەنگی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵک بدرێت".
عەبدوڵا وەیسی، دەڵێت:دەبێت مینبەرەکان لە خزمەت پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییدا بن.