ناتانیاهۆ: ئێمە لە جەنگداین

K24 - هەولێر:
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دوای هێرشی ئاسمانی و زەمینی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، رایگەیاند، "ئێمە لە جەنگداین".
ناتانیاهۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "هاووڵاتییانی ئیسرائیل، ئێمە لە جەنگداین و جەنگەکەش دەبەینەوە".
راشیگەیاند، حەماس ئەم بەیانیە هێرشێكی تاوانکاری کردووەتە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و خەڵکەکەی.
ناتانیاهۆ باسی لەوەشکرد، لەگەڵ سەرکردەی دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەتەوە و داوای لێکردوون، پێش هەموو شتێک شوێنەکانی نیشتەجێبوون پاک بکەنەوە کە "تیرۆریستان دزەیان کردووەتە نێوی".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم پەیامیدا دوای هێرشەکانی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر وڵاتەکەی، گوتی: دوژمن بەجۆرێک باجی کردەوەکانی دەدات کە پێشتر نەیبینیوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر ئیسرائیل، نزیکەی 22 کەس کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون.
אנחנו במלחמה. pic.twitter.com/XNM3l7fEQH
— Benjamin Netanyahu - בנימין נתניהו (@netanyahu) October 7, 2023
کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بە هاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (زریانی ئەقسا)یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکیان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە.
کەتیبەکانی قەسام لە راگەیەندراوەکەیاندا باسیان لەوەشکردووە، ئامانج لە هەڵمەتەکەیان "بەرگریکردنە لە قودس و ئازادکردنی خاکەکەیانە و، تا رۆژی سەرکەوتن بەردەوام دەبن لە خەبات".
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن.
ئاماژە بەوەشدرا، لەگەڵ دەستپێکی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، لە باشوور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و سوپای ئیسرائیل دۆخی جەنگی راگەیاند و داوای لە یەکە سەربازییە یەدەگەکان کرد بچنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هەڕەشەی ئەوەشی کرد، لەمەودوا پێگەی گرووپە فەڵەستینییەکان بەچڕی بەئامانج دەگرن.
ژمارەیەک چەکداری حەماس چوونەتە نێو شارەکانی ئسیرائیلەوە و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن. pic.twitter.com/OwM1bfqrOv
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) October 7, 2023