یەکێتی ئەفریقا بە فەرمی پەیوەندی بە گروپی G20 ەوە دەکات

K24 - هەولیر

یەکێتی ئەفریقا ئەمڕۆ شەممە، بە فەرمی پەیوەندی بە گروپی G20 ەوە کرد، کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی لە نیودەلهی دەبێت، هەروەها ئامادەیی خۆیان نیشان بدەن بۆ ئەوەی بەڵێنی کۆنکرێتی بە قازانجی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان بدەن.

نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان کە وڵاتەکەی میوانداری لوتکەکەی ئەمساڵ دەکات لە نیودەلهی، لە وتاری سەرەتایی خۆیدا رایگەیاند، بە رەزامەندی هەمووان داوا لە سەرۆکی یەکێتی ئەفریقا دەکەم وەک ئەندامێکی هەمیشەیی گروپی G20 بێتە ناو گرووپەکەوە.

دواتر غەزالی عوسمانی، سەرۆکی دوورگەی قەمەر، کە سەرۆکایەتی یەکێتی ئەفریقا دەکات، دوای ئەو قسەیە، لە تەنیشت سەرکردەکانی وڵاتانی گروپی 20 دانیشت.

لای خۆیەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەفریقا، موسا فەکی محەممەد، پێشوازی لە پەیوەستبوونی یەکێتی ئەفریقا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "ئەفریقا بەشدارییەکی کاریگەر دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان".

یەکێتی ئەفریقا کە لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوپیا دامەزراوە، 55 وڵاتی ئەندام لەخۆدەگرێت، کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆییان دەگاتە سێ ترلیۆن دۆلار، تا ئێستاش کیشوەرەکە بەیەک وڵات بەشداری لوتکەی G20 دەکات ئەویش ئەفریقای باشوورە.

پەیوەستبوونی یەکێتی ئەفریقا بۆ ئەو گرووپە، سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی گەورەیە بۆ مودی، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا بۆ خولی نوێ لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان خۆی کاندید بکات.

هیندستان کە ئەمساڵ سەرۆکایەتی ئەم گرووپە دەکات کە گەورەترین وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئابوورییە تازەپێگەیشتوەکان لەخۆدەگرێت، خواستی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی ببێتە دەنگێک کە داوای پێداویستییەکانی وڵاتانی باشوور دەکات.

 

Fly Erbil Advertisment